فەرمانی وەزاریی بۆ بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ دەرچوو

بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بە شێوەی گرێبەستی هەمیشەیی؛ ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26-09-2024، وەزارەتی پەروەردە فەرمانێکی وەزاریی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان کرد.

وەزارەتی پەروەردە لە نووسراوەکەیدا، داوای لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتیییەکانی پەروەردە کردووە، کاری پێویست بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە بکەن.

یەکشەممە، 25-08-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد و دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانیان، بڕیاری دا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت، بکرێنە گرێبەست.

بێجگە لەمە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای کابینەی نۆیەمدا، زیاتر لە پێنج هەزار و 88 مامۆستای گرێبەستی کردە هەمیشەیی. هاوکات 748 مامۆستای پەروەردەی تایبەت لە قوتابخانە حکوومەتییەکان بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دامەزراند.