هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک هەنگاوی زۆر گرنگی ناوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

قەبارەی خۆراک بە یەکێک گرنگترین پێوەری ئابووری وڵاتان لە گەشەپێدان و ئاسایشی خۆراک دادەنرێت و زۆریی خۆراک لە ناوخۆ و کەمکردنەوەی ڕێژەی پشتئەستووریی بە دەرەوە، هۆکارێکی گرینگە لە بەهێزبوونی کۆڵەگەی ئابووریی وڵاتان. هەرێمی کوردستان لە کاڵا ستراتیجییەکەی خۆراک کە گەنمە دەمێکە بە خۆبژێوی گەیشتووە و لە کۆگاکردن و هەڵگرتنی ئەو بەرهەمە خەریکە هەنگاوی گرنگ دەنێت کە تەواوکەری سیاسەتی دابینکردنی ئاسایشی خۆراکە.

لە ئابووریدا هەبوونی خۆراک بنەمایە و پارە و سەرمایە و تەنانەت زێڕ و خشڵیش بە بێ خۆراک هیچ بەهایەکیان نییە، لە دۆخێکدا کە وڵات گەمارۆ درابێت و وڵاتان دەروازەکانیان بەسەر ڕووتدا داخستبێت، بەڵام هیچ خۆراکێکت نەبێت، تەنانەت ئەگەر بە تۆن زێڕ و بە فەردە دۆلارت هەبێت ناتوانیت پارێزگاری لە گەلەکەت بکەی و لە مردن بیپارێزیت، بەڵام پێچەوانەکەی دروستە و هەبوونی خۆراک بە بێ بوونی پارە و سەرمایەش دەتوانێت ئەو مەترسییە بڕەوێنێتەوە.
گەنم یەکێکە لە بەرهەمە هەرە گرینگەکانی کشتوکاڵی و ئاسایشی خۆراک و بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خۆراک بەو بەرهەمە گرێ دراون. مادەی خاوی گەنم بۆ ئارد و دەیان و بگرە سەدان جۆر خۆراکی تر دەگۆڕدرێت کە بە پڕۆسەیەکی پیشەسازی دەتوانێت هەموو ئەو پێداویستییانە دابین بکات.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم سۆنگەیەوە و بە تێگەیشتن لە بایەخەکانی ئاسایشی خۆراک لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەنگاوی زۆر گرنگی ناوە. لەپێناو بەهێزکردنی ژێرخانی خۆراک و پیشەسازی و پشتیوانیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیان پڕۆژەی جێبەجێ کردوون کە هاوکار بوون لە دابینکردنی زیاتری ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.
وەک ئاشکرایە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دە ساڵە بە خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی گەنم گەیشتووە و ڕاستە هەرێمی کوردستان لەو کاڵا ستراتیجییە خۆبژێوە بەڵام ناکرێ بەرهەمێکت زۆر بێت بەڵام شوێنت بۆ هەڵگرتنی بەرهەمەکە نەبێت و لەو کاتەدا جووتیار ناچارە بە هەرزان ساغی بکاتەوە، هەبوونی کۆگا لە شێوەی سایلۆ یارمەتیی وەبەرهێنەر دەدات تا ئەو کاڵایە بۆ کاتی تر هەڵبگرێت و بۆ مەبەستی بەرهەمی تر سوودی لێ وەربگرێت.
لە ماوەی ئەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە قەبارەی هەڵگرتنی سەد و شەشت هەزار تۆن گەنم، سایلۆی نوێ بنیات نراون کە بە گوژمەی هەشتا و پێنج ملیار دینار جێبەجێ کراون و توانای عەمبارکردنی گەنم خەریکە لە یەک ملیۆن تۆن نزیک دەکاتەوە.
لە قوشتەپەی نزیک هەولێر سایلۆیەک بە توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنم جێبەجێ کرا کە بیست و یەک ملیار دیناری تێچوو.
لە کەلاری سەر بە پارێزگای سلێمانی سایلۆیەک بە توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنم بە گوژمەی بیست ملیار دینار جێبەجێ کرا.
لە بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆک سایلۆیەک بە توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنم بە گوژمەی هەژدە ملیار دینار جێبەجێ کرا و لە هەڵەبجەش پڕۆژەیەک بە گوژمەی بیست و شەش ملیار دینار لە جێبەجێکردندایە کە بیست و پێنج لەسەدی جێبەجێ کراوە و توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنمی هەیە.
بەگشتی قەبارەی ئەو گەنمەی بەرهەم دەهێنرێت زۆر زیاترە لە سێ هێندەی پێداویستییەکانی خەڵکی کوردستان بە ئارد و بۆیەش ئەگەر بەشێک لەو گەنمە لە لایەن وەزارەتی بازرگانی بکڕدرێتەوە ئەوا بەشی زۆری دەمێنێتەوە و ئەو گەنمەش ئەگەر کۆگە نەکرێت یان لە چوارچێوەی پیشەسازیی خۆراک بۆ بەرهەمی تری خۆراکی نەگۆڕدرێت زیان بە کەرتی کشتوکاڵ و جووتیاران دەگات.
بەرهەمی ساڵانەی گەنمی کوردستان لە دوو ملیۆن تۆن تێپەڕی کردووە و کاتی ئەوە هاتووە لەگەڵ بنیاتنانی سایلۆی زیاتر ئاسایشی خۆراک تۆکمەتر بکرێت.

ھەواڵی زیاتر