ڕێکارە یاسایییەکانی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست دەستی پێکرد

ئەنجوومەنی وەزیران لە نووسراوێکدا داوا لە وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی ڕاژە دەکات بە زووترین کات گشتاندن بۆ مەرج و پێدوایستی و پێوەر و ڕێکارە یاسایییەکانی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکان بکەن.

دوێنێ، ئامانج ڕەحیم، سکرتێریی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نووسراوی فەرمیی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی و ئەنجوومەنی گشتی ڕاژە کرد.
لە نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە؛ پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە (246)ـی ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕێکەوتی 25-09-2024 دەرکراوە، داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی و ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژە کراوە “کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ هەرچی زوو گشتاندنی مەرج و پێدوایستی و پێوەر و ڕێکارە یاسایییەکانی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر سەرجەم وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت بە گوێرەی ڕێکارەکانی هاتوو لە بڕگەکانی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران”.
هەر لە نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ئەوەش هاتووە؛ لە دوای ساخبوونەوەی شایستەبوونی فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ بە هەمیشەییبوون بە پێی مەرجەکان ئەو کات وەزارەتی دارایی و ئابووریی لیستی مووچەیان وەکوو فەرمانبەری هەمیشەیی لە چوارچێوەی لیستی مووچەی وەزارەت و لایەنی تایبەتمەند ئامادە بکات و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکرێت بۆ خەرجکردنی مووچەکانیان وەک فەرمانبەری هەمیشەیی بەپێی بڕیاری هاوپێچی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ جێبەجێکردنی کاری پێویست”.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە هەمیشەییکردنی نزیکەی 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەستی دەرکرد. بەپێی بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت، فەرمانبەرانی گرێبەست بەپێی ئەو مەرج و پێداویستی و پێوەر و ڕێکارە یاساییانەی کە لە حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئەم بابەتە جێبەجێ دەکرێت، دەبنە هەمیشەیی”.