بەردی بناغەی 57 پرۆژە لە قەزای ئاکرێ دانرا

پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی 57 پرۆژەی لە قەزای ئاکرێ دانا و جەختی لە بەردەوامبوونی کاروانی ئاوەدانی لە سنووری هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش کردەوە.

سێشەممە، 01-10-2024، بە چاودێریی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک؛ بەردی بناغەی 57 پرۆژەی خزمەتگوزاری، بە گوژمەی نزیکەی 10 ملیار دینار، لە سنووری قەزای ئاکرێ دانرا.

پارێزگاری دهۆک، لە گوتاری ڕێوڕەسمەکەدا گوتی: هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە دەگەڕێینەوە ئاکرێ و بەردەڕەش و بەردی بناغەی ژمارەیەک پرۆژەی تەندروستی لە سنووری هەردوو قەزاکە دادەنێین.

وەکوو ئەوەی پارێزگاری دهۆک باسی کرد “تەنها لە ماوەی ئەمساڵدا، بە گوژمەی زیاتر لە 55 ملیار دینار پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای ئاکرێ جێ بەجێ کراون”. گوتیشی: هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەی هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش بەردەوام دەبێت.

د. عەلی تەتەر لەبارەی بانگەشەی یەکێتی گوایە “دهۆک ئازاد دەکەن”، گوتی: ئەگەر ئازادی لە هەرێمی کوردستان لە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان زیاتر نەبێت، دڵنیابە هەر کەمتر نییە. ئەو ئازادییەی لە دهۆک هەیە، بە تەحەدداوە دەڵێم، لە شوێنێکی دیکە نییە. ئەگەر بیانەوێت مەدەنی بن و بەهای ئازادی بپارێزن؛ پێویستە لە کاتی ڕوودانی هەر کێشەیەک، پەنا ببەنە بەر یاسا و دادگاکان، نەک هاووڵاتییانی تیرۆر بکەن یان بۆمبی چێندراو لەژێر ئۆتۆمبێلەکانیان دابنێن.

لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی هەزار و 314 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە سێ تریلیۆن و 107 ملیار دینار لە سنووری پارێزگای دهۆک دراوە؛ بەشێکی زۆریان تەواو بوون و کارکردن لە ژمارەیەکیشیان بەردەوامە.

لەو ژمارە پرۆژەیە، هەزار و 249ـیان لەلایەن کەرتی گشتییەوە جێ بەجێ کراون و کابینەی نۆیەم گوژمەی زیاتر لە دوو تریلیۆن و 18 ملیار دیناری بۆیان  خەرج کردووە. 65 پرۆژەی دیکەش، بە گوژمەی زیاتر لە یەک تریلیۆن و 89 ملیار دینار، لە لایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ کراون.