سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی ٦١ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان دەکات

سەرۆک بارزانی لە ٦١ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەر و کارمەندانی ئێزگەکە کرد و ھیوای خواست ئێزگەکە بەردەوام لە گەشەکردن و پێشکەوتندا بێت.

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بەڕێوبەر و کارمەندانی ئێزگەی دەنگی کوردستان

بە بۆنەی شەست و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم  لە ئێوەی خۆشەویست و جەماوەر و لایەنگرانی پارتی و خەڵکی کوردستان دەکەم.

ھیوادارم ئیزگەکەتان کە یادگاری شیرین و کاریگەریی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە، لە گەشەکردن و پێشکەوتندا بێت.

دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان لەو ڕۆژگارە سەخت و پڕ شانازییەدا، ھەنگاوێکی گرنگ بوو لە گەیاندنی دەنگی شۆڕش و ھەواڵەکانی نەبەردیی و داستانەکانی پێشمەرگە بە خەڵکی خۆڕاگری سەرانسەری کوردستان و ڕێگەیەکی سەردەمیانە بوو بۆ گەیاندنی پەیامی مەزڵوومییەتی گەلی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی بە ڕای گشتیی عێراق و ناوچەکە و جیھان.

ھەر لەم بۆنەیەدا، سوپاسی ھەموو ئەو خەباتگێڕ و تێکۆشەرانە دەکەم کە ڕۆڵیان لە بەردەوامی و زیندووھێشتنەوەی دەنگی دلێری ئێزگەی دەنگی کوردستاندا ھەبووە. داواتان لێدەکەم بەردەوام بن لە کارکردنی میدیایی ڕاستگۆ و سەنگین و دەستگرتن بە بەھا نەتەوەیی و نیشتیمانی و مرۆڤانییەکان و بەردەوامی بەو نەھجە ئازاد و شۆڕشگێڕانە و دیموکراسیە بدەن کە ئەو ئێزگەیەی لە پێناودا دامەزراوە.

ھەر سەرکەوتوو بن

مسعود بارزانی

٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٤

ھەواڵی زیاتر