د.ڕێبوار بابکەیی، بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی:هەڵبژاردنەکە سەنگی مەحەکە و نەخشەی ھێزە سیاسییەکان دووبارە دادەڕێژێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، ئەوەی بۆتە ھۆی پاراستنی ئاسایش و جێگیری و دروستبوونی دەرفەتی کار و سەرنج ڕاکێشانی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی ڕوو لە کوردستان بکەن، پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆیە ھیچ ھێز و لایەنێکی سیاسی لەناو کوردستان ناتوانێت کێبڕکێی پارتی بکات، چونکە پارتی دەستکەوتی گەورەیە، بۆ ئەوەی ئەو ئارامی و ئاسایشە بەردەوام بێت، پێویستە خەڵکی کوردستان بەھێزەوە پاڵپشتی لە پارتی بکەن، لە ھەمان کاتدا لەم ھەڵبژاردنەدا کۆتایی بە زۆن و زۆنکاری و دەستوەردانی ئەحزاب و سیاسەتی دووفاقی و فەوزای سیاسی دەھێنێت. بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی، دەڵێ: ھەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان سەنگی مەحەکە و نەخشەی ھێزە سیاسییەکان دووبارە دادەڕێژێت.

بەرنامەی پارتی ڕوونە
لە ٢٠ـی ئۆکتۆبەردا دەنگدانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، پارتی دیموکراتی کوردستان بەرنامەیەکی بەھێز و تۆکمەی لەژێر ناوی ” ئارامی و ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگری” لە دەیان سێکتەری جیا کە دەیان خاڵیان لێ دەبێتەوە خستووەتەڕوو، لە کۆی گشتییدا دامەزراندنی حکوومەتێکی بەھێزی بە ئامانج گرتووە، کە بتوانێت دەستەڵات و سەروەریی یاسا و شەرعیەت لە سەرتاسەری کوردستاندا پیادە بکات و یەکپارچەیی خاک و گەلی ھەرێمی کوردستان بپارێزێ و کۆتایی بە زۆن و زۆنکاری و دەستوەردانی ئەحزاب و یاساشکێنی و سیاسەتی دووفاقی و فەوزای سیاسی و ناوچەگەری بھێنێ، بە لەبەرچاوگرتنی کارکردنی جیددی لە سێکتەرەکانی ئابووری، کشتوکاڵ، پەروەردە و ھەلی کاردا.
پارتی لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٨، کە خولی پێنجەمی پەرلەمان بوو، ٤٥ کورسی بە دەستھێنابوو و پارتی بۆ ئەو ھەڵبژاردنە چاوی لە سەرکەوتنی زۆر گەورەترە. ئاری مستەفا، چاوێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەو بەڵێنانەی پارتی بە خەڵکی کوردستان دەدات جێبەجێ دەکات، ھەر لەبەر ئەوەشە خەڵکی کوردستان متمانەی زۆریان پێ ھەیە، لەگەڵ ئەوەی کوردستانیان باش دەزانن ئەگەر پارتی نەبووایە ئێستا ھەولێر لەلایەن دوژمنانی کوردەوە داگیر کرابوو، خۆی ڕوونە کە ھەموو دەستکەوتە گەورەکان لەسەر دەستی پارتی بەدیھاتوون، بۆیە بۆ زیاتر ئارامی و ئاوەدانی پێویستە کوردستانیان دەنگ بە لیستی ژمارە ١٩٠ـی پارتی بدەن.
پارتی خۆشگوزەرانی خەڵکی لا گرنگە
د. تاھیر خدر، ئەویش کە چاودێری سیاسییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پارتی لە ساڵانی ڕابردوو لەڕێگەی نوێنەرانییەوە چ لە پەرلەمان، یان لەناو حکوومەتدا جێی دەستیان دیار بووە، پارتی لە بەرنامە و پلانەکانیدا بەردەوام بە گرنگییەوە دەڕوانێتە خزمەتکردنی ھاووڵاتییان، سەرۆکی حکوومەت ڕۆژانە لە شاروشارۆچکەکان بەردی بناغەی پڕۆژە دادەنێت و پڕۆژەی نوێ دەکاتەوە، بۆیە سەرکەوتنی پارتی واتە مسۆگەرکردنی زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و زامنکردنی داھاتووی نەوەکانمان، لەبەر ئەوە تا پارتی زیاتر دەنگ بەدەست بێنێت، ئەوەندە کوردستان ئاوەدانتر دەبێتەوە، بۆیە زۆر پێویستە لیستی پارتی و بارزانی سەرکەوتن بە دەست بھێنێت، لەگەڵ ئەوەی پارتی لەم ھەڵبژاردنەدا کۆتایی بە زۆن و زۆنکاری و دەستوەردانی ئەحزاب و سیاسەتی دووفاقی و فەوزایی سیاسی دەھێنێ.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی بواری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی ” ھەولێر” دەڵێت: ئەوەی بۆتە ھۆی پاراستنی ئاسایش و جێگیر بوون و دروست بوونی دەرفەتی کار و سەرنج و ڕاکێشانی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی ڕوو لە کوردستان بکەن، پارتییە، ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی لە کوردستان کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەی پێ دەدرێت، ئەمە ھەمووی وجوودی پارتییە، بۆ ئەوەی ئەو ئارامی و ئاسایشە بەردەوام بێت، پێویستە خەڵکی کوردستان پاڵپشتی لە لیستی پارتی بکەن.
ئەو چالاکوانە، ڕوونیشیکردەوە: ھیچ ھێز و لایەنێکی سیاسی لەناو کوردستان ناتوانێت کێبڕکێی پارتی بکات، چونکە پارتی دەستکەوتی گەورەیە، پارتی خاوەنی دەیان داستان و بە ھەزاران شەھیدە، خاوەنی ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە، بۆیە ئەگەر پارتی نەبێت کوردستانیش نابێت، بۆ ئەوەی کوردستانێکی بەھێزمان ھەبێت، دەبێت لیستی پارتی سەرکەوێت.
بەهێزبوونی پارتی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان گرنگە
حەسەن ئیسماعیل، چاودێری سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، بەرنامەی پارتی، بەرنامەیەکی زۆر ڕێکوپێکە و ھەموو خاڵەکان گرێدراون بە ژیانی خەڵکەوە، گرێدراون بە ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد و پاراستنی کەڕامەتی خەڵکی کوردستان، وەکو بەرنامەی ھەندێک حیزب نییە کە بەس لەسەر شەڕ و ئاژاوە و دژایەتی پارتی دایان ناوە، پێیانوایە کە چەند دژایەتی پارتی بکەن دەنگی زیاتر بە دەست دەھێنن، نازانن کە چەند دژایەتی پارتی بکەن ئەوەندە دەنگ و کورسی و متمانەی خەڵکی کوردستان لە دەست دەدەن.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: پارتی ھێزی خۆی لە خەڵکی کوردستان وەردەگرێت، ھەر لەبەر ئەوەش پارتی بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش حزبەکانی دیکەی کوردستانەوە دێت، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و بۆ کوردستانێکی بەھێزتر و ئارامی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی زیاتر دەبێت ھەموو خەڵکی کوردستان وەکو ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوایەتی، ھەست کردن بە بەرپرسیارەتی بەرامبەر بە خاک و نیشتمان بەشداری ھەڵبژاردن بکات و کارنامەی دەوڵەمەندی پارتی دیاری بکەن، کە مافی ھەموو چین و توێژەکانی تێدا پارێزراوە.
پارتی چاوی لە سەرکەوتنێکی گەورەیە
د.ڕێبوار بابکەیی، بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی لە میانەی بەشداریکردنی لە سیمینارێکی لقی ٦ی ئەوروپای پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: ھەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەر تەنیا ڕووداوێکی دیموکراسی نابێت کە گوزارشت لە چوونی خەڵک بۆ دەنگدان بکات، بەڵکو ٢٠ی ئۆکتۆبەر ڕووداوێکی سیاسی دەبێت و ھێز و توانای پارت و لایەنە سیاسییەکان دادەڕێژێتەوە، ئەنجامی نەخشە و ھێزی لایەنە سیاسییەکان جیاواز دەبێت لەگەڵ پێش ٢٠ی ئۆکتۆبەر، ئەگەر ئەم ھەڵبژاردنە بۆ ھێزەکانی دیکە بریتی بێت لە بەشداری سیاسی، ئەوە بۆ ئێمە وەک پارتی بەرپرسیاریەتییەکی مێژووییە.
بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی، ئاشکراشی کرد: ھەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز دەبێت لە ھەموو ھەڵبژاردنەکانی ڕابردووی ھەرێمی کوردستان، بۆیە بۆ ئێمە وەک پارتی تەنیا بەشداریکردنی پرۆسەکە نییە، ئێمە ناچینە ناو ھەڵبژاردنێک تەنیا بۆ بەشداریکردن، بە پێچەوانەوە دەمانەوێت لەسەر ئەنجامی ئەو ھەڵبژاردنە، جارێکی دیکە بەرپرسیارییەتی وەربگرینەوە، یەکێک لە جیاوازییەکانی ئێمە لەگەڵ لایەنەکانی دی بۆ پرۆسەی حوکمڕانی و بەشداری لە ھەڵبژاردن ئەوەیە ھێزەکانی دیکە دەیانەوێ لەڕێی سندووقی دەنگدانەوە پۆست بەدەست بێنن، پارتیش دەیەوێ بەرپرسیاریەتی بۆ ئیدارەدانی وڵات وەربگرێتەوە.
بابکەیی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە دوای پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕوانن ھەوڵ و بزاڤی پارتی لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان بۆ ئەوە بووە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکرێت، ھیچ ھێزێکی سیاسی خۆی لە قەرەی ئەو بابەتە نەداوە، ئەم ھەڵبژاردنە سەنگی مەحەکە، لە نێوان ئەوەی کێ دەستەڵاتداری و خزمەتکردنی کوردستان دەکات و کێش فێرکارێکی سیاسی ھەبووە و خەڵکی کوردستانی بە لاڕێدا بردووە.

ھەواڵی زیاتر