به‌ گوژمه‌ی ١٨٢ ملیۆن دینار پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی چه‌ند شه‌قامێكی گه‌ڕه‌كی سه‌ربه‌خۆیی له‌ هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت

چواس خالید – هەولێر

له‌ چوارچێوه‌ی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، گوژمه‌ی سه‌د و هه‌شتا و دوو ملیۆن دینار بۆ دروستكردنی چه‌ند شه‌قامێكی گه‌ڕه‌كی سه‌ربه‌خۆیی له‌ هه‌ولێر خه‌رج كرا، هاوكات له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ڕۆنانی دووسایدكردنی شه‌قامی ئاشتی له‌ ناحیه‌ی كه‌ورگۆسك ته‌واو ده‌بێت.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی و له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر و به‌ مه‌به‌ستی زیادتر خزمه‌تكردنی دانیشتوانی شاری هه‌ولێر، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ پێی فه‌رمانێكی وه‌زاری و له‌سه‌ر داهاتی شاره‌وانی شاری هه‌ولێر، ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا به‌ خه‌رجكردنی گوژمه‌ی زیادتر له‌ سه‌د و هه‌شتا و دوو ملیۆن دیناری عێراقی، به‌ مه‌به‌ستی دروستكردنی چه‌ند شه‌قامێك له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌ربه‌خۆیی شاری هه‌ولێر، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر.
جیا له‌وه‌ و هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی خزمه‌تكردنی زیادتری هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ ئامانجی باشتركردنی شه‌قامه‌كان و خزمه‌تكردنی زیادتری هاووڵاتیان و له‌ چوارچێوه‌ی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریی و ده‌ستی ئاوه‌دانی بۆ ئه‌و جێگه‌ و شوێنانه‌ی كه‌ پێویستیان به‌ ئاوڕلێدانه‌وه‌ی زیادتر هه‌یه‌، له‌سنووری پارێزگای هه‌ولێر، ده‌ستكراوه‌ به‌ ڕۆنانی دووسایدی ئاشتی له‌ ناحیه‌ی كه‌ورگۆسكی سه‌ر به‌ قه‌زای خه‌بات، كه‌ ئێستا ڕشتانه‌ كاری لێده‌كرێت و بڕیاره‌ له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كاره‌كانی ته‌واو ببێت و بخرێته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه‌.
ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری ڕێگه‌وبان له‌ جێبه‌جێكردندان و هه‌ندێكیان زۆرێك له‌ كاره‌كانیان ته‌واو بووه‌ و له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌خرێنه‌ سه‌ر كاره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ به‌پێی ئاماره‌كان ئێستا هه‌زار و چل و یه‌ك پڕۆژه‌ی بنیاتنان و ڕۆنان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قام له‌ ته‌واوی هه‌رێی كوردستان به‌بێ جیاوازی له‌ جێبه‌جێكردندان و له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌وانیش كاره‌كانیان ته‌واو ده‌بێت و ده‌خرێنه‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.
یه‌ك له‌وانه‌ پڕۆژه‌ی دروستكردنی شه‌قامی ٤٠ مه‌تری هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، كه‌ له‌ به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ به‌رده‌م فه‌رمانگه‌ی پزیشكی دادوه‌ری درێژ ده‌بێته‌وه‌، مه‌ودای شه‌قامه‌كه‌ هه‌زار و چوار سه‌د و په‌نجا مه‌تره‌ و له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان جێبه‌جێ ده‌كرێت.
به‌پێی ئاماری بڵاوكراوه‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵدا، به‌گوژمه‌ی زیادتر له‌ سی و پێنج ملیار دیناری عێراقی، په‌نجا و سێ پڕۆژه‌ی دروستكردن و ڕۆنانی شه‌قام ته‌نیا له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ جێبه‌جێكراوه‌.
سه‌رباری كه‌ڵه‌كه‌بوون و دانه‌وه‌ی قه‌رز له‌ ڕابردوو، به‌هۆی ته‌نگژه‌ی داراییه‌وه‌، به‌ دابه‌زینی نرخی نه‌وت و بڕینی به‌شه‌ بوودجه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ نایاسایی له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌ و له‌گه‌ڵ خه‌رجییه‌كانی شه‌ڕی داعش و هه‌ڵتۆقینی ڤایرۆسی كۆڕۆنا و داڕمانی ئابووری جیهانی به‌و هۆیه‌وه‌؛ هاوكات كورت هێنانی بودجه‌كه‌ی (دوای چاكسازی تێیدا)، كه‌چی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری و وه‌به‌رهێنان و هه‌وڵ و كاركردنی ڕشتانه‌ بۆ پته‌وكردنی ژێرخانی ئابووری له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بووه‌.
به‌پێی داتاكانی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ١٠ ی ته‌مووزی ٢٠١٩، تا كۆتایی مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٤، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ بڕی ترلیۆنێك و هه‌شت سه‌د و شه‌ست و سێ ملیار دیناری عێراقی، هه‌زار و نۆ سه‌د و شه‌ست و حه‌وت پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سێكته‌ری ڕێگه‌وباندا له‌ ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی جێبه‌جێكردووه‌.
واتا سه‌رباری ته‌نگژه‌ و ئاڵۆزییه‌كان، ته‌نیا له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردوودا، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ڕۆژێك و به‌بێ پشوو، زیادتر له‌ پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری ته‌نیا له‌ كه‌رتی ڕێگه‌وباندا پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌.