پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، ژمارەیەک کاندید بەهۆی “پێشێلکردنی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن” لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سزا دراون.
یەکشەممە، 29-09-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “ژمارەیەک کاندید لەلایەن لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە پێ بژاردنیان پێ کراوە و سزادراون، لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی پۆستەرەکانی بانگەشەیان لەسەر شەقامەکان دانابوو و ڕێگەی هاتوچۆی هاووڵاتییانیان گرتبوو”.
پارێزگاری دهۆک باسی لەوەش کرد “لیژنەیەکی تایبەت بە هەماهەنگی لەگەڵ لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژادنەکانی عێراق، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کەوتن، دڕاندن و شێواندنی پۆستەری کاندیدان لە سنووری پارێزگاکە پێک هێندراوە و سەرپێچیکاران هەر کێ بن، بە سزای خۆیان دەگەن”.
وەکوو ئەوەی د. عەلی تەتەر ئاماژەی پێ کرد “وەکوو حکوومەت، ئیدارەی پارێزگای دهۆک و لیژنەی ئەمنیی سەرپەرشتیی پرۆسەی هەڵبژاردن لە سنووری پارێزگای دهۆک، داوا دەکەین بانگەشە بە شێوەیەکی مەدەنی، شارستانی، دیموکراسییانە، ئارام و دوور لە پێشێلکاری و ناوزڕاندن بەڕێوە بچێت. پێمان وایە سەرکەوتنی سەرەکی و گەورە، سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنە، نەک کە هەر لایەنێک چەند کورسی بە دەست دەهێنێت”.
بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە بەیانیی چوارشەممەوە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کردووە و تاوەکوو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.
دەنگدانی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 20-10-2024 و دەنگدانی تایبەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەش؛ ڕۆژی 18-10-2024 بەڕێوە دەچێت. 136 لیست و 1,191 کاندیدی لایەنەکان و سەربەخۆ و کۆتاکان ڕکابەریى بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسیی پەرلەمان دەکەن.
دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:
1. هەولێر: 32 کورسی
2. سلێمانی: 36 کورسی
3. دهۆک: 24 کورسی
4. هەڵەبجە: سێ کورسی
(کۆی گشتی: 95 کورسی)
دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:
1. هەولێر: دوو کورسی
2. سلێمانی: دوو کورسی
3. دهۆک: یەک کورسی
4. هەڵەبجە: سفر کورسی
(کۆی گشتی: 5 کورسی)