شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق:ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە خەڵکی ڕەسەنی کەرکووک لەسەر شارەکەیان هەژمار بکرێن

شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پرسی سەرژمێری گشتییەوە، ڕایگەیاند؛ ئەگەر گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی سەرژمێری چارە نەکرێن، ئەوا یان دەبێت دوابخرێت یان دەبێت تۆماری ساڵی 1957 بکرێتەوە بنەما.

شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی پلاندانانی پەرلەمان، سەبارەت بە گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی سەرژمێری، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند؛ چەند گرفتێک هەبوون بۆ ئێمە جێی بایەخ بوون ڕوون بکرێنەوە، لەوانە پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە خەڵکێک لە کەرکووک بەزۆر دەرکراون و بۆ هەرێمی کوردستان دوور خراونەتەوە، لە هەمان کاتدا کێشەی ئەوانەی لە چوارچێوەی تەعریب هێنراونەتە کەرکووک و نیشتەجێ کراون، ئەم دوو لایەنە چۆن سەرژمێریان بۆ دەکرێت، ئەمانە گرنگ بوون و دەبوایە بە جوانی ڕوون بکرێتەوە.
شاخەوان عەبدوڵا، ئەوەشی خستەڕوو؛ ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، ئەوەیە خەڵکی ڕەسەنی کەرکووک لەسەر شارەکەیان هەژمار بکرێن، ئەگەرنا سەرژمێری گشتیی لە کەرکووک ناکرێت و تۆمارەکانی ساڵی 1957 دەکرێتەوە بنەما.
وتیشی؛ سەرۆکی لێژنەی ڕاپۆرتی ستراتیجی ئاماژەی داوە، مەرج نییە پرۆسەی سەرژمێری گشتیی هەر لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا بکرێت، ئەگەر ئەو تێبینی و کەموکوڕیانەی هەن، چارە نەکرێن، ئاساییە بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت، هەربۆیە ئەم چەند ڕۆژە چاوەڕێی دەکەین، ئەگەر چارەی پرسەکان نەکرێت با پرۆسەکە دوا بخرێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی ڕاگەیاند؛ جەختمان کردووەتەوە کە دەبێت ناوەندی ئامار و زانیاریی دەبێت لە هەرێمی کوردستانیش هەبێت، چونکە کاتێک یاسای سەرژمێریمان هەموار کردەوە تایبەتمەندییەکان داوەتە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمەش وەزارەتی پلاندانانی عێراقی بەڵێنی داوە ناوەندێکی ئامار و زانیاریی لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
سەبارەت بە پرسی ئاوارەکانیش، ڕایگەیاند؛ ئاوارەکانیش خاڵێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، نموونە ئاوارەیەکی ئەنبار بەهۆی شەڕی تیرۆر و هەر بابەتێکی دیکەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بووە و نیشتەجێ بووە، چۆن هەژمار دەکرێت؟ هەرچەندە ئاساییە بۆ بابەتی بەشە خۆراک لەسەر هەرێمی کوردستان هەژمار بکرێت، بەڵام بۆ سەرژمێریی دەبێت تۆمارەکانی ڕاستەوخۆ بگەڕێندرێتەوە ئەنبار و لەسەر سنووری پارێزگاکەی خۆی دەبێت هەژمار بکرێت، ئێستاش سەرقاڵی دانانی میکانیزمێکین بۆ ئەم بابەتە”.