بەشێکە لە ڕێگای هامڵتۆن کە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران بە پارێزگای هەولێر دەبەستێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دووسایدی سپیلک-خەلیفان بەگوژمەی ٦٤ ملیار دینار تەواو کرا، ئەوەش دەبێتە ھۆکار بۆ زیاتر بووژانەوەی کەرتی بازرگانی و گەشتیاریی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: لەپێناو گرنگیدان و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان، حکوومەتی ھەرێم ڕێگەی ٢٨٥ گوندی بەگوژمەی ٢٥ ملیار و ٨٢٦ ملیۆن دینار دروست کردووە.

دووسایدی سپیلک-خەلیفان
پڕۆژەی دووسایدی سپیلک- خەلیفان، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ١٥ ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بەردی بناغەی دانا و ئێستا تەواو بووە، درێژی ڕێگەکە ٨.٥ کیلۆمەترە، لە پێچەکانی ڕێگەی سپیلکەوە دەست پێ دەکات، تا دەگاتە دەروازەی قەزای خەلیفان و بە گوژمەی ٦٤ ملیار دینار جێبەجێ کراوە. ھاووڵاتییان دەستخۆشی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن، دووسایدکردنی ڕێگەکە وای کردووە بە ئاسانی بتوانین ھاتووچۆ بکەین.
ڕێگەی سپیلک- خەلیفان، بەشێکە لە ڕێگەی سەرەکی نێوان ھەولێر و سۆران، بە دووسایدکردنی ڕێگەکە، ئاسانکاریی زۆر بۆ ھاووڵاتییان، گەشتیاران و بازرگانی دەکات، ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لەو ٥٨٥ پرۆژە گرنگەی ڕێگەوبان، کە لە کابینەی نۆیەم تەواو کراون، بەشێکە لەڕێگەی ھامڵتۆن کە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران بە پارێزگای ھەولێر دەبەستێتەوە و دەبێتە ھۆکارێک بۆ بووژانەوەی کەرتی بازرگانی و گەشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

حکوومەتی ھەرێم ڕێگەی بۆ ٢٨٥ گوند دروست کردووە
د.ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: وەکو وەزارەت لەسەر چەند پۆلێنێک ڕێگەوبانەکانمان دابەشکردووە، ڕێگەوبانی سەرەکی لەوانە دووساید، یەک ساید، ڕێگەوبانی لاوەکی و ڕێگەی گوندەکان، بەڵام نەھاتووین بڵێین تەنیا کارمان لەسەر ڕێگەی سەرەکی کردووە، بەڵکو زۆر بە بەرفراوانی ئاوڕ لە ڕێگەی گوندەکان دراوەتەوە، بۆ گرنگیدان بە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و لەپێناو ھاندانی مانەوەی دانیشتووانی گوندەکان و ڕێگریکردن لە کۆچی پێچەوانە، لە گوندەوە بۆ شار و شارۆچکەکان، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا لەو ٤٤٠ پڕۆژەیە ٢٨٥ پڕۆژەی ڕێگەوبانی گوندەکان بووە، کە بریتی بووە لە قیڕتاوکردنی ڕێگەی گوندەکان، چاککردنەوەی ڕێگەی گوندەکان و دروستکردنی ڕێگەی نوێ، گوژمەکەشی ٢٥ ملیار و ٨٢٦ ملیۆن دینار بووە، ئەمەش ئاوڕدانەوەیەکی باش بووە بۆ گوندەکان.

بە ھەزاران کۆمپانیای ناوخۆیی کار لەسەر ڕێگەوبانەکان دەکەن
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: ئێستا لە ھەرێمی کوردستان بە ھەزاران کۆمپانیای ناوخۆیی کار لەسەر ڕێگەوبانەکان دەکەن، ئەگەر باسی پێش ١٥ ساڵ بکەین زیاتر پڕۆژە گەورەکان لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکان جێبەجێ دەکران، بەڵام ئێستا لە ھەرێمی کوردستان بە ھەزاران کۆمپانیای ناوخۆی ھەنە و شارەزایەکی باشییان ھەیە، زۆرێک لەو پڕۆژە باش و لەبەرچاوانەی ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ کردندان لەلایەن کۆمپانیاکانی ھەرێم جێبەجێ دەکرێن.

ھەواڵی زیاتر