له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵدا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ڕۆژێك زیادتر له‌ ٢.٨ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی پێشكه‌ش كردووه‌

چواس خالید – هه‌ولێر

له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵدا، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی شاره‌وانییه‌كانییه‌وه‌، به‌ گوژمه‌ی چوار ترلیۆن و شه‌ش سه‌د و شه‌ست و سێ ملیار دیناری عێراقی، پێنج هه‌زار و چل و چوار پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی جێبه‌جێ كردووه‌، واتا له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌موو ڕۆژێك به‌بێ پشوو، زیادتر له‌ دوو پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش كردووه‌.

به‌پێی داتاكانی بڵاوكراوه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كار بوونی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێی كوردستان، له‌ ١٠ ی ته‌مووزی ٢٠١٩، تا كۆتایی مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٤، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی شاره‌وانییه‌كانییه‌وه‌ پێنج هه‌زار و چل و چوار پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری، له‌ كه‌رته‌كانی ئاو، ئاوه‌ڕۆ، شوێنه‌وار و گه‌شتوگوزاری له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی پێشكه‌ش كردووه‌.
به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵدا به‌ گوژمه‌ی چوار ترلیۆن و شه‌ش سه‌د و شه‌ست و سێ ملیار و چوار سه‌د و حه‌فتا و پێنج ملیۆن و نۆسه‌د و دوو هه‌زار و هه‌شت سه‌د و هه‌شتا و هه‌شت دیناری عێراقی، پێنج هه‌زار و چل و چوار پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ ته‌واوی شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی، له‌ سێكته‌ره‌كانی ئاو و ئاوه‌ڕۆ و شوێنه‌وار و گه‌شتوگوزار جێبه‌جێكراوه‌، كه‌ زۆری هه‌ره‌ زۆری پڕۆژه‌كان ته‌واو بوونه‌ و به‌شێكیشیان ئێستا له‌ قۆناغی كاركردندان و له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌خرێنه‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.
ئه‌و پڕۆژانه‌ی پێشكه‌شی شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتیانی كراوه‌، له‌سه‌ر بودجه‌ی ئاسایی، بودجه‌ی تایبه‌ت، چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كیش له‌ ڕێگه‌ی ڕێكخراو و زانكۆ و ئاژانسه‌ بیانییه‌كان جێبه‌جێكراوه‌.
به‌پێی ئاماره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، دوو هه‌زار و چوار پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری به‌ گوژمه‌ی دوو ترلیۆن و حه‌وت سه‌د و نه‌وه‌ت و پێنج ملیار و سێ سه‌د و سی و حه‌وت ملیۆن و سێ سه‌د و بیست و سێ هه‌زار و سێ سه‌د و بیست و دوو دیناری عێراقی له‌ سێكته‌ری شاره‌وانیدا له‌ ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی جێبه‌جێكراوه‌.
دوو هه‌زار و حه‌وت سه‌د و په‌نجا و پێنج پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریش به‌ گوژمه‌ی ترلیۆنێك و حه‌وت سه‌د و هه‌شتا و پێنج ملیار و دوو سه‌د و چل و هه‌شت ملیۆن و سه‌د و حه‌فتاو شه‌ش هه‌زار و پێنج سود و په‌نجا و یه‌ك دیناری عێراقی، له‌ سێكته‌ری ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ هه‌موو شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌شكراوه‌.
هه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و پێنج ساڵه‌دا، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی وه‌زره‌تی شاره‌وانییه‌وه‌ و له‌ سێكته‌ری شوێنه‌واردا، سه‌د و شه‌ست و حه‌وت پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری به‌ گوژمه‌ی سی و چوار ملیار و سه‌د و چل و هه‌شت ملیۆن و حه‌فتا و پێنج هه‌زار و نۆسه‌د دیناری عێراقی جێبه‌جێ كردووه‌. له‌ کەرتی گه‌شت و گوزاریش، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی شاره‌وانییه‌كانییه‌وه‌، به‌ گوژمه‌ی چل و هه‌شت ملیار و حه‌وت سه‌د و چل و دوو ملیۆن و سێ سه‌د و بیست و حه‌وت هه‌زار و سه‌د و پازده‌ دیناری عێراقی، سه‌د و هه‌ژده‌ پڕۆژه‌ی گه‌شتوگوزاری له‌ ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێكردووه‌.
جیا له‌وانه‌ش پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکان له‌ ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانییه‌وه‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و به‌پێی پلان، ئێستا پرۆپۆزه‌ڵی ژماره‌یه‌كی زۆری پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری ئاماده‌یه‌ و له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌وانیش ده‌كه‌ونه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و ده‌چنه‌ سه‌ر خه‌رمانی پێشكه‌شكردنی كاره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.