پرسی سەرژمێری گشتی لە عێراق و رەهەندە یاسایی و ئاكامەكانی

ئەمڕۆ 25ی ئەیلوولی 2024 ، بیست و یەكەمین بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی” پرسی سەرژمێری گشتی لە عێراق و رەهەندە یاسایی و ئاكامەكانی” لە هۆڵی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن بەڕێوە چوو.
لەم گفتوگۆیەدا كە بەرێزان “عەبدولزەهرە ئەلهینداوی ، سیروان محەمەد، نیدا حسێن عبدوڵڵا ، د.ماجید شەنگالی، د.ئەمین ئەلئیدرییسی، د.حەسەن كاكی، د.سامیە ، د.سەباح خۆشناو، د.محەمەد شوانی، سوبحی مەندلاوی، گۆهدار محەمەد، د.چنار موحسین، د.سیروان مەخموری ، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ – شڤان حەمدی، پ.د.نەزاكەت حسێن، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد” ئامادەبوون، سەرەتا راپۆرتی مەیدانی بازنەی گفتوگۆ كە تیایدا راوبۆچوونی ژمارەیەك لە پسپۆران و ئەكادیمیست و دەستەبژێر لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان وەرگیرابوو، لەسەر سكرین بۆ ئامادەبووان پیشاندرا، پاشان ئامادەبووانی گفتوگۆكە باسیان لە بایەخ و گرنگی پرسی ” سەرژمێری گشتی لە عێراق و رەهەندە یاسایی و ئاكامەكانی” یان كردو ، جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە لەگەڵ ئەوەی ئەمرۆ 25″ی ئەیلوول” یەكەم رۆژی بانگهێشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانەو، پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێكە لە حزبە سەرەكیەكانی ئەم هەڵبژاردنە ، بەڵام وەك دەبینین بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەناو گەرمەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن ، پرسە گرنگە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانی لەبیر نەكردووە و لەم رۆژەدا كۆمەڵێك دەستەبژێر و تایبەتمەندی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆكردۆتەوەو لەسەر ئەم پرسە گرنگ و هەستیارە ئەم گفتوگۆیە كراوە و جدییە بەرێوە دەبات.
جێگەی ئاماژە پێكردنە پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لەسەر ئاستی عیراق ماوەی 27 ساڵە ئەنجامنەدراوە و لە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ماوەی 37 ساڵە ، هۆكاری سەرەكیش بۆ ئەنجامنەدانی پرۆسەی سەرژمێری گشتی هەر 10 ساڵ جارێك وەك هەر دەوڵەتێكی دیكە لە عێراقیشدا بە پلەی یەكەم هۆكاری سیاسیی رێگربووە و ، لە ئێستاشدا كە ئەم پرۆسەیە ئەنجامدەدرێت دیسان هۆكاری سیاسی لە پشتەوەیەوە و بۆ چەسپاندنی واقیعی ئەو گۆرانگارییە دیموگرافیایە كە لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم ئەنجامدراوە، بۆیە جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە هەتا ماددەی 140ی دەستووری عێراق جێبەجێ نەكرێت و باردۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی نەكرێتەوە، ئەوا ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوان، زیانێكی گەورەبە چارەنووسیی ئەو ناوچانە دەگەیەنێت.