ئومێد خۆشناو: هەمووارکردنەوەی ماستەر پلانی هەولێر شارەکە دەباتە قۆناغێکی دیکەوە

پارێزگاری هەولێر لەڕێوەڕەسمی ڕاگەیاندنی تەواوکردنی هەمووارکردنەوەی ماستەر پلانی هەولێر ڕایگەیاند: هەموورکردنەوەی ماستەر پلانی هەولێر، شارەکە دەباتە قۆناغێکی نوێ.

یەکشەممە 29ـی ئەیلوولی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: هەولێر خێرا گەشە دەکات سەرباری هەموو ئەو ئاستەنگ و ئالەنگارییانەی هاتنە بەردەم هەرێمی کوردستان لە جەنگی دژی داعش و بڕینی بوودجەی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە و پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت.

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، هەمووارکردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر لەڕووی زانستییەوە و بە دروستتر لە هەموو نەخشەی هەولێر کاریگەریی دەبێت و هەولێر دەباتە قۆناغێکی دیکە، هاوکات  سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و  تیمەکانی ئاژانسی جایکای کرد و ڕۆڵیان لە شاری هەولێر لە تەواوی سێکتەرەکاندا هەبووە و  هاوبەشییان لەگەڵ تیمەکانی حکوومەت کردووە کە جێی تەقدیری حکوومەت و خەڵکی کوردستانە.

یەکشەممە 29ـی ئەیلوولی 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: هەمووارکردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر کە تا ساڵی 2050 یە، ڕۆڵی زیاتر لە پێشخستنی زانستیانە و بە بەرنامە و پێشخستنی پلانداڕێژراوانەی فراوانبوونی شاری هەولێر لەسەر هەموو ئاستەکان و جێبەجێ دەکرێت.

وەزیری شارەوانی ڕایگەیاند: لەمانگی شوباتی 2022 یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و ئاژانسی جایکا ئیمزا کراوە، هاوکات لە مانگی 4ـی ساڵی 2022 دەست بەکارکردن کرا لە پرۆژەکە و نزیکەی 22 شارەزا و پسپۆڕی ژاپۆنی کاریان لە سەر هەمووارکردنەوەی ماستەر پلانی فراوانکردنی شاری هەولێر کردووە کە هەریەکەیان پسپۆرییەکی تایبەتییان لە سێکتەرێکی پەیوەندیدار بە ماستەر پلانەکە هەیە.