مامۆستایانی ئایینی:دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ لیستی ١٩٠ی پارتی

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

مامۆستایانی ئایینیی پشتگیری خۆیان بۆ لیستی ژمارە ١٩٠ی پارتی دووپات دەکەنەوە و دەڵێن، لیستی پارتی تاکە لیستە کە توانیویەتی ئەمن و ئاسایش لە ھەرێمی کوردستان بەرقرار بکات و دەستکەوتەکان بپارێزێت، بۆیە وەکو ئەرکێکی ئایینیی و نەتەوەیی دەبێت ڕۆژی ھەڵبژاردن خەڵکی کوردستان ھەموو ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و لیستی پارتی لە بیر نەکەن و دەنگ بە پاشەڕۆژێکی گەشتر و ڕوونتر بدەن، ئێمەش وەکو مامۆستایانی ئایینیی دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی چین و توێژەکانی کوردستان و دەنگ بە لیستی ژمارە ١٩٠ی پارتی دەدەین.

کوردستان وڵاتێکی فرەڕەنگە لە ڕووی ئایین و ئایینزا و نەتەوە و پێکھاتەوە، فەرھەنگی لێبوردەیی ئایینی و نەتەوەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە سیما گەش و دێرینەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە، لیستی پارتی پاراستنی ئەو کلتوورە دێرین و سەنگینە بە ئەرکی خۆی دەزانێ و کاری ھەمیشەی بۆ قوڵکردنەوەی دەکات لە ڕێی ھاندانی بەردەوامی دیالۆکی نێوان ئایین و ئایینزاکان و قوڵکردنەوەی گیانی لێبوردەیی ئایینیی و لێکگەیشتن و یەکتر قبوڵکردن و لێکنزیکبوونەوە، ھەروەھا بایەخدان بە تێکەڵیی فەرھەنگی نێو نەتەوەکان و پێکھاتەکان و قووڵکردنەوەی گیانی خۆشویستن ھاوچارەنووسی.
سەلمان محەممەد، وتار خوێن و پێش نوێژ، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” گوتی: وەکو مامۆستایانی ئایینیی دووپات دەکەینەوە لە بەشداری ھاووڵاتییان لە ھەڵبژاردن و دەنگدان بەو لیستەی کە بەرگری لە گەل و کەرامەتی ئەو گەلە دەکات، ئەوەش بە ئەرکێکی ئایینیی و نەتەوەیی و نیشتمانی دەزانم، چونکە پارتی تاکە حیزبە کە بەرگری لە مافی ھەموو پێکھاتەکان دەکات، تاکە حیزبیشە کە شەڕ لە پێناو مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بکات، ئەگەر پارتی بەھێز بێت کوردستانیش بەھێز دەبێت، بەڵام ئەگەر بەھێز نەبێت ئەو دەستکەوتانەی بە دەستیش ھاتوونە لە دەست ئێمە دەچن، بۆیە وەکو ئەرکێکی ئایینیی و نەتەوەیی زۆر پێویستە خەڵکی کوردستان دەنگ بە پارتی بدەن، تاکو دەستکەوتی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان بەدەست بھێنێت.
ئەسحەد میرۆ، مامۆستایەکی دیکەی ئایینییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە، ئەو کەسەی کە تۆ دەنگی پێ دەدەیی دەبێت شایەنی ئەوە بێت بچێتە پەرلەمان و بەرگری لە مافەکانی تۆ بکات، لیستی ژمارە ١٩٠ ھندەی بینیومانە بەرگری لە خەڵکی کوردستانی کردووە، بۆیە دەبێت ھەموو چین و توێژەکان پشتگیری لەو لیستە بکەن، چونکە ئەو لیستە پشتگیری یەکڕیزی کوردستان دەکات، ھەوڵدەدات کوردستانێکی بەھێز بنیات بنێت، بۆیە خەڵکی کوردستان دەبێت ڕۆژی ھەڵبژاردن ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بە لیستی پارتی بدەن، بۆ ئەوەی پاشەڕۆژێکی گەشتر و ڕوونتریان ھەبێت.
ئەحمەد سابیر، وتار خوێن و پێش نوێژ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێ: پارتی زیاتر لە ٧٦ ساڵە خەبات دەکات و قوربانی دەدات، ئەگەر گەنجەکانی ئێمە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانیان لە بیر نەبێت، بەس پێش ١٠ ساڵ پارتی شەڕی داعشی کرد، شەڕی حەشدی شەعبی کرد، بۆ خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی گەنج و لاوان دیار بوو، کە پارتی بوو شەڕی ئەوانی کرد و ڕێگەی نەدا ئەوان کوردستان داگیر بکەن و کوردستانیان پاراست، لەگەڵ ئەوەی ئەو ھەموو پڕۆژانەی کە ئەمڕۆ کراون ھەموو لەلایەن پارتییەوە کراون، ھەر بۆیە پێویستە ھەموو چین و توێژەکان پشتگیری خۆیان بۆ لیستی ١٩٠ دووپات بکەنەوە، بۆ ئەوەی ھەر لە ئارامی و ئاوەدانیدا بژین.
ئەحمەد خدر، مامۆستایەکی دیکەی ئایینییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئەگەر مرۆڤ زەمیری خۆ مورتاح بکات، دەبێت دەنگ بە پارتی بدات، چونکە تاکە لیستە کە پشتگیری لە ھەموو پێکھاتەکان دەکات، بۆیە ئێمە وەکو مامۆستایانی ئایینیی بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری لە لیستی ژمارە ١٩٠ دەکەین، لەگەڵ ئەوەی تاکە لیستە دەتوانێت ئەو ئەمن و ئاسایشەی کە ئێستا لە کوردستان ھەیە بپارێزێت.
گوتیشی: ئایینیی پیرۆزی ئیسلام بە ھەموو شێوەیەک پاڵپشتی ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە خۆ لە خەڵکی خۆیان دەکەنە خاوەن، بۆ ئەوەش تەنیا پارتی توانیویەتی بەرگری لە وڵات بکات و کەڕامەتی خەڵکی کوردستان بپارێزێت، بۆیە دەنگدان بەو حیزبە، دەنگدانە بە پارێزگاری کردن لە خاک و وڵات.

ھەواڵی زیاتر