له‌ هه‌ولێر پازده‌ پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری جێبه‌جێ ده‌كرێن

چواس خالید – هەولێر

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکانی به‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی و به‌پێی بڕیاری وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شت و گوزار، گوژمه‌ی پێویست بۆ جێببه‌جێكردنی پازده‌ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری خه‌رج ده‌كرێت و ده‌چنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و ده‌ستی ئاوه‌دانی به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كسان له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، له‌ چه‌ند فه‌رمانێكی وه‌زاریدا، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شت و گوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ر داهاتی فه‌رمانگه‌كانی شاره‌وانی و ئاو له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر و به‌ڕه‌وه‌به‌رایه‌تی ئاوی هه‌ولێر، ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی گوژمه‌ی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی پازده‌ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری.
پڕۆژه‌كان پێكهاتوون له‌ چاككردنه‌وه‌ و قیرتاوكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌ تێكچووه‌كانی گه‌ڕه‌كی عه‌نكاوه‌، دروستكردن و قیرتاوكردنی شه‌قامێكی بیست مه‌تری له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كاوه‌ له‌ قوشته‌په‌، هاوكات دروستكردنی ژماره‌یه‌ك دیواری پاڵپشت له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر، جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌یه‌كی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ له‌ پیرزین، له‌گه‌ڵ دروستكردنی چه‌ندین مه‌نهۆڵ و وه‌رگری ئاو له‌ سنووری شاره‌وانیی شه‌قڵاوه‌.
هه‌ر له‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ی بودجه‌ی پێویستیان بۆ ته‌رخانكراوه‌ و ده‌چنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، كۆنكرێت كردنی چه‌ند شه‌قامێك له‌ شه‌قڵاوه‌ و كۆنكرێتكردنی چه‌ند شه‌قامێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی پیرزین و چاككردنه‌وه‌ و قیرتاوكردنی شه‌قام له‌ هه‌ولێر و دروستكردن و قیرتاوكردنی شه‌قام له‌ نزیك هۆڵی میدیا، له‌گه‌ڵ كڕینی كێبڵ و پێداویستی بۆ ژماره‌یه‌ك بیری ئاو له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی هه‌ولێر هەن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش بودجه‌ی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌خزمه‌تگوزارییەکان، پڕۆژه‌ی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری بۆ گه‌ره‌كی هه‌شتی حه‌سارۆك، درێژكردنه‌وه‌ی تۆڕی ئاوی خواردنه‌وه‌ له‌ پیرزین، كڕین و دابینكردنی بۆڕی بۆ هۆبه‌ی چاككردنه‌وه‌ی بیره‌كانی سنووری به‌ڕه‌وه‌به‌رایه‌تیی ئاوی هه‌ولێر، جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی ئاوی گوندی چیمه‌ن له‌ شه‌مامك، دروستكردنی چه‌ند شه‌قامێك له‌ گه‌ره‌كی سه‌ربه‌خۆیی له‌ هه‌ولێر ته‌رخانكراوه‌ و ده‌چنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و له‌مایه‌كی كه‌مدا ته‌واو ده‌كرێن و ده‌خرێنه‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه‌.
جیا له‌وانه‌ و هه‌ر له‌ چوارچه‌وه‌ی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و گه‌یاندنی ده‌ستی ئاوه‌دانی له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، یه‌كی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢٤، ده‌ستكرا به‌ تێكه‌ڵه‌ڕێژكردن و قیرتاوكردنی شه‌قامێك له‌ گه‌ڕه‌كی خه‌باتی سه‌نته‌ری ناحیه‌ی باسرمه‌.
جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ كه‌ مه‌وداكه‌ی دوو هه‌زار و دوو سه‌د مه‌تره‌، له‌لایه‌ن تیمه‌كانی شاره‌وانی ناحیه‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌كانی هاتوچۆ و كارئاسانی ڕێگه‌ و خزمه‌تكردنی زیادتری دانیشتوانی ناوچه‌كه‌، له‌لایه‌ن تیمه‌كانی چاككردنه‌وه‌ و پاراستنی ڕێگه‌وبانی هه‌ولێر، ده‌ستكرا به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پردی مورتكه‌ی گچكه‌، له‌سه‌ر ڕێگای سه‌ره‌كی دووسایدی هه‌ولێر – پردێ.
له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پردی مورتكه‌ی گچكه‌، كار له‌ چاككردنه‌وه‌ی بناغه‌ی پاراستنی شانه‌كان كراوه‌ و شوره‌ی ئاسنینی بۆ داندراوه‌ و جارێكی دی دینگه‌كانی كۆنكرێتكراوه‌ته‌وه‌ و دیواری پاڵپشتی بۆ دروستكراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش ڕێڕه‌وه‌كه‌ی پاككراوه‌ته‌وه‌.
له‌گه‌ڵ درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ڕۆنان و بنیاتنانی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌، كه‌ له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانی ده‌كات، به‌پێی ئاماری به‌رده‌ستی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، كاره‌كانی چوار ساڵی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٢ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سێ هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا و نۆ پڕۆژه‌ی جیا جیای، به‌ گوژمه‌ی دوازده‌ ترلیۆن و هه‌شت سه‌د و سی و هه‌شت ملیار و شه‌ش سه‌د و حه‌وت ملیۆن دینار جێبه‌جێ كردووه‌، ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ له‌ كوردستان له‌كاتێكدایه‌، له‌ ساڵی ٢٠١٤ه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، به‌ بیانووی جۆراوجۆر، ماوه‌ی ١٠ ساڵه‌ به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردووه‌.