پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستاندا

بەڕێزان بەڕێوبەر و کارمەندان و میدیاکارانی ئازیزی ئێزگەی دەنگی کوردستان

لە شەست و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستاندا، بە گەرمی پیرۆزبایی لە یەک بەیەکتان دەکەم و لە رێی ئیزگە تێکۆشەرەکەتانەوە پیرۆزبایی لە جەماوەر و گوێگرانتان دەکەم.
ئەم ئیزگە دلێر و دێرین و دەنگ زوڵاڵە، تەنها ئیزگەیەک و کەناڵێکی میدیایی نییە، بەڵکو لە یادەوەریی گەلی کوردستاندا بڵندگۆ و دەنگ و نەعرەتەی شۆڕش و پێشمەرگە و بیرەوەریی رۆژانی سەختی تێکۆشان و کۆڵنەدانە و یادگارێکی نەمر و پڕ شانازییە.
ئیزگە ئەو مینبەرە بوو کە لە رۆژانی بندەستیدا دەنگی گەلی کورد و دۆزە ڕەواکەی دەگەیاند و بووە قوتابخانەی یەکەمی میدیای نیشتمانی و وابەستەی دۆز و داوا ڕەواکانی گەل.
لەم یادە شکۆدارەدا سڵاو و درود بۆ هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەنێرین کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا لەم ئیزگە تێکۆشەرەدا خەبات و خزمەتیان کردووە و بەشێکیان گیانی خۆیان لەو ئەرکە پیرۆزەدا بەخشی و شەهید بوون.
سوپاسی ئێوەی تێکۆشەریش دەکەم کە درێژەپێدەری رێبازی ئەو نەمرانە و ئەو تێکۆشەرە دڵسۆزانەن..
لەم یادە پیرۆزەدا هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتن بۆ ئێوە و بەردەوامی بۆ ئیزگەی دەنگی کوردستان دەخوازم

نێچیرڤان بارزانی
29 ئەیلوولی 2024