دانا ئەحمەد مەجید بە ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا

بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، لە دەرەوەی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەکە لە گردی زەرگەتە، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 28ی ئەیلوولی 2024، لە هۆڵێکی بۆنەکانی شاری سلێمانی ڕێوەڕەسمی ڕێزلێنان لە عومەری سەید عەلی بەڕێوەچوو، هەر لەو ڕێوڕەسمەدا دەستاو دەستکردنی دەسەڵاتی لە نێو بزووتنەوەکە بەڕێوە چوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا دانا ئەحمەد مەجید بە وەکالەت بە بەڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە هەڵبژێردراو عومەری سەید عەلی تەواوی دەسەڵاتەکانی ڕادەستی ڕێکخەری گشتیی نوێی بزووتنەوەی گۆڕان کرد.

دلێر عەبدولخالق گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: هەر کەسێک هۆکاری داخستنی دەرگای مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان بێت بە ڕووی هاوڕێکانی نەوشێروان مستەفا، بڕیارێکی هەڵەی داوە، چونکە ئەو شوێنە، شوێنێکی گشتییە، نە ئەمڕۆ و نە هیچ کات نابێتە موڵکی تایبەتی، ئێمە چاومان لە ئاکار و ڕەفتار و خزمەتکردنی بزووتنەوەی گۆڕانە و چاومان نەبڕیوەتە موڵکی نەوشێروان مستەفا، بەڵکو چاومان لە ڕوانگەی نەوشێروان مستەفایە بۆ خزمەتکردنی بزووتنەوەی گۆڕان.

گوتیشی: ئەو گۆڕانکارییانەی کراون بۆ بەهێزکردنەوەی بزووتنەوەی گۆڕانە و بە ئایدۆلۆجیایەکی نوێوە دەگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی، ڕاستە بزووتنەوەی گۆڕان هەڵە کردووە، بەڵام خیانەتی نەکردووە.

سەبارەت بە میکانیزمی هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانم دلێر عەبدولخالق گوتی: کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوی فەرمی ئەو دەرفەتەی بە بزووتنەوەی گۆڕاندا کە کەسی یەکەمی بزووتنەوەکە، عومەری سەید عەلی بە وەکالەتنامەیەک متمانە ببەخشێت بە کەسێکی جێگەی متمانە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ڕێکخەری گشتی، بۆ ئەوەی گۆڕان بتوانێت بەشداری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات، دووەمیش ئەو کەسەی متمانەی پێدەدرێت بەرپرسە لە بەستنی سێیەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان، خاڵی سێیەمیش ئەوەی دەبێت لە سێیەمین کۆنفرانسی گۆڕان، دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەکە بەشێوەیەک دابڕێژرێتەوە کە لەگەڵ یاسا کار پێکراوەکانی عێراق یەکانگیر بێت.

سەبارەت بە داخستنی دەرگای مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە، گوتەبێژەکەی بزووتنەوەکە گوتی: گۆڕان هەر لە سەنتەری شاری سلێمانی چەند باڵەخانەیەکی دیکەی شیاوی هەیە بۆ کاری ڕێکخراوەیی.

دوێنێ هەینی 27ی ئەیلوولی 2024، دوای داخستنی دەرگای مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی سەنتەری سلێمانی، كوڕانی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌باره‌ت به‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پۆستی ڕێكخه‌ری گشتی ڕایانگەیاندووە، به‌ پێویستی ده‌زانن یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه‌ له‌ ناو جڤاتی نیشتمانی بێت نه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و جڤاته‌.

ھەواڵی زیاتر