هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تا کاتێکی نادیار دەمێننەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق بۆ ساڵێک و لە سووریا بۆ دوو ساڵ درێژ کرایەوە و لە دوای ئەو قۆناغەش ئەو هێزانە ڕۆڵی ڕاوێژکارییان دەبێت و دەگوترێ مانەوەیان پەیوەستە بە دۆخی ناوچەکە و گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا و ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

ئەمەریکا ئاشکرای کرد لەگەڵ عێراق ڕێککەوتووە بۆ ئەوەی تا ساڵێکی دیکە کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی لە عێراق بهێنرێت و لە چوارچێوەی ڕێکارێکی نوێی دابینکردنی ئاسایش درێژە بە پێوەندییەکانی لەگەڵ عێراقی فیدراڵیدا بدات.
ئەمەریکا دوو هەزار و پێنجسەد سەربازی لە عێراق و نۆسەد سەربازی لە سوریادا هەیە، ئەوەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدایە کە لە ساڵی ٢٠١٤ پێکهێنرا.
ئەو کات کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش پەلی هاویشتە بەشێکی بەرچاو لە خاکی سووریا و عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هاوپەیمانێتییەکە دامەزرا و ڕۆڵێکی زۆر کاریگەری هەبوو لە پاشەکشە و لاوازکردن و لەناوبردنی داعش.
چەند ساڵێکە عێراق بەسەر دوو ڕای جیاوازدا دابەش بووە و بەشێکیان کە زیاتر لە لایەنەکانی شیعەن پێیان وایە داعش کۆتایی هاتووە و پێویست ناکات هێزی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق بمێننەوە و بەرەیەکی تر کە کورد و سوننە و بەشێکی شیعەن پێیان وایە هێشتا داعش مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە و پێویستیان بە یارمەتی و هاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە.
حکوومەتی سوودانی لە لایەن بەشێک لە هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوشارێکی زۆری لەسەر بووە بۆ ئەوەی کۆتایی بە مانەوەی ئەو هێزانە بهێنێت و لە میانەی سەردانی ئەمدواییانەی سوودانی بۆ ئەمەریکا ئەو پرسە جارێکی تر وروژێنرا و دەرەنجامەکەی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان ئەمەریکا و عێراقدا بووە.
عێراق و ئەمەریکا ڕێککەوتوون لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و هەر دوو لا ساغ بوونەتەوە تا مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٥ کۆتایی بەو ئەرکە بهێنرێت و دۆخەکە بۆ قۆناغێکی نوێ لەسەر بنەمای هاوبەشی لە ئاسایش بگوازنەوە.
دەنگی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە ئەم بڕیارە دوای چەند مانگێک لە گفتوگۆی نێوان کۆمیسیۆنی باڵای سەربازی ئەمەریکا و عێراق و هاوبەشەکانی هاوپەیمانان ڕاگەیەندرا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ئێوارەی هەینیی ٢٧ی ئەیلوول بەیاننامەیەکی هاوبەشی بڵاوکردەوە و تیایدا کاتە دیاریکراوەکەی ڕاگەیاند .لە بەیاننامەکەدا سێ خاڵی سەرەکی و گرنگ خراونەتە ڕوو کە گرنگترینیان کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراقە.
لە بەیاننامەکەدا پێداگری لەوە کراوە لە ماوەی دوازە مانگی داهاتوودا هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە عێراق کۆتایی پێدەهێنن و ئەرکەکەیان لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەگۆڕدرێت بۆ هاوبەشییەکی ئاسایشی دوو لایەنە کە ئامانجی پاڵپشتیکردنی هێزە عێراقییەکانە و بەردەوام دەبێت لە گوشارخستنە سەر داعش بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی لە وڵاتەکەدا.
راستە لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٥ەوە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق ناکرێ و زیاتر ئەرکەکەیان ڕاوێژکردن و ڕاهێنان دەبێت بە پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەڵام لە سووریا ئەرکەکەیان درێژەی دەبێت و بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دژی داعش.
لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە لە کاتێکدا عێراق ئەندامێکی گرنگی هاوپەیمانییەکەیە، بۆ ڕاگرتنی گەڕانەوەی هەڕەشەکانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەرکی سەربازی هاوپەیمانان لە سووریا تا مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت، ئەم بڕیارە بڕیاری کۆتایی نییە و پەیوەستە بە دۆخی ناوچەکە و گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا و ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربازی پابەندە بە دروستکردنی پلان و داڕشتنی کاتی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی پێشتر باس کراون. ئەمەش ڕێوشوێنەکانی پاراستنی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە عێراق لە کاتی گواستنەوەدا دەگرێتەوە، کە لەگەڵ دەستوور و یاساکانی عێراقدا بگونجێت.
لە ڕێککەوتنەکەی نێوان حکوومەتی عێراق و ئەمەریکا ئەوە بە ڕوونی دەردەکەوێت کە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان چالاک دەبن و هەر لە هەرێمی کوردستانەوە هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی داعش و گواستنەوەی چەک و پێداویستی لۆجستیکی بۆ لێدانی داعش لە سووریا و کەمکردنەوەی تواناکانی و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان درێژەیان دەبێت.
بە پێی ئەو ڕێککەوتنە هیچ کاتێک بۆ کۆتایی مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق دەستنیشان نەکراوە هەر چەند ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکان داندراوە. هێزەکانی ئەمەریکا پێیان وایە هێشتا داعش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر عێراق و ناوچەکە و ئاسایشی جیهانی و بۆیەش ناکرێ بەو شێوەیە جێهێڵدرێت و ئەو ڕیسەی چەند ساڵە ڕستوویانە بە بڕیارێکی هەڵە بکرێتەوە خوری.