بە بڕیارێکی تاکڕەوانە مامەڵە بە چارەنووس و قووتی فەرمانبەرانی سلێمانییەوە دەکرێت

“هەژماری من” وەک لە ئامانج و پێناسەکەیدا ڕوونکراوەتەوە، وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ زامنکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ کوردستانیان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی هەژماری من ـەوە دەستیکردووە بە پرۆسەی بە بانکیکردن بۆ بەدیهێنانی گشتگیری دارایی بۆ هاوڵاتییان. ئەم پڕۆژەیە دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەردەمییەکانی بانک دەگات و دەبنە خاوەن ئازادی زیاتری تاکەکەسی.

ئەم پرۆژەیە ئەگەرچی بۆ هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی نوێیە، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا سەرکەوتنەکانی دەرکەوت و پرۆژەکەش بە هەماهەنگی و لەژێر چاودێری بانکی ناوەندی عێراق جێبەجێ دەکرێت. وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زامکۆی کوردستان- هەولێر، باسی لێوە کرد، لە پرۆژەی “هەژماری من” تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار كەس لە فەرمانبەرانی كەرتی گشتی تۆمار کراون و پرۆژەکەش بەردەوام دەبێت.
ئەوەی بووەتە جێگای نیگەرانی بەشێک لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەستتێوەردانی حزبییە لە کاروبار و بڕیارەکانی حکووەتی هەرێمی کوردستان، کە بێ هیچ هۆکارێک بە بڕیارێکی سەپێنراو و کەسی پرۆسەی هەژماری من لە سلێمانی ڕووبەڕووی گرفت دەکرێتەوە. لە کاتێکدابەشیکی زۆر لە فەرمنابەران و مووچەخۆرانی سلێمانی سەرکەوتووانە لە پرۆژەکەدا هاوبەشن و مووچەکانیان لەو ڕێگەیەوە وەردەگرن.
بە بڕوای چاودێران، ئەوانەی لە هەوڵی دژایەتیکردنی ئەم پرۆژەیەن، جارێک بە ناوی دادگەی فیدراڵی و جارێک بە ناوی حکوومەتی عێراق هەوڵی لێدان لە پرۆژەکە دەدەن، لە کاتێکدا هەردوو لایەن دانیان بە یاسایی بوونی پرۆژەکەدا ناوە.
بەم دواییە هەڵمەتێکی دیکە لە دژی پرۆژەکە دەستی پێ کردووەتەوە، بەڵام دوای ئەو هەموو هەوڵەی تیمی هەژماریی من پێ دەچێت ئەم جارە مەرامەکان زیاتر ڕوویان لە بەرژەوەندیی حزبی و شەخسی بێت نەوەک نەبوونی شارەزای.
ئەم هەوڵانەش لە کاتێکدایە دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نووسراوێکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕەزامەندیی لەسەر پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بانکەکانی (هەژماری من) دا. جاسم محەممەد عەببوود، سەرۆکی دادگای فیدراڵی لە نووسراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە بە پێی بڕیاری دادگای فیدرالی، پرۆسەی بە بانکیکردن هەموو بانکە حکوومییەکان و هەموو ئەو بانکانە دەگرێتەوە کە لە لایەن بانکیی ناوەندیی عێراقەوە ڕەزامەندییان لەسەر دراوە.
بانکی ناوەندیی عێراقیش کە دەسەڵاتی یەکەمی جووڵەی دراو و بانکەکانە، بە شێوازی خۆی جەختی لەهەمان خاڵی دادگەی فیدراڵییەوە کردووەتەوە، پێشتر بەرپرسی ڕاگەیاندی ئەو بانکە لە هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە بانکی ناوەندی چ پرۆژەی “تەوتین” بێت یان “هەژماری من” هەردووکیان یەک پرۆژەن و ئامانج لە هەژماری من و تەوتین، بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەیە.
فەرمانبەرێکی سلێمانی کە یەکێکە لە بەشداربووانی پرۆژەی هەژماری من، بۆ هەولێر باس لە نیگەرانییەکانی فەرمانبەرانی سنووری سلێانی دەکات و دەڵێت؛ ئەوەی لەم سنوورە ڕوودەدات وەک هەموو کەموکورتییەکانی دیکەمان پەیوەندی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە و بڕیاری حزبی و بەرژەوەندی کەسی لە سنووری سلێمانی جێگای خزمەتگوزاری و یاسا و بەرژەوەندی گشتی گرتووەتەوە.
ئەو فەرمانبەرە باس لەوەش دەکات، ئەوان دڵنیانین لەوەی بڕیاری سەپێنراوی حزبی لە سلێانی چ مەبەستێکی هەیە و دەیەوێت چ مامەڵەیەک بە فەرمانبەران و مووچەکانیان بکات و لە کاتێکدا مامەڵەی هەژماری من سەپێنراو نییە و ئازادانەیە بەڵام بە بڕیارێکی حزبی ئێستا کێشەی بۆ دروستکراوە و دەیانەوێت فەرمانبەران ناچار بە پڕ کردنەوەی فۆڕمێک بکەن کە دڵنیا نین ئەو فۆڕمە پەیوەندی بە مووچە و تەنانەت تەوتینیش هەیە یان نا، ئەو فەرمانبەرە باس لەوە دەکات، بە ناچاری فۆرمێکی نافەرمییان بە مووچەخۆران پڕ کردووەتەوە کە پڕییەتی لە کەموکوڕی و زانیاری کەسی بێ ئەوەی دیاربێت ئاراستەی کوێ و کام حکوومەت دەکرێت. ئەو دەڵێت؛ فەرمانبەرانیان وا تێگەیاندووە کە بەو فۆرمە مووچەکانیان تەوتین دەکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا هەنگاوەکانی تەوتین کردنی مووچە بەو شێوەیە نییە و پێویست دەکات لە ڕێگای وەزارەتی دارایی و ئابووری حکووەتی هەرێمی کوردستانەوە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بکرێت بۆ ئەو مەبەستە.
پرۆژەی هەژماری من کەسی بەشداربوو دەکاتە خاوەنی چەندین ئیمتیاز و ئەوەش ڕاگەیاندراوە لە ساڵانی داهاتوودا خاوەنی هەر هەکمارێک لە پرۆسەی هەژماری من دەتوانێت قەرزی بانکی ڕابکێشێت و سوودمەند بێت لە هەموو تایبەتمەندییە بانکییەکان. جگە لەوەی هەژاری ن خاوەنی ماڵپەڕێکە کە بە شیوەی ئۆنلاین هەموو بەکاربەرێک دەتوانێت زانیارییەکان بە تەواوی لەو پێگەیەوە بە دەستبێنێت و پێگەکە وەڵامی هەموو پرسیارەکانی سەبارەت بە پرۆژەکە ڕوونکردووەتەوە.