چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاریی له‌ هه‌ولێر جێبه‌جێ كران

چواس خالید – هه‌ولێر

به‌ گوژمه‌ی ملیارێك و چوار سه‌د و سێزده‌ ملیۆن دیناری عێراقی، سێ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كاوه‌ی شاری هه‌ولێر جێبه‌جێ كران، هاوكات به‌گوژمه‌ی زیادتر له‌ دوو سه‌د و په‌نجا ملیۆن دینار، شه‌قامه‌ ناوخۆییه‌كانی گوندی سه‌رداری سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر كۆنكرێت ده‌كرێت.

له‌ چوارچێوه‌ی گه‌یاندنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و ده‌ستی ئاوه‌دانی به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كسان له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، به‌ گوژمه‌ی ملیارێك و چوار سه‌د و سێزده‌ ملیۆن دیناری عێراقی، سێ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ بواری قیرتاوكردن و دانانی كیربستۆن و دروستكردنی شه‌قام له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كاوه‌ له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی قوشته‌په‌ی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر جێبه‌جێكران.
پڕۆژه‌كان پێكهاتوون له‌ بنیاتنان و دروستكردنی شه‌قام له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كاوه‌ له‌ قوشته‌په‌، به‌ گوژمه‌ی حه‌وت سه‌د و حه‌وت ملیۆن دینار و پێنج سه‌د و هه‌شتا و پێنج هه‌زار دینار، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به‌ گوژمه‌ی دوو سه‌د و نه‌وه‌ت و دوو ملیۆن و سه‌د هه‌زار دیناری عێراقی، پڕۆژه‌ی دانانی كیربستۆن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كاوه‌ له‌ قوشته‌په‌ جێبه‌جێ كرا، هاوكات دروستكردن و ڕۆنانی شه‌قام و ئاوه‌ڕۆ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كاوه‌ له‌ قوشته‌په‌ به‌ گوژمه‌ی چوار سه‌د و چوارده‌ ملیۆن و پێنج هه‌زار دیناری عێراقی جێبه‌جێكرا.
جیا له‌وانه‌ و به‌ پێی پلان، پێنج پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری هه‌ر له‌ گه‌ڕه‌كی كاوه‌ له‌ قه‌زای قوشته‌په‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌وانیش ته‌واوده‌كرێن و ده‌خرێنه‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه‌.
هه‌ر له‌ چوارچه‌وه‌ی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ دوو سه‌د و په‌نجا ملیۆن دیناری عێراقی، شه‌قامه‌ ناوخۆییه‌كانی گوندی سه‌ردار كۆنكرێت ده‌كرێت.
له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان و كارئاسانی هاتوچۆ و خزمه‌تكردنی زیادتری دانیشتوانی ناوچه‌كه‌، به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ دوو سه‌د و په‌نجا ملیۆن دیناری عێراقی، له‌سه‌ر داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر، ده‌ستكرا به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی دروستكردن و كۆنكرێتكردنی شه‌قامه‌ ناوخۆییه‌كانی گوندی سه‌ردار.
له‌گه‌ڵ درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ڕۆنان و بنیاتنانی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌، كه‌ له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانی ده‌كات، به‌پێی ئاماری به‌رده‌ستی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، كاره‌كانی چوار ساڵی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٢ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌و ماوه‌یه‌دا سێ هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا و نۆ پڕۆژه‌ی جیا جیا، به‌ گوژمه‌ی دوازده‌ ترلیۆن و هه‌شت سه‌د و سی و هه‌شت ملیار و شه‌ش سه‌د و حه‌وت ملیۆن دینار له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كردووه‌، ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ له‌ كوردستان نموونه‌ییه‌، كه‌ به‌پێی ئاماره‌كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا، به‌ به‌رده‌وامی و هه‌موو ڕۆژێك دوو پڕۆژه‌ و نیوی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شكراوه‌.
پێشكه‌شكردن و جێبه‌جێكردنی ئه‌و ژماره‌ زۆری پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتێكدایه‌، له‌ ساڵی ٢٠١٤ه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، به‌ بیانووی جۆراوجۆر، ماوه‌ی ١٠ ساڵه‌ به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردووه‌.