وەزارەتی شارەوانی: لە کابینەی نۆیەم پێنج هەزار پرۆژەمان جێبەجێ کردووە

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا زیاتر لە پێنج هەزار پرۆژە بە گوژمەی لە چوار ترلیۆن و 663 ملیار دینار جێبەجێ كراون.

دووشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2024، کوردۆ شابان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ماوەی پێنج ساڵی كابینەی نۆیەمدا، زیاتر لە پێنج هەزار پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری بە گوژمەی (4,663,475,902,888)دینار، لە سەرتاسەری شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراوە؛ بەشی زۆری پرۆژەكان تەواوكراون و بەشێكیشیان ئێستا لە قۆناغی كاركردندان و لە ماوەی دیاریكراودا تەواو دەبن.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی دەڵێت: بەپێی ڕاپۆرتێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە ماوەی پێنج ساڵی كابینەی نۆیەمی حكوومەت بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە لە کەرتەکانی شارەوانی، ئاو، ئاوەڕۆ، گەشتوگوزار و شوێنەوار و پرۆژەی دیكە، بە گوژمەی (4,663,475,902,888)دینار، 5 هەزار و 44 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون.

بەپێی ئامارەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، پرۆژەكان لەسەر بودجەی وەبەرهێنان، داهاتی فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بودجەی ئاسایی، بودجەی تایبەت، چەند پرۆژەیەكیش لە ڕێگەی ڕێكخراو و زانكۆ و ئاژانسە بیانییەكان جێبەجێ كراون. وێڕای ئەو پرۆژانە، ئێستە ژمارەیەكی زۆری پرۆژەی دیكە پێشنیاز كراون و لە ماوەی داهاتوودا دەكەونە بواری جێبەجێ كردنەوە.

پۆلینكاری پرۆژەكان بەپێی کەرتەکان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان:

1-کەرتی شارەوانی:  2004 پرۆژە بە گوژمەی (2,795,337,323,322)دینار، جێبەجێ كراون.

2-کەرتی ئاو و ئاوەڕۆ: 2755 پرۆژە بە گوژمەی (1,785,248,176,551)دینار، جێبەجێ كراون.

3-کەرتی شوێنەوار:  167 پرۆژە بە گوژمەی (34,148,075,900)دینار، جێبەجێ كراون.

4-کەرتی گەشتوگوزار: 118پرۆژە بە گوژمەی (48,742,327,115)دینار، جێبەجێ كراون.