هەولێر؛ کۆنفرانسی “پێغەمبەرناسی لە شیعری کوردیدا” بەڕێوە دەچێت

كۆلێژی زانسته‌ ئیسلامییه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین شه‌شه‌مین كۆنفرانسی زانستیی نێوده‌وڵه‌تی خۆی به‌ ناونیشانی “پێغه‌مبه‌رناسی له‌ شیعری كوردیدا” به‌ڕێوه‌ ده‌بات و به‌ پێشكه‌شكردنی چه‌ندان پانێڵ و گفتوگۆ و بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.

چوارشه‌ممه‌، 25ـی ئه‌یلوولی 2024، كۆلێژی زانسته‌ ئیسلامییه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین شه‌شه‌مین كۆنفرانسی زانستی نێوده‌وڵه‌تی خۆی به‌ ناوونیشانی “پێغه‌مبه‌رناسی له‌ شیعری كوردیدا” له‌ هۆڵی “كوێت” به‌ڕێوه‌ ده‌بات و به‌ پێشكه‌شكردنی چه‌ندان پانێڵ و گفتوگۆ و بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.

كۆنفرانسه‌كه‌ چه‌ندان ئامانجی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت خوێندنه‌وه‌یه‌كی زانستی و هاوچه‌رخانه‌ بۆ ده‌رخستنی په‌یوه‌ندیی نێوان ئایین له‌گه‌ڵ شیعر و ئه‌ده‌بیاتی كوردستان له‌ شاعیرانی كلاسیك تاوه‌كوو ئێسته‌. هه‌روه‌ها ده‌ستنیشانكردنی ئیستاتیكیی ئه‌و شیعره‌ كوردییانه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌رناسی بووه‌ ڕووخسار و مۆركی ئه‌ده‌بیان.

ئامانجێكی دیكه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌، بریتییه‌ له‌ خستنه‌ڕووی ڕۆڵی شاعیرانی كورد له‌ نووسینی شیعر و هه‌ڵبه‌ست له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ر (د.خ) و ئاكار و ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌كانی. هاوكات، نیشاندانی ڕۆڵی شاعیرانی كورد له‌ عیرفان و سۆفیگه‌ری و قووڵكردنه‌وه‌ی ئایینداری هاوسه‌نگ و میانڕه‌و له‌ ڕێگه‌ی خستنه‌ڕووی ڕه‌فتار و ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌كانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) و مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا.

ئه‌م كۆنفرانسه‌ چه‌ند ته‌وه‌رێك له‌ خۆ ده‌گرێت، به‌تایبه‌تی: پێغه‌مبه‌رناسی له‌ ڕوانگه‌ی شیعری شاعیرانی زاراوه‌ جیاوازه‌كانی كورد، ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر له‌ شیعری كوردیدا، شه‌مائیل و خوڕه‌وشتی پێغه‌مبه‌ر له‌ شیعری كوردیدا، میعراجنامه‌ی پێغه‌مبه‌ر له‌ شیعری كوردیدا، له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌رناسی له‌ شیعری هاوچه‌رخی كوردی و چه‌ند ته‌وه‌ره‌ێكی دیكه‌.