وەزارەتی دارایی هەرێم وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی ڕاگەیاند

چوارشەممە 2ـی تشرینی یەکەمی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ماوەی سێ ڕۆژە شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی، بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول و چارەکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شووبات تا مانگی ئاب ڕاگیرابوون، لەشاری بەغدان، لەو ماوەیەدا چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کردووە و لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن.

لە خاڵی یەکەمی ڕاگەیندراوەکەدا هاتووە، دوای تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول، ئێوارەی ڕۆژی چوار شەممە بڕی (598،000،000) ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمەنبەران و خانەنشینانی شارستانی و فەرمانبەرانی گرێبەست خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.

لە خاڵی دووەمدا، وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوە “کە ڕۆژی هەینی 4ـی تشرینی یەکەم دەست دەکرێت بە دابەشکردنی، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا سەرجەم مووچەخۆران مووچەکانیان وەردەگرن”.

وەزارەتی دارایی دەڵێت: ڕوونکردنەوە و زانیاری پێویست لەسەر ئەو لێبڕینانەی لەمانگی شووبات تا مانگی ئاب لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبیانوی جیاواز ڕاگیرابوون، بەداتاو زانیاری دروست و نوسراوی فەرمی پێشکەش بەفەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کراو بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج بکرێت.  

وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، دوای خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنیەکان و سەرجەم ئەو لێبڕینانەی لە مووچەی مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ تا مانگی ئاب ڕاگیرابوون لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق، لە هەفتەی داهاتوودا ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولیش دەکرێت.