مەسرور بارزانی: نابێت مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێم وەکو کارتێکی سیاسی و فشار بەکار بهێنرێت

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و داوای پاراستنی مافەکانی دەکات وەک لە دەستووردا هاتووە. جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر نیازپاکی و ڕێزلەیەکترگرتن و لەبەرچاوگرتنی سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان هەبێت  کێشەکان بە ئاسانی چارە دەبن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە.

سەرۆکی حکوومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، ئاماژەی بە گرنگی سەردانەکە کرد و هیوای خواست، ببێتە هۆی زیاتر ڕوونکردنەوەی پرس و بابەتە پەیوەندیدارەکانی ماف و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان و چارەکردنی کێشەکان.

مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە،  کە هەرێمی کوردستان، پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و داوای پاراستنی مافەکانی دەکات وەک لە دەستووردا هاتووە و پێویستە ماددەکانی دەستوور، هەمووی وەکو خۆی و وەک یەک پاکێج جێبەجێ بکرێت.

سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە، کە ئەگەر نیازپاکی و ڕێزلەیەکترگرتن و لەبەرچاوگرتنی سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان هەبێت، کێشەکان بە ئاسانی چارە دەبن. گوتیشی: “ئێمە دەمانەوێت باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ هەبێت و پێویستە هەموومان کار لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییانمان بکەین”.

مەسرور بارزانی هێمای بۆ ئەوە کرد، کە نابێت مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی و فشار بەکاربهێنرێت، بۆیە پێوستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق، ماف و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ ئاستەنگ و گرفتێک بدرێت و هەروەها لە دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێ، پێویستە هەرێمی کوردستانیش  وەک هەموو بەشەکانی دیکەی عێراق، بە پێی یاسای بودجەی فیدراڵ، مافی دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێی هەبێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی وەستاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە نۆزدە ملیار دۆلار زیان بە هەرێمی کوردستان و بودجەی گشتیی فیدراڵ کەوتووە، بۆیە پێویستە لە زووترین کاتدا ، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە و لە هەمانکاتدا، کار لە سەر دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە نەوت و گازی فیدراڵ بکرێت.

لای خۆیەوە عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بەناوی شاندەکەوە ، سوپاسی پێشوازی گەرم و هەماهەنگی باشی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و جەختی کردەوە، کە ئامانج لە هاتنی لیژنەی دارایی ئەوەیە کە بە شێوەیەکی جیددی و بنەڕەتی، چارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بە تایبەتی کێشە داراییەکان بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەردەوام دەبێت.

ھەواڵی زیاتر