پارتی بەڵێنی ئارامی و ئاوەدانی بە دەنگدەرانی دەدات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بە فەرمی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و تا ٤٨ کاتژمێر پێش ھەڵبژاردن بەردەوام دەبێت، لایەنە سیاسییەکانیش ھەر یەکە و بەشێوازێک دەستی بە بانگەشە کردووە، زۆر لە کاندیدەکان پۆستەرەکانیان لە شەقام و شوێنە گشتییەکان ھەڵواسیووە، پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە لیستی ١٩٠ و بە ١٩٣ کاندید بەشداریی ھەڵبژاردنی ڕۆژی ٢٠/١٠/٢٠٢٤ی پەرلەمانی کوردستان دەکات. بەدروشمی (ئارامی و ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگری) بەرنامەی ھەڵبژاردنی داڕشتووە و بەڵێن بە دەنگدەرانی دەدات پاش سەرکەوتنی لە ھەڵبژاردنەکەدا کار بۆ جێبەجێکردنیان بکات.

ئەرکی ھەموومانە پێکەوە کار بۆ سەرکەوتنی ھەڵبژاردن بکەن
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا داوا دەکات، ھەموو لایەنەکان بە جۆرێک بانگەشە بکەن کە وێنەیەکی جوانی ھەرێمی کوردستان نیشان بدات و ڕە‌نگدانەوەی کولتووری دەوڵەمەندی پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵکردن و فرەڕەنگیی کۆمەڵگەی کوردستان و پێکھاتەکانی بێت.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، جەختی کردووەتەوە کە ئامانجەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان گەورەن و زەمینەیەکی فراوانی ململانێی شارستانی لەنێوان لایەن، لیست و بەربژێرەکاندا ھەیە، ھەمووان ئازادن لەوەی پڕوپاگەندە بۆ سیاسەت و بەرنامەکانیان بکەن و ڕەخنە بگرن، بەڵام دەبێت ھیچ کەس و لایەنێک ڕێگە بە خۆی نەدات ڕق و کینە بڵاوبکاتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، ئەوەشی گوت، سەنگ و پتەوبوونی پێگەی ھەرێمی کوردستان و نوێبوونەوەی ڕەوایەتیی دامەزراوەکانمان، بە ئەنجامدان و سەرکەوتنی ھەڵبژاردنێکی پاک و ئازادەوە بەندە، بۆیە لە ھەموو شوێنێک چاوی دۆستانمان لەسەر ئەم ھەڵبژاردنەیە و ئەرکی ھەموومانە پێکەوە کار بۆ سەرکەوتنی بکەین.

کێبڕکێ لەسەر ١٠٠ کورسییە
ژمارەی ئەو لیستانەی کۆمیسیۆن پەسەندیکردوون بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکە ١٣٦ لیستە، ھەروەھا کۆی بەربژێرە پەسەندکراوەکان ھەزار و سەد و نەوەد و یەک کەسە کە ٨٢٣ پیاو و ٣٦٨ ئافرەتن، ٣٨ کەسیان بەربژێری پێکھاتەکانن، کێبڕکێ لەسەر بەدەستھێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمان دەکەن، کە ٥ کورسییان بۆ کۆتای کەمە ئایینیی و نەتەوەییەکان و ٩٥ کورسیش بۆ حیزب و لایەنە سیاسییەکانە، بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و ھەشت سەد و نەوەد و نۆ ھەزار و پێنج سەد و حەفتا و ھەشت کەس مافی دەنگدانیان ھەیە کە دوو ملیۆن و شەش سەد و ھەشتا و سێ ھەزار و شەش سەد و ھەژدە دەنگدەری گشتی و دوو سەد و پازدە ھەزار و نۆسەد و شەست دەنگدەری تایبەتن.

کارنامەی پارتی خواستەکانی خەڵکی کوردستان دێنێتە دی
لەگەڵ دەستپێکردنی یەکەم ڕۆژی بانگەشەی ھەڵبژاردن، حزب و لایەنە سیاسییەکان و بەشێک لە بەربژێرەکان دەستیان بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کردووە. بەلای پارتی لایەنی دەروونی خەڵکی کوردستان گرنگە، بۆیە پارتی ھەمیشە ھەوڵی داوە بانگەشەیەکی ئارام و بەشێوازێکی مۆدێرنانە بانگەشەی ھەڵبژاردن بکات.
کارنامەی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڵاو بۆتەوە، کارنامەیەکی زۆر گشتگیرە و بەشێک لە کارنامەی پارتی بەپێی ئەو دیراسەی کە کراوە لە ماوەی ڕابردوو، فراکسیۆنی پارتی یەکەم فراکسیۆن بووە کە توانیویەتی لەناو پەرلەمان بەشێکی زۆر لەو سێکتەرانەی کە لەناو بەرنامەی پارتی لە خولی ڕابردوو ھەبوون جێبەجێ بکات، بۆیە ئەمجارەش کاندیدەکان بەڵێن دووپات دەکەنەوە، ئەگەر دەرچوون و بوونە پەرلەمانتار کارنامەی پارتی، کە کارنامەیەکی گشتگیرە جێبەجێ بکەن و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بێنە دی، پارتی لە بەرنامەکەیدا و لە بواری سیاسییدا پێیوایە سەرکەوتنی لیستەکەی دەبێتە ھۆی بەھێز کردنی دەنگ و سەنگ و قورسایی کورد لە بەغدا و لە ھاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکاندا و خەباتی بەردەوام بۆ تێگەیاندنی ھەموو لایەک لە مافی ڕەوای چارەنووسی گەلی کوردستان دەکات.
پارتی لە ڕێگەی بەرنامەی ھەڵبژاردنی لیستەکەیەوە ڕایگەیاندووە کە کار بۆ بەدیھێنانی کۆدەنگییەکی کوردستانی لە پێناو ماف و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی ناکۆکییە نێوخۆییەکان تێپەڕێنێ و لەسەر نەگۆڕە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان کۆک و یەکڕیز بێت تا ببێتە زامنی پاراستنی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی ھەرێم و بەشی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە سەروەت و سامانی ھەموو عێراق.

پارتی بە ئاوەدانی و خزمەتکردنی خەڵک وەڵامی نەیارەکانی دەداتەوە
د. ڤالا فەرید، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای ھەولێر، بەبۆنەی دەست پێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی ئەرکی پەرلەمانیدا بە خەڵک دەڵێین لەڕێگەی دەرکردنی یاسا و چاودێریکردنی کارەکانی دەستەڵاتی ڕاپەڕاندن کاردەکەین بۆ زیاتر پتەوکردنی ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەیی ژیانێکی شایستەتر بۆ خەڵکی خۆڕاگری ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: ھەمیشە پارتی بە ئاوەدانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و فەراھەمکردنی خۆشگوزەرانی و سەقامگیری وەڵامی نەیارەکانی دەداتەوە.

ڕێنوێنییەکانی وەزارەتی شارەوانی بۆ بانگەشەی حیزب و بەربژێرەکان
وەزارەتی شارەوانی کۆمەڵێک ڕێنمایی بۆ دەستپێکردنی بانگەشە دیاریکردووە، ڕێگە نادرێت وێنە و پۆستەری حیزب و بەربژێرانی لایەنە سیاسییەکان لەسەر دیوار، ستوون و بەربەستە گشتییەکان بە بزمار و لەزگە و سیکۆتین ھەڵبواسرێن، ڕێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی، دوورگەی ناوەندی و نێو پارکە گشتییەکان بە ھەر جۆرە کەرەستەیەک، ڕێگە نادرێت بە بەکارھێنانی قوم، لم، چیمەنتۆ و بلۆک بۆ ڕاگرتنی تابلۆ و کەرەستەکانی دیکەی بانگەشە، ڕێگە نادرێت بە ھەڵواسینی وێنە و پۆستەرەکان لەسەر ھێمای ھاتووچۆ و تابلۆ ڕێنیشاندەرەکان، یان ھەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەکانی ئۆتۆمبێل، کە ببێتە ھۆی دروستبوونی ڕووداوی ھاتووچۆ، ڕێگە نادرێت شوێنەوار و شوێنە کولتوورییەکان بۆ ھیچ جۆرە بانگەشەیەک و ھەڵواسینێک بە ھیچ جۆرە ماددەیەک بەکاربھێندرێن، ڕێگە نادرێت بە ھەڵواسینی وێنە و پۆستەری بەربژێرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان لەسەر دیوار و شورای فەرمانگەکانی حکوومەت و شوێنە گشتییەکان وەک مزگەوت، نەخۆشخانە، زانکۆ، قوتابخانە.. ھتد، ھەر شارەوانییەک بەپێی تایبەتمەندیی دەڤەری خۆی، سەرەڕای ئەو خاڵانە، دەتوانێت ڕێکاری تایبەت بە خۆی بۆ بەرژەوەندیی موڵکی گشتی و پاراستنی پاکوخاوێنیی شار دەربکات، لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، ھەر بەربژێرێک بەرپرسیارە لە لێکردنەوەی وێنە و تابلۆکان و پاککردنەوەی شوێنەکە، ئەگەر بەربژێرێک پابەند نەبێت بە ڕێنماییەکان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەکەی لەلایەن تیمەکانی شارەوانی لادەبرێت و کاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت.

بانگەشەی ھەڵبژاردن بە پێشێلکارییەوە دەستی پێ کرد
بەشێک لە قەوارە سیاسییەکان و کاندیدەکان بانگەشەی ھەڵبژاردنیان بە پێشێلکارییەوە دەست پێ کرد، کۆمیسیۆن، دەڵێ، لە ڕێی لیژنەکانی چاودێرییەوە پێشێلکارییەکانیان تۆمار دەکەین و سزایان دەدەین. کۆمیسیۆن لیژنەیەکی باڵای بەناوی لیژنەی تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی ماوەی بانگەشەی ھەڵبژاردن پێکھێناوە و لە شارەکان لقی ھەیە کاری تۆمارکردنی سەرپێچی ھاوپەیمانی و قەوارەی سیاسی و پاڵێوراوەکانە. بەرپرسانی کۆمیسیۆن لە شار و شارۆچکەکان، دەڵێن، لەگەڵ تیمی شار و شارۆچکەکان دەستیان کردووە بە گەڕان بۆ تۆمارکردنی سەرپێچی بانگەشەی ھەڵبژاردن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، سزای سەرپێچی پێشوەختەی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ ھەر کاندیدێک ملیۆنێک دینارە و بۆ قەوارەی سیاسییش تا ١٥ ملیۆن دینارە کە ئەنجوومەنی کۆمسیاران بڕیاری لەسەر دەدات. نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: کۆمیسیۆن سێ جۆری سەرپێچی دەنووسێت، پێبژاردن کە بەربژێر بە پارە سزادەدرێت، دەستگیرکردن ھەیە لە مانگێک تاوەکو ساڵێک، ئەگەر سەرپێچییەکەش گەورە بێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەتوانێت ئەو بەربژێرە دووربخاتەوە، داوا لە بەربژێرەکان دەکەم بەشێوەیەکی ئارام و لەسەرخۆ ئەو ڕۆژانەی دیاریکراوە بانگەشەی ھەڵبژاردن بەڕێوەببەن.

ھەواڵی زیاتر