ئاوەدانکردنەوەی سێمێل بەردەوامە

بە گوژمەی زیاتر لە 10 ملیار دینار، بەردی بناغەی جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای سێمێل دانرا.

لە چوارچێوەی بایەخپێدان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان؛ ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26-09-2024، بە چاودێریی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لە ڕێوڕەسمێکدا، بەردی بناغەی ژمارەیەک پرۆژە بە گوژمەی 10 ملیار  و 676 ملیۆن دینار لە قەزای سێمێل، دانرا.

پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، لە ماوەی کابینەی نۆیەم، 159 پرۆژە بە گوژمەی 224 ملیار و 807 ملیۆن و 508 هەزار دینار لە قەزای سێمێل جێ بەجێ کراون.

وەکوو ئەوەی پارێزگاری دهۆک باسی کرد، لەو ژمارەیە، 95 پرۆژە خراونەتە خزمەتی هاووڵاتییان، کارکردن لەسەر 32 پرۆژە بەردەوامە و 32 پرۆژەی دیکەش لە ئاییندەیەکی نزیکدا ڕادەگەیەنرێن.  

د. عەلی تەتەر دووپاتی کردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ پرۆژەکان لە هەموو قەزا، ناحیە و گوندەکان بە یەکسانی دابەش کراون.

پرۆژەکانی کابینەی نۆیەم دهۆکیان ڕەنگین کردووە

لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی هەزار و 314 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە سێ تریلیۆن و 107 ملیار دینار لە سنووری پارێزگای دهۆک دراوە؛ بەشێکی زۆریان تەواو بوون و کارکردن لە ژمارەیەکیشیان بەردەوامە.

لەو ژمارە پرۆژەیە، هەزار و 249ـیان لەلایەن کەرتی گشتییەوە جێبەجێ کراون و کابینەی نۆیەم گوژمەی زیاتر لە دوو تریلیۆن و 18 ملیار دیناری بۆیان  خەرج کردووە. 65 پرۆژەی دیکەش، بە گوژمەی زیاتر لە یەک تریلیۆن و 89 ملیار دینار، لە لایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ کراون.

* ژمارە و گوژمەی پرۆژە گشتییەکانی پارێزگای دهۆک لە ماوەی کابینەی نۆیەم: 

– ساڵی 2020: 148 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 549 ملیار دینار.

– ساڵی 2021: 138 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 152 ملیار دینار.

– ساڵی 2022: 325 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 238 ملیار دینار.

– ساڵی 2023: 101 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 109 ملیار دینار.

– ساڵی 2024: 149 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 960 ملیار دینار.

– پرۆژەی داهاتوو: 118 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە حەوت ملیار دینار.

* دابەشکاریی جێبەجێکردنی پرۆژەکان بەسەر قەزاکاندا:

– قەزای دهۆک: 221 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 618 ملیار دینار.

– قەزای ئاکرێ: 216 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 208 ملیار دینار.

– قەزای ئامێدی: 331 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 401 ملیار دینار.

– قەزای سێمێل: 159 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 202 ملیار دینار.

– قەزای شێخان: 161 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 296 ملیار دینار.

– قەزای بەردەڕەش: 216 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 302 ملیار دینار.

* دابەشکاریی جێبەجێکردنی پرۆژەکان بەسەر کەرتەکاندا:

کەرتی ڕێگاوبان و شەقامە ناوخۆییەکان: 752 پرۆژە بە گوژمەی 1,250 ملیار دینار.

کەرتی کارەبا: 164 پرۆژە بە گوژمەی 295 ملیار دینار.

کەرتی ئاو: 110 پرۆژە بە گوژمەی 204 ملیار دینار.

کەرتی تەندروستی: 29 پرۆژە بە گوژمەی 86 ملیار دینار.

کەرتی پەروەردە: 158 پرۆژە بە گوژمەی 34 ملیار دینار.

کەرتی کشتوکاڵ (بەنداو و پۆند): 26 پرۆژە بە گوژمەی 27 ملیار دینار.

کەرتی دیکە: 44 پرۆژە بە گوژمەی 122 ملیار دینار.

کەرتی وەبەرهێنانی مۆڵەتپێدراو: 65 پرۆژە بە گوژمەی 1,089  ملیار دینار.