د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک:تەنیا ئەمساڵ بەگوژمەی ٥٥ ملیار دینار پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سنووری قەزاکە جێبەجێ کراون

پارێزگاری دھۆک بەردی بناغەی ٥٧ پڕۆژەی بە گوژمەی ١٠ ملیار دینار لە قەزای ئاکرێ دانا. د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، ڕایگەیاند، تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا، بە گوژمەی زیاتر لە ٥٥ ملیار دینار پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای ئاکرێ جێبەجێ کراون.

دوێنێ بە چاودێریی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، بەردی بناغەی ٥٧ پڕۆژەی خزمەتگوزاری، بە گوژمەی نزیکەی ١٠ ملیار دینار، لە سنووری قەزای ئاکرێ دانرا.
پارێزگاری دھۆک، لە گوتاری ڕێوڕەسمەکەدا گوتی: ھەفتەی داھاتوو جارێکی دیکە دەگەڕێینەوە ئاکرێ و بەردەڕەش و بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی تەندروستی لە سنووری ھەردوو قەزاکە دادەنێین.
پارێزگاری دھۆک، ئاشکراشی کرد: تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا، بە گوژمەی زیاتر لە ٥٥ ملیار دینار پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای ئاکرێ جێبەجێ کراون، ھەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەی ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش بەردەوام دەبێت.
لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی ھەزار و ٣١٤ پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە سێ ترلیۆن و سەد و حەوت ملیار دینار لە سنووری پارێزگای دھۆک دراوە، بەشێکی زۆریان تەواو بوون و کارکردن لە ژمارەیەکیشیان بەردەوامە، لەو ژمارە پڕۆژەیە، ھەزار و دوو سەد و چڵ و نۆیان لەلایەن کەرتی گشتییەوە جێبەجێ کراون و کابینەی نۆیەم گوژمەی زیاتر لە دوو ترلیۆن و ھەژدە ملیار دیناری بۆیان خەرج کردووە، ٦٥ پڕۆژەی دیکەش، بە گوژمەی زیاتر لە یەک ترلیۆن و ھەشتا و نۆ ملیار دینار، لە لایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ کراون.