پارتی ھۆکاری سەقامگیری و پێکەوەژیانە لە کوردستان بۆیە پێکهاتەکانی کوردستان پشتیوانی دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پێکهاتە ئایینییەکان، پشتگیریی لیستی ١٩٠ی پارتی دەکەن، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، تاکە لیستە دەیەوێت پێکەوەژیانی ئایینی لە ھەرێمی کوردستان بەھێز بکات، لەگەڵ ئەوەی فەرھەنگی لێبوردەیی و پێکەوەژیان لە نێوان ئایین و ئایینزاکاندا بەردەوام بێت، پارتی ھەمیشە ئەوانی پاراستووە و دەپارێزێت و ھەروەھا ھۆکارە بۆ ئەو پێکەوەژیانەی کە ئێستا لە کوردستان ھەیە، بۆیە دەنگمان بۆ لیستی ژمارە ١٩٠ـە.

کوردستان وڵاتێکی فرەڕەنگە لە ڕووی ئایین و ئایینزا و نەتەوە و پێکھاتەکانەوە، فەرھەنگی لێبوردەیی ئایینی و نەتەوەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، لە سیما گەش و دێرینەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە، لیستی ١٩٠ی پارتی لە ‌کارنامەی ھەڵبژاردندا گرنگیی تایبەتی بە پێکەوەژیانی ئایینی داوە.
ھەرێمی کوردستان پڕە لە ئایین و ئایینزا و نوێنەریان لە وەزارەتی ئەوقاف ھەیە و ڕێوڕەسم و جەژنە ئایینییەکانیان بە ئازادانە دەکەنەوە. سەرگیز حەنا، کەسایەتی مەسیحی، بۆ “ھەولێر” دەڵێ: پارتی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ خۆ بە خەمخۆری پێکھاتەکانی زانیوە، بۆیە وەکو پێکھاتەی مەسیحی لە دیانا دەنگی ئێمە بۆ پارتی و کاندیدەکانی ئەو حیزبەیە، چونکە پارتی ھۆکاری سەقامگیری و پێکەوەژیانە لە کوردستان.
گوتیشی: پارتی پشتگیری لە پێکەوەژیانی ئایینەکان دەکات، بۆ ئەوەی گیانی لێبوردەیی لە کۆمەڵگەدا بەرفراوانتر بێت، ھەر لە بەرئەمەش دەنگمان بۆ لیستی پێکەوەژیانە، کە ئەویش لیستی ١٩٠ـە.
کانون ھورمز، کەسێکی کریستیانە، بۆ “ھەولێر” گوتی: وەکو کریستیانەکان بڕیارمانداوە ڕۆژی ھەڵبژاردن ھەموو ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەین و دەنگ بە لیستی ژمارە ١٩٠ بدەین.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد:ڕۆژانی ناخۆش و ئاوارییمان بیر نەچۆتەوە، چونکە تاکە لیست کە بتوانێت بمان پارێزێت و درێژە بەو پێکەوەژیانە بدات لیستی ژمارە ١٩٠ی پارتییە، بۆیە داوا لە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان دەکەم بۆ ئەوەی بە ئازادانە بژین و بە مافەکانی خۆیان بگەن دەنگ بە پارتی بدەن.
لیاس داوید، کەسێکی ئێزدییە، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” ئاشکرای کرد: لە کوردستان پێڕەوانی تەواوی ئایینەکان دەتوانن بە ئازادی پێڕەویی ئایینەکەیان بکەن، پارتی ھەمیشە پشتیوانی پێکھاتەکان بووە، ئێمە خۆمان بە قەرزباری پارتی و ڕێبازە پیرۆزەکەی بارزانی دەزانین، لە خۆشی و نەخۆشیدا پارێزگاری لێ کردووین، بۆیە دەنگمان بۆ لیستی ١٩٠ـی پارتییە، داواش لە ھەموو پێکھاتەکان دەکەین، بەتایبەتی ئێزدییەکان بۆ خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و ئەمن و ئاسایشی زیاتر و گەڕانەوەمان بۆ زێدی خۆمان کە شنگالە دەنگ بە پارتی بدەن.