هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لەگەڵ مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: خۆگیڤکردنەوەی سەرانی یەکێتی، جگە لە شپرزەیی و پەشێوی و مسۆگەری شکست و کەوتنیان لەبەردەم قیافەی بەرزی پارتی و کاک مەسروردا ھیچ ئەنجامێکی دیکەیان نابێت .
لە دەقی پەیامەکەی هێمن هەورامیدا هاتووە “بە پشتیوانی خوای گەورە، بەپشتیوانیی ھیمەتی دڵسۆزانی ڕێبازی بارزانی و جەماوەرە بە وەفا و ئیرادە بەھێزەکەی پارتی، لیستی 190ـی پارتیمان لە 20ـی ئۆکتۆبەر، سەرکەوتنی گەورە بەدەست دەھێنێت”.
هەروا نووسیویە: بە کوێرایی چاوی نەیار و ناحەزان، کاک مەسرور بارزانی سەرۆکایەتیی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات و درێژە بەو چاکسازی و خزمەتگوزاریی و حوکمرانی ھاووڵاتیان دەدات.
هێمن هەورامی باسی لەوەش کردووە “ئەو ھاشوھوش و دروشمە بێ بنەمایانەی گوایە ‘کۆتایی پێ دێنن’ و خۆگیڤکردنەوەی سەرانی یەکێتی، جگە لە شپرزەیی و پەشێوی و مسۆگەری شکست و کەوتنیان لەبەردەم قیافەی بەرزی پارتی و کاک مەسروردا ھیچ ئەنجامێکی دیکەیان نابێت”.
ئاماژەشی دا “بۆ جێبەجێ کردنی دروشمەکانی سەرانی ئێستەی یەکێتی، پێویستە سەرکردایەتیی ئێستەی ئەو حزبە واز لە پۆستەکانیان بێنن و دەست لەکار بکێشنەوە، بەمەش هەموو ئەو ئامانجانە دێنە دی کە لە دروشمەکانیاندا باسی دەکەن، چونکە هەموو ئەو خەسڵەتانە لە خۆیاندایە و ھەموو خەڵکی کوردستان دەزانن کە ئەمانە چۆن بە کودەتا خۆیان سەپاندوە”.
ئەو بەرپرسەی پارتی دەنووسێت: ئەوانە لە گەندەڵترین کەسەکانی کوردستانن و ھەموو داتا و ڕاپۆرتەکانی خاڵە سنورییەکانی ژێر دەسەڵاتیان و تاکڕەوی وملھوڕی و سەرانەسەندنەکانیان بە تەواوی ژیانی خەڵکی خۆشەویستی پارێزگای سلێمانی تاڵ کردووە، جیاکاری دەکەن و بە تەمای پارچەکردنی کوردستانن”.
لەکۆتایی پەیامەکەشی گوتی: “بۆ ئەوەی دروشمەکانی سەرانی ئێستای یەکێتی بە ڕاستی بێنە دی، با خۆیان واز بێنن پێش ئەوەی خەڵک شاربەردەریان بکەن”.