هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

بەرپرس و لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنن

 

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەرچەندە هێشتا تەنیا دەرەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ڕاگەیەنراوە و هەمووان چاوەڕێن کە دەرەنجامی فەرمیی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕابگەیەنرێت بەڵام نوێنەر و کەسایەتی و هێز و لایەنە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەستیان بە ناردنی پەیامی پیرۆزبایی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و شەشەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان بە هەڵبژاردنێکی زۆر سەرکەوتوو هەژمار دەکەن و هیوا دەخوازن هەرێمی کوردستان لە سایەی دیموکراسی پێشکەوتنی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت.

فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەبۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە هەرێمی کوردستان و گەلەکەی کرد و ئاماژەی بەوە دا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی ئارام و هێمنانە بەڕێوەچوو.
ئەو ڕوونی کردەوە، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان هانی هەموو سەرکردە سیاسییەکان و چین وتوێژەکانی کۆمەڵگە دەدات بۆ بەردەوامبوون لە پاراستنی کەشێکی ئارام، هاوکات داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات هەر ناکۆکییەکی هەڵبژاردن لە ڕێگەی دامەزراوە یاساییەکانەوە چارە بکەن و پرۆسەی هەڵبژاردن تەواو بکەن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر بە زووترین کات.
لە لایەکی ترەوە كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر لە نزیکەوە پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەسەرکەوتوویی و بە هەنگاوێكی گرنگی هەرێمی كوردستان بۆ قۆناغێكی تازەی سیاسی وەسف كرد.
هەر لە دوای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لە پەیامێکدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد.
لەلایەکی ترەوە لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، دواتریش سەرۆک کۆمار بڵاوی کردەوە کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، توانیویەتی بە دەستپاکی و پیشەییانە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببات و بۆیەش داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن و ئیرادەی ئازادیی گەل، بگرن.
پێشتریش عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی حیکمە لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆکی حکوومەت کردبوو. هەروەها موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکاکەت، لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزباییی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن گوتی، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەم کەشە ئارام و سەقامگیرەدا گوزارشت لە ئیرادەی دەنگدەران و خواستەکانیان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و گەیشتن بە گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی دەکات.
موسەننا سامەرائی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی عه‌زمی عەرەبی سوننە لە عێراق، ستایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژارندنەکانی عێراقی کرد و گوتی، هەردوولا ڕۆڵی گەورەیان بۆ ڕێکخستنی ئەم پڕۆسەیە گێڕاوە و بەشداریی کارا و بەرچاوی لایەنە سیاسییەکانیش بە هۆکارێکی سەرکەوتنی ئه‌م پرۆسە دیموکراسییه بوو.
ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنی و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراقیش لە پەیامێكدا سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بە ڕەنگدانەوەی پابەندبوون بە دیموکراسی و سەقامگیری زانی.
دوێنێ چوارشەم ناوەندی بەرێوەبەریی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە و ئاماژەی دا شەشەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە کەشێکی ئازاد و دیموکراتیکدا بەڕێوە چوو وبەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنە بە بەشداریی چەندان حزب، قەوارەی سیاسی، کاندیدی سەربەخۆ و بە چاودێریی دەیان دامەزراوەی مێدیایی و ڕێکخراوی کوردستانی، عێراقی و نێودەوڵەتی، ئەویش لەم ناوچە پڕکێشەیەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا خاڵێکی گرینگ و جێگەی خۆشحاڵییە.
حزبەکە وێڕای پیرۆزبایی هیواخوازە بە هەوڵی هەمەلایەنە و بە پێکهێنانی حکوومەتێکی وڵامدەر لە ئاست چاوەڕوانییەکان‌، دۆخی ژیان و مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ باشتر بێت و هەرێمی کوردستان ببێتە نموونەیەکی سەرکەوتوو لە حوکمڕانی.
جێی باسە شەشەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ی ئەم مانگەدا لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو و حەفتا و دوو لەسەدای ی خەڵک کە مافی دەنگدانیان هەبوو بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کرد.
بەپێی دەرەنجامە بەراییەکان پارتی دیموکراتی کوردستان سی و نۆ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بیست و سێ کورسی، نەوەی نوێ پازدە کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان حەوت کورسی، ڕەوتی هەڵوێست چوار کورسی، کۆمەڵی دادگەری سێ کورسی، بەرەی گەل دوو کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان یەک کورسی و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان یەک کورسی دەستەبەر کردووە و کۆتاکانی کریستیان و تورکمانیش پێنج کورسییان بردووەتەوه‌.