حه‌وت ساڵ به‌سه‌ر داستانی سحێلا تێپه‌ڕ ده‌بێت

ئه‌مڕۆ  شه‌ممه‌ 26ی10ی2024، 7  ساڵ به‌سه‌ر داستانی سحێلا تێده‌په‌ڕێت، سه‌ركه‌وتنی ئه‌و رۆژه‌ بوو به‌ سیمبوڵی خه‌بات، به‌رخودانی پێشمه‌رگه‌ و مانه‌وه‌ی گه‌لی كوردستان و، هیوایه‌كی نوێی به‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌خشی و تا ئێستاش به‌رده‌وام ناوی ئه‌و داستانه‌ له‌سه‌ر زاری تاكه‌كانی كورد ده‌گوترێته‌وه‌.
فه‌رمانده‌ به‌شداربووه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌و داستانه‌دا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، شه‌ڕی عه‌ین عوزێر یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین ئه‌و شه‌ڕانه‌ بوو، ئه‌گه‌ر به‌رگرییه‌كی چاونه‌ترسانه‌ نه‌كرابا، شتێك به‌ ناوی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌ده‌ما، چونكه‌ نه‌یاران ده‌یانویست قه‌واری هه‌رێمی كوردستان له‌ناوببه‌ن.
ناوچه‌ی سحێلا وه‌ك مه‌یدانێكی شه‌ڕ بوو به‌ شوێنی سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی پیشمه‌رگه‌ و له‌ناوبردنی خه‌ونی نه‌یارانی كورد، دوایین هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ش، له‌ 26ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 پووچه‌ڵ كرایه‌وه‌، كاتێك حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق به‌ پشتیوانی چه‌ند وڵاتێك گه‌وره‌ترین هێرشیان كرده‌ سه‌ر ناوچه‌كه‌، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ رووبه‌ڕوویان بوونه‌وه‌ و گه‌وره‌ترین داستانی سه‌ركه‌وتنیان تۆماركرد.