ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی ٢٢ی پارتی لە گەرمیان: پارتی پێشەنگە لە ئارامی و ئاوەدانی و خەڵکی گەرمیان دەنگی پێ دەدەن

ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بەدەمەوەچوون و پشتیوانیی خەڵکی گەرمیان بۆ لیستی پارتی، لە سەرووی پێشبینییەکانەوە بووە. دەشڵێ: پارتی تاکە لایەنە کە دەتوانێت بەرگری لە دەستکەوتەکانی ھەرێم بکات و کاروانی ئاوەدانی بگەیەنێتە ھەموو شوێنێک، پارتی سەڵماندوویەتی لە ھەر شوێنێک دەستەڵاتی ھەبێت ئاستی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی لەو شوێنانە زۆر باشترە لە چاو شوێنەکانی دیکە.

ئامادەکارییەکانی پارتی لە گەرمیان
بەرپرسی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند، ماوەیەکی زۆرە ئامادەکاری دەکەین، لەو ڕۆژەی کە بە فەرمی بانگەشەی ھەڵبژاردن دەستی پێکردووە ھەموو تیمەکانمان لە ھەموو گەڕەکەکانی شار و شارۆچکەکان دەست بەکاربوونە، بانگەشەی ماڵ بە ماڵ و کۆبوونەوەی فراوان لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان بەردەوامە، بایەخێکی زۆر بە ھەڵمەتی ماڵ بە ماڵ دەدەین زیاتر کار لەسەر کاری پراکتیکی دەکەین، لە ھەمان کاتدا لە تەواوی شارەکانی گەرمیان لە ڕووی ڕازاندنەوە و بڵاوکردنەوەی پۆستەر و وێنەی کاندیدەکان بەشێوەیەکی باش کاری لەسەر کراوە، لە ھەر سێ قەزای کەلار، کفری، دەربەندیخان و ناحیەکانی سنووری ئەو شارۆچکانە بەشێوەیەکی باش ئەنجام دراوە بەگشتی لە کارەکان بەردەوام دەبین و پێشوازی خەڵکیش لە بەرنامەی پارتی تا ئاستێکی زۆر باشە، بۆیە ھەوڵمان داوە بانگەشە بەشێوەیەکی شارستانی و مەدەنی بکەین و، نەبینە ھۆکاری بێزاربوونی کەس، بەڵکو بتوانین پەیامەکانی خۆمان بە تەواوی بە خەڵکی ناوچەکە بگەیەنین.

پارتی کاروانی ئاوەدانی دەگەیەنێتە هەموو شوێنێک
ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکراشی کرد: پارتی تاکە لایەنە کە دەتوانێت بەرگری لە دەستکەوتەکانی ھەرێم بکات و کاروانی ئاوەدانی بگەیەنێتە ھەموو شوێنێک، خەڵک لەگەڵ پارتی گرفتی نەبووە لەم سنوورە، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا پارتی لێرە دەستەڵاتی ڕاستەوخۆی نەبووە،‌ بەڵام لە ڕێگەی حکوومەتی ھەرێمەوە ئەوەی پێی کراوە لە خزمەتی ئەم سنوورەدا بووە، بە ‌تایبەت بڕیاری ئەم دواییەی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەکان و دامەزراندنی کۆمەڵێک خەڵک و تەواوکردنی کۆمەڵێک پڕۆژەی تەواونەکراو، ئەمانە کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر خەڵکی سنوورەکە ھەبووە، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی خەڵک چاوەڕوانیی لە پارتی زۆرە، بۆ ئەوەی لە کابینەی داھاتوودا دەستی ئاوەدانی بگەیەنێتە دەڤەری گەرمیان.

وێنەی کاندیدانی پارتی دەشێوێنرێن
بەرپرسی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: لەو چەند ڕۆژەدا کە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن دەستی پێکردووە لە زۆر شوێن بەشێوەیەکی شاراوە وێنەی کاندیدەکان دەدڕێندرێن ئەو کارەش زیاتر لە شەوان دەکرێت واتە لەو کاتانەی کە کەس لە دەرەوە نییە، ئەوەش بۆ ئێمە و ھاووڵاتییان جێگەی نیگەرانییە، چونکە ھەموو لایەن و کاندیدێک ئازادە بانگەشەی ھەڵبژاردن بەشێوەیەکی شارستانی بکات، بەداخەوە ئەوەی بەرامبەر بە کاندیدەکانمان دەکرێت دیاردەیەکی ناشیرینە، کە زۆرجار لە ھەڵبژاردنەکان دووبارە دەبێتەوە بەتایبەتی لەو سنوورانە، پێویستە دەزگا ئەمنییەکان بەوردی چاودێری پرۆسەکە بکەن بۆ ئەوەی ھەڵمەتەکە بەشێوەیەکی ھێمنانە و دوور لە توندوتیژی بەڕێوەبچێت.

پارتی کورسییەکانی زیاد دەکات
سەبارەت بەوەی بۆچی ئێوە داوا دەکەن ھاووڵاتییان دەنگ بە پارتی بدەن؟ بەرپرسی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی، دەڵێت: پارتی ئەزموونێکی زۆری لەگەڵ خەڵکی کوردستان ھەیە، ھاووڵاتییانیش ئەزموونێکی زۆریان لەگەڵ پارتی ھەیە، پارتی خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەرییە سەرکردایەتی دۆزی ڕەوای نەتەوەیی و نیشتمانی گەلی کوردستان دەکات، پارتی سەلماندوویەتی لە ھەر شوێنێک دەستەڵاتی ھەبێت ئاستی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی لەو شوێنانە زۆر باشترە لە چاو شوێنەکانی دیکە، ھەروەھا ئاسایش و سەقامگیری زۆر باشترە، کار دەکەین بۆ ئەوەی لەم ھەڵبژاردنەدا کورسییەکانمان زیاتر بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین حکوومەتێکی بەھێز دروست بکەین کە ئەم حکوومەتە دەستەڵاتێکی سەرتاسەری لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت، دەستی چەتەگەریی و قاچاخچییەتی و گەندەڵی لە کوردستان کورت بکەینەوە، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین چی دیکە یاری بە چارەنووسی ئەم گەلە بکرێت.

هەندێک لایەن هیچیان پێ نییە بۆ خەڵک
ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی، جەختیشی لەوە کردەوە: ھەر لایەنێک کە بانگەشەی ھەڵبژاردنی دوور بێت لە شێوازی شارستانی و مەدەنی، دژایەتی لایەنێکی دیکە دەکات، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە ئەو لایەنە خاڵی بووەتەوە لە فکر و ئامانجی سیاسی توانای ئەوەی نییە بە بەرنامەیەکی تێر و تەسەل بانگەشەی ھەڵبژاردن بکات، یان ھیچی پێ نییە بۆ خەڵک، بۆیە پەنا بۆ ئەو بابەتانە دەبات، بەڵام خەڵک ھۆشیار و تێگەیشتووە، پارتی پڕۆژە و بەرنامەیەکی ڕوونی ھەیە و پێشەنگی ئارامی و ئاوەدانییە، خەڵکیش ئەو متمانەی بە پارتی ھەیە، پارتی دەتوانێت خزمەتی زیاتر بکات، ھەر لایەنێک بە بەرنامەیەکی ڕوون بەشداری ھەڵبژاردن نەکات ئەو لایەنە بڕوای بە خۆ نییە کە بتوانێت لە داھاتوودا خزمەتی خەڵک بکات یان بتوانێت داکۆکی لە مافەکانی خەڵک بکات، بۆیە دەیەوێت بەو قسە پڕ و پووچانە خەڵک چەواشە بکات، پارتی کاری بەوانە نییە، حیزبێکی خاوەن ئەزموونە کاری بەو بەرنامەیە ھەیە کە بانگەشەی بۆ دەکات و دوای ھەڵبژاردن جێبەجێ دەکات.

ھەواڵی زیاتر