سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هێرشە تیرۆرستییەکەی ئەنقەرە سەرکۆنە دەکەم و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان دەکەم.
چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ( توویتەری پێشوو) نووسیویەتی: “هێرشە تیرۆرستییەکەی ئەنقەرە سەرکۆنە دەکەم و پرسە و سەرەخۆشی خۆمم گەیاندە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا.”
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم.”
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024 هێرشێکی چەکداری کرایە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان (TUSAŞ) لە ناوچەی پیشەسازی قەهرەمان کازان لە ئەنقەرە.
مێدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند “لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشکەران و هێزە ئەمنییەکان، یەکێک لە چەکدارەکان خۆی تەقاندەوە.” باسیان لەوەش کرد “دوو چەکدار هێرشەکەیان بۆ سەر کۆمپانیاکە کردووە و کوژراون. بەهۆی هێرشەکەوە 5 کەس کوژران و 22کەسی دیکە بریندار بوون.”