بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی، چین و توێژە جیاوازەکان پشتگیری لیستی ١٩٠ ی پارتی دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، چین و توێژەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پشتگیری و پشتیوانی خۆیان بۆ سەرخستنی لیستی ١٩٠ی پارتی دووپات دەکەنەوە و دەڵێن، بۆ ئایندەیەکی گەش و خۆشگوزەرانیی و گرنگیدان بە تەواوی سێکتەرە جیاجیاکان ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە ھەموومان ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەین و دەنگی خۆمان بە پارتی و کاندیدەکانی دەدەین.

چین و توێژەکانی کوردستان، دەڵێن، بۆ ئەوەی پارتی سەرکەوتنێکی گەورە بە دەست بھێنێت ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر دەنگمان بۆ لیستی ١٩٠ی پارتییە، چونکە پارتی خاوەن مێژوویەکی پڕ لە دەستکەوت و ھەڵگری پەیامی نەتەوەیی و پێکەوەژیان و کاروانی ئارامی و ئاوەدانییە، بۆیە بە پێویستی دەزانین دەنگ بە لیستی ١٩٠ی پارتی بدەین، لە پێناو بنیاتنانی کوردستانێکی بەھێز و پارێزگاری کردن لە مافەکانمان. ئینزار وەسمان، کە فەرمانبەرە لە سنووری زاخۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەگەر پارتی و سەرۆک بارزانی نەبن، ئێمە و کوردستانیش نابین، جا بۆ ئەوەی ئێمە ھەبین و کوردستانێکی بەھێز بنیات بنرێت، ئارامی و ئاوەدانی زیاتر بێت ڕۆژی ٢٠/١٠ دەنگمان بۆ پارتییە، لەگەڵ ئەوەی پارتی خزمەتی ھەموو چین و توێژەکانی کردووە، جا بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان ئەوەیان لەبەرچاوبێت و ڕۆژی ھەڵبژاردن ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگی خۆیان بە پارتی و کاندیدەکانی بدەن.
شەیما ستار، کە ئافرەتێکی باتیفایە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پارتی بە درێژایی مێژوو خەبات دەکات، قوربانی دەدات، کوردستان دەپارێزێت، کوردستان ئاوەدان دەکاتەوە، پڕۆژە لە دوای پڕۆژە ئەنجام دەدات، خەڵکی کوردستانیش ھەر ئەوەی دەوێت، بۆ ئایندەیەکی گەش و خۆشگوزەرایی و گرنگیدان بە تەواوی سێکتەرە جیاجیاکان دەنگ بە لیستی ١٩٠ی پارتی دەدەین. سەروان وەحید، مامۆستایە ھەر لە سنوورەکە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پارتی حیزبێکی نەتەوەییە، ڕێگە نادات کەس غەدر لە گەلی کوردستان بکات، بەردەوام ھەوڵدەدات خوشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکات، لەگەڵ ئەوەی پاڵپشتی لە ھەموو چین و توێژەکان دەکات، ھەر لە لاوان بگرە تا قوتابییان و ئافرەتان و وەرزشوانان، ھەر بۆیە حیزبێک ئەوەندە خەبات بکات و پشتگیری لە ھەموو چین و توێژەکان بکات، دەبێت چین و توێژەکانی کوردستانیش وەفایان بۆ ئەو حیزبە ھەبێت و ڕۆژی ھەڵبژاردن دەنگ بە لیستی ١٩٠ بدەن.
ئەحمەد سەعید، پێشمەرگەی ھەر دوو شۆرشی ئەیلوول و گوڵان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” جەختی لەوە کردەوە، دوێنێ بە خوێن، ئەمڕۆ بە دەنگ بەرگری لە کوردستان دەکەین، پێویستە ھەموو پێشمەرگە قارەمانەکان، بەتایبەتی پێشمەرگەکانی ھەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بەشداری ھەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە پارتی و کاندیدەکانی ئەو حیزبە بدەن، چونکە تاکە لیستە کە مافەکانی ئێمە بپارێزێت و دەستکەوتی زیاتریش بۆ خەڵکی کوردستان بەدەست بھێنێت و کوردستانێکی بەھێز بنیات بنرێت.
لەیلا جەبار، ئەندازیارە لەو سنوورە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاماژەی بەوە کرد، دەنگدان بە لیستی پارتی دەنگدانە بە خوێنی شەھیدان و دەستکەوتەکانی ھەرێمی کوردستان، چونکە پارتی تاکە حیزبە کە ئەمن و ئاسایش لە کوردستان بەرقرار دەکات و دەستکەوتەکان دەپارێزێت و لێ ناگەڕێ قەوارەی ھەرێمی کوردستان لەناو بچێت، ھەر بۆیە ڕۆژی ٢٠/١٠ دەنگی خەڵکی ئیدارەی زاخۆ بۆ لیستی ١٩٠ی پارتییە، داواش لە ھەموو خەڵکی کوردستان دەکەم دەنگ بەو لیستە بدەن، بۆ ئەوەی کوردستانێکی بەھێزمان ھەبێت و ئارامی و ئاوەدانی زیاتر بەرقرار بێت، وەکو سەرۆک بارزانی فەرمووی بۆ ئەوەی کوردستانێکی بەھێزمان ھەبێت دەبێت پارتی سەرکەوێت.