بە بڕیاری سەرۆک وەزیران 250 کەس لە نەخۆشخانە مۆدێرنەکەی شێلادزێ دادەمەزرێنرێن

بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، 250 کارمەند و فەرمانبەر بۆ نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی شێلادزێ دادەمەزرێنرێن.

یەک شەممە 29ـی ئەیلوولی 2024 د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆک، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی شێلادزێ تەواو کراوە و بڕیارە بەم زووانە بکرێتەوە. بە سوپاسەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بڕیاری دامەزراندنی 250 فەرمانبەر و کارمەندی بە شێوەی گرێبەست بۆ نەخۆشخانەکە دەرکردووە”.

وەکوو ئەوەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆک باسی کرد “هەر کەسێک بیەوێت لەو نەخۆشخانەیە کار بکات، دەتوانێت بە ڕێگەی ئۆنلاین سیڤییەکەی پێشکەش بکات بەپێی ئەو ڕێنماییانەی دیاری کراون”. ڕوونیشی کردەوە “ماوەی پێشکەشکردنەکە تەنها 48 کاتژمێرە؛ کاتژمێر 12:30 خولەکی ئەمڕۆ دەستی پێ کردووە و تاوەکوو کاتژمێر 12:30 ڕۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت”.

مەرجەکانی پێشکەشکردن:

– پێشکەشکار نابێت لە هیچ دامەزراوەیەکی حکوومەتی فەرمانبەر بێت نە بە شێوەی هەمیشەیی و نە بە شێوەی گرێبەست. 

– ڕێژەی وەرگرتنی ڕەگەزی نێر و مێ ٪50 بە ٪50 دەبێت.

– پێشکەشکار لە نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەی شیلادزێ دادەمەزرێت بە هیچ شێوەیەک بو هیچ دامەرزاوەکی دیکە ناگۆازرێتەوە.

 لینکی پێشکێشکردنی داواکاری: https://www.duhokhealthform.org


ڕۆژی یەکشەممە، 7-9-2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و پارێزگاری دهۆك لە ڕێوڕەسمێكدا، بەردی بناغەی پرۆژەی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی شێلادزێی دانا.

گوژمەی دروستکردنی نەخۆشخانەکە کە دەکەوێتە کۆمەڵگەی هێتۆتێ لە ناحیەی شێلادزێ، 43 ملیۆن دۆلارە  و ئامێر و پێداویستیی پزیشکیی پێشکەوتووی بۆ دابین کراوە.

ڕووبەری نەخۆشخانە100 قەرەوێڵەیییەکە 43 ھەزار مەتر دووجایە؛ لە چوار نهۆم، ژێرزەمینێک و شەش هۆڵی نەشتەرگەریی پێک دێت و بە شێوەیەکی سەردەمییانە بنیات نراوە. شوێنی مانەوەی پزیشک، نیشتنەوەی ھێلیکۆپتەر و پارککردنی ئۆتۆمبێلی تێدا هەیە.

لە سنووری پارێزگای دهۆک لە ماوەی پێنج ساڵی کابینەی نۆیەمدا، 29 پرۆژە لە کەرتی تەندروستیدا جێ بەجێ کراون.

لە چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا، 13 نەخۆشخانەی حکوومەتی نوێ لە شار و شارۆچەکەکانی هەرێمی کوردستان دروست کراون؛ بەمەش ژمارەی نەخۆشخانە حکوومەتییەکان گەیشتووەتە 45 نەخۆشخانە.

لە بواری دابینکردنی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان، هاوکات دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی دەیان بنکەی تەندروستی و تاقیگەی پزیشکی جۆراوجۆر بەشێکی دیکەی هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بووە، بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستی، 26 کارگەی ئۆکسجین دامەزرێندراون، بەمەش ژمارەی کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین بوو بە 41 کارگە.

ھەواڵی زیاتر