ئافرەتانی کوردستان ماف و داخوازییەکانیان لە کارنامەی لیستی ١٩٠ی پارتیدا دەبیننەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پارتی دیموکراتی کوردستان بە دروشمی ئارامی، ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگری بانگەشەی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەست پێکردووە، شەقام و کۆڵانەکان پڕبوونە لە پۆستەر و وێنەی کاندیدەکانیان، ئافرەتان لیستی ژمارە ١٩٠ی پارتی بە داکۆکیکاری ئافرەت لە ماف و یەکسانی دەزانن.

پارتی دیموکراتی کوردستان پێگەی ئافرەتانی بە بەرز نیشان داوە لە پۆستە حزب و حکوومیەکاندا ئەرکی گەورەیان پێ سپێردراوە ھەر ئەوەش وای کردووە ئافرەتان لیستی ١٩٠ی پارتی بە تاکە لیستی خوازیاری خۆیان بزانن.
لە درێژەی بانگەشەی ھەڵبژاردندا ڕۆژبەڕۆژ جەماوەری پارتی ڕوو لە زیادبوونە، ئافرەتان، دەڵێن، تاکە حزب لە کوردستان کە خۆی بە خەمخۆری ئافرەتان زانیوە پارتییە و ھەموو کاتێک ھەوڵی داوە مافی ئافرەتان دەستەبەر بکات، لەگەڵ ئەوەی پارتی کوردستانێکی بەھێز بنیات دەنێتەوە، بۆیە دەنگ بە لیستی ١٩٠ دەدەین.
حەلیما شەریف، ئافرەتێکی خاوەن شەھیدە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لیستی ١٩٠ کە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لیستی دایکی شەھیدانە، لیستی خەبات و تێکۆشانە، لیستێکە ھەمیشە پشتگیری و پاڵپشتی ئافرەتان دەکات بۆ بەرەوپێشچوونی تواناکانیان، بۆیە دەنگی ئێمەی ئافرەتان بۆ ئەو لیستەیە.
مامۆستا ڕەعنا واحید، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” وتی: پارتی ھەمیشە خزمەتی خەڵکی کوردستانی کردووە ھەمیشە پشتگیری ئافرەتی کردووە بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە کایەی سیاسی، ھەلی کاری بۆ ھەزاران ئافرەت ڕەخساندووە، ھیوادارین خەڵکی کوردستان بەتایبەتی ئافرەتان دەنگ بە لیستی ١٩٠ بدەن، بۆ ئەوەی زیاتر پشتگیری لە ئافرەتان بکات و زیاتر ھەلی کاریان بۆ بدۆزێتەوە.
شیلان سەمەد، ئافرەتێکی سۆرانە، بە “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، ئافرەتانی کورد دەچەوسێنرانەوە و لە خوێندن بێبەش دەکران، بەڵام ئێستا ڕێژەی ئافرەتان ڕۆژبەڕۆژ لە دامودەزگاکانی حکوومەت زیاتر دەبێت ئەوەش ھەموو بۆ خەباتی بەردەوامی پارتی دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئافرەتان بیانەوێت لە خۆشی و ئازادیدا بژین، دەبێ دەنگ بە لیستی پارتی و کاندیدەکانی بدەن، چونکە تاکە حیزبە بەرگری لە مافی ئافرەتانی کردووە.
مریەم مەحموود، ئافرەتێکی مێرگەسۆرە، بۆ “ھەولێر” باس لە بەرەوپێشچوونی مافەکانی ئافرەت دەکات لە کوردستان و دەڵێت: پارتی گرنگییەکی زۆر بە ئافرەتان دەدات، ھیوادارم ئافرەتان متمانە بە پارتی ببەخشنەوە، بۆ ئەوەی زیاتر بتوانێت خزمەتی ئافرەتانی کوردستان بکات، من دەنگ بە پارتی دەدەم، لەبەر ئەوەی پارتی ھەموو کاتێک ھەوڵی داوە مافی ئافرەتان دەستەبەر بکات.

ھەواڵی زیاتر