ئومێد سەباح: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکی خۆی بۆ حکوومەتی عێراق دووپات کردووەتەوە

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە هاوبەشی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر ڕێکیان خست، دووپاتی ئەوەی کردەوە کە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی نیازپاکیی و پابەندییەکانی بۆ حکوومەتی فیدراڵ دووپات کردووەتەوە.

پێنجشەممە 26ـی ئەیلوولی 2024، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەماوەەی دوو ڕۆژدا  لەگەڵ لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، گفتوگۆمان لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ کرد، دوای ئەو کۆبوونەوانە جارێکی دیکە دووپات لە پابەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە کە ئیرادە و  نیازی پاکی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی هەیە، داوای کرد لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕۆڵی چالاک و گرەنتی بدات لەبارەی هەر ڕێککەوتنێک کە پێی دەگەین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵییدا.

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند کە، لەگەڵ لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆیان لەسەر پرسی نەوت و غاز کردووە، لەگەڵ دۆسێی دارایی و پرسی مووچە، بەتایبەت مووچەی مانگی هەشت و نۆ، گوتی: ئەوان بەڵێنی باشیان پێمانداوە بۆ قسەکردن لەسەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ سەبارەت بەو پرسە، دەڵێت:  گفتوگۆمان لەبارەی بابەتی بەبانکیی کردنی مووچەخۆران کرد کە ژمارەیەکی زۆری مووچەخۆران بە بانکیی کراون ئەوانەی مووچە لە دەوڵەت وەردەگرن، ئاشکرای کرد، سەدا50ـی ئەو مووچەخۆرانە تۆمارکراون، پێدانی پارەش بە بانکەکان سەدا25 کارا کراوە، ڕایگەیاند: تا کۆتایی ئەمساڵ نزیکەی ملیۆنێک مووچە خۆر، مووچەکانیان بە بانکیی دەکرێن لەڕێگەی هەژمارە بانکییەکان.

ئومێد سەباح ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، گفتوگۆیان لەبارەی دەروازە سنوورییەکان کردووە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا بوودجەی کارپێکردنی وەرنەگرتووە، دەڵێت: داوامان کرد کە لێژنەی دارایی دەستوورەدان لەو بابەتە بکەن و بەڵێنی ئەوەشیان پێماندا.

ئومێد سەباح دەڵێت: لە پرسی خانەنشینیش، داوامان کردووە بەگوێرەی فەرمانی دیوانیی ئەو پرسەی تایبەت بە خانەنشینان چارەسەر بکرێن و بۆ ئەوەش بەڵێنیان پێماندا چارەی بکەن.

گوتی: لەسەر پرسی داهاتەکان، هەوڵدەدەین دەزگاکان لە یەکتر نزیک بکەینەوە و شیکردنەوەیەکی دروست بۆ داهاتە نانەوتییەکان دروست بکەین، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستانمان لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ڕادەستی بەغدا کردووە.

گوتیشی: ئێمە پابەندی هەموو ماددەکانی بوودجەین، چاومان لەوەیە لێژنەی دارایی یارمەتیدەربن لە گەیشتمان بە مافە دەستوورییەکانمان لە بوودجەدا.

شاندێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرسە داراییەکان و ئەو کێشانەی تا ئێستا لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ یەکلا نەبوونەتەوە، دوو ڕۆژە لە هەولێرن، دوای گفتوگۆ و زانیاریی ئاڵوگۆڕکردن، هەردوولا گەیشتنە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو هیچ کێشەیەکی دارایی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا نەمێنێت.