به‌ گوژمه‌ی ٦٦٠ ملیۆن دینار شه‌قامه‌كانی گه‌ڕه‌كی ئازادی له‌ هه‌ولێر قیر ده‌كرێن

چواس خالید – هەولێر

 

به‌ گوژمه‌ی شه‌ش سه‌د و شه‌شت ملیۆن دیناری عێراقی، به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری قیرتاوكردنی شه‌قامه‌كانی گه‌ڕه‌كی ئازادی شاری هه‌ولێر داندرا، له‌ بنه‌سڵاوه‌ی هه‌ولێریش پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری ڕۆنانی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی جێبه‌جێ ده‌كرێت، هاوكات له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر چه‌ند شه‌قامێك قیرتاو ده‌كرێت.

بۆ خزمه‌تكردنی زیادتری هاووڵاتیانی شاری هه‌ولێر، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزتگوزارییەکان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، له‌ ٢٣ی تشرینی یه‌كه‌م و له‌ ڕێوه‌ڕه‌سمێكدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری قیرتاوكردنی شه‌قامه‌كانی گه‌ڕه‌كی ئازادی هه‌ولێر دانا.
ئه‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ كه‌ به‌شێوه‌ی به‌ڵێنده‌رایه‌تی بنیات ده‌نرێت، له‌ گه‌ڕێكی ئازادی ناحیه‌ی شه‌مامك جێبه‌جێ ده‌كرێت، پێكهاتووه‌ له‌ بڕین و پڕكردنه‌وه‌ و تێكه‌ڵه‌ڕێژكردن و ڕاخستنی به‌ردی شكاو و قیرتاوكردنی شه‌قام به‌ مه‌ودای جل و یه‌ك هه‌زار مه‌تر دووجا، له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێر و به‌ گوژمه‌ی شه‌ش سه‌د و شه‌ست ملیۆن دیناری عێراقی، به‌ مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی زیادتری هاووڵاتیان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاری هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر ڕایگه‌یاند، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ و فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رجه‌م پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌بێ جیاوازی و به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان له‌نێوان شار و ده‌وروبه‌ری شار جێبه‌جێ ده‌كرێت.
پارێزگاری هه‌ولێر هێمای بۆ ئه‌وه‌كرد، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ ڕابردوودا توانیومانه‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆر پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شبكه‌ین، له‌ به‌رنامه‌دایه‌ زۆرترین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری بگه‌یه‌نینه‌ هه‌موو گوند و قه‌زا و ناحیه‌كان و ئه‌و شوێن و جێگا و گه‌ڕه‌كانه‌ی پێویستیان به‌ ئاوڕلێدانه‌وه‌ هه‌یه‌.
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان، له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێر، له‌ سه‌رنته‌ری قه‌زای بنه‌سڵاوه‌ ده‌ستكرا به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری دانانی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی له‌ نێوان هه‌ردوو گه‌ڕێكی گوڵان و قه‌ندیل.
هاوكات له‌ به‌رده‌وامی هه‌وڵه‌كانی باشتركردنی ڕێگاوبانه‌كان و خزمه‌تكردنی زیادتری هاووڵاتیان و هاتوچۆی شۆفێران، ده‌ستكرا به‌ چاككردنه‌وه‌ و قیرتاوكردنی چه‌ند شه‌قامێك له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر.
له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ری لافاو، له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌به‌رهێنانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاودێری پارێزگای هه‌ولێر، له‌ ناحیه‌ی شه‌ممكیش پڕۆژه‌ی دروستكردنی پردی هه‌شتچاوه‌ی گوندی ته‌ندوره‌ به‌ گوژمه‌ی دوو سه‌د و سی و پێنج ملیۆن دیناری عێراقی جێبه‌جێكرا.
له‌گه‌ڵ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پێشكه‌ه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ ناوشار و ده‌وره‌وه‌ی شاری هه‌ولێر، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرینگی تایبه‌ت به‌ سه‌وزكردنی شاری هه‌ولێر ده‌دات، كه‌ له‌ درێژه‌ی كاره‌كانی چاندنی دار و زیادكردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی، له‌لایه‌ن تیمه‌كانی ئه‌ندازه‌ی پارك و باخچه‌كانی هه‌ولێر، ده‌ستكرا به‌ چاندنی چوار سه‌د و په‌نجا داری جۆراوجۆر له‌ شه‌قامی خه‌ده‌می ١٢٠ مه‌تری هه‌ولێر.
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی گرینگیدان به‌ زیادكردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی و پاككردنه‌وه‌ی هه‌وایی شاری هه‌ولێر، به‌ گوژمه‌ی نه‌وه‌ت و چوار ملیۆن و حه‌وت سه‌د و چل و پێنج هه‌زار دیناری عێراقی، له‌سه‌ر داهاتی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر و له‌لایه‌ن تیمه‌كانی ئه‌ندازه‌ی پارك و باخچه‌كانی هه‌ولێر، ده‌ستكر به‌ چاندنی سه‌د داری گه‌وره‌ له‌ شه‌قامی هه‌ولێر- پیرمام.
ڕۆنان و بنیاتنانی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی له‌كاتێكدایه‌، له‌ ساڵی ٢٠١٤ه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، به‌ بیانووی جۆراوجۆر، واتا ماوه‌ی ١٠ ساڵه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردووه‌.