سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 9/25 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدراڵ کۆبووەوە.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، ئاماژەی بە گرنگی سەردانەکە کرد و هیوای خواست ببێتە هۆی زیاتر ڕوونکردنەوەی پرس و بابەتە پەیوەندیدارەکانی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و داوای پاراستنی مافەکانی دەکات وەک لە دەستووردا هاتووە و پێویستە ماددەکانی دەستوور، هەمووی وەکو خۆی و وەک یەک پاکێج جێبەجێ بکرێت.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر نیازپاکی و ڕێزلەیەکترگرتن و لەبەرچاوگرتنی سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان هەبێت، کێشەکان بە ئاسانی چارەسەر دەبن. گوتیشی ئێمە دەمانەوێت باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ هەبێت و پێویستە هەموومان کار لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییانمان بکەین.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها جەختی کردەوە کە نابێت مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی و فشار بەکاربهێنرێت، بۆیە پێوستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ ئاستەنگ و گرفتێک بدرێت، هەروەها لە دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێ، پێویستە هەرێمی کوردستانیش وەک هەموو بەشەکانی دیکەی عێراق بە پێی یاسای بودجەی فیدراڵ، مافی دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێی هەبێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی وەستاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 19 ملیار دۆلار زیان بە هەرێمی کوردستان و بودجەی گشتیی فیدراڵ کەوتووە، بۆیە پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە و لە هەمانکاتدا کار لە سەر دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە نەوت و گازی فیدراڵ بکرێت.

عەتوان عەتوانی سەرۆکی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران بەناوی شاندەکەوە، سوپاسی پێشوازی گەرم و هەماهەنگی باشی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و جەختی کردەوە کە ئامانج لە هاتنی لیژنەی دارایی ئەوەیە کە بە شێوەیەکی جیددی و بنەڕەتی، چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بە تایبەتی کێشە داراییەکان بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش بۆ ماوەی دوو ڕۆژ کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەردەوام دەبێت.

ھەواڵی زیاتر