دەقی وتاری سەرۆك بارزانی لە میانی ئاهەنگی دەست پێكردنی بانگەشەی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
هەڤاڵانی بەڕێز
خوشك و برایانی خۆشەویست
هەمووتان زۆر زۆر بەخێر بێن
لەم رۆژە پیرۆزەدا، دەمەوێ پیرۆزبایی لە ئێوە و لە هەموو گەلی كوردستان بكەم، ئەو رۆژەی كە گەلی كوردستان بڕیاری دا نەهێڵێت ئیرادەی بشكێت و خۆی نەچەماند. رۆژی 25ی ئەیلوول، لەم رۆژەدا ئەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان دەستی پێكرد، پیرۆزبایی لە كاندیدە بەڕێزەكان دەكەم و تەمەنای سەركەوتنیان دەكەم و پشت بە خوای گەورە و بە هیممەتی هەموو دلسۆزانی كوردستان و بە فەرموودەی بارزانیی نەمر، هەموو كوردێكی دڵسۆز پارتییە. بە هیممەتی پارتییەكان، خۆمان ئامادە دەكەین بۆ رۆژی 20ی ئۆكتۆبەر و سەركەوتنی گەورە بەدەست دێنین.
دەبێ بڕواتان بە خۆتان بێ و بە ئومێدێكی بەرزەوە و بە متمانەیەكی بەرزەوە هەنگاو بنێن و خۆتان ئامادە بكەن، دەبێ زیاتر بڕواتان بە سەركەوتن بێت و نابێ بیر لە شكست بكرێتەوە. دەبێ هەمیشە هەریەكێك لە ئێوە خۆی ئامادە بكات كە دەبێ سەربكەوین و سەریش دەكەوین ئینشائەڵا.

هەڤاڵینە، هەرێمی كوردستان، كەس خێری پێ نەكردووین، هەرێمی كوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، خوێنی ئەنفالكراوانە، خوێنی پێشمەرگە قارەمانەكانە، رەنجی خەڵكی كوردستانە. پارتی شەرەفی ئەوەی بەركەوتووە، خوێنێكی زۆری داوە بۆ بەدەستهێنانی ئەم دەستكەوتە مەزنە و هەروەها بۆ پاراستنی ئەم دەستكەوتە مەزنە.
من لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی بێپایانی هاووڵاتیانی كوردستان بكەم، بۆ خۆڕاگرییان، بۆ پشتیوانییان بەرامبەر بەو پیلانانەی دەرەكی و بە چاوساخیی هەندێك لە ناوخۆ كە ویستیان هەرێمی كوردستان تێك بدەن، تەحەمولیان كرد، سەبری ئەیوبیان هەبوو، خۆیان ڕاگرت و هەرێمەكەیان تەسلیم نەكرد، سوپاسیان دەكەم و پیرۆزباییان لێ دەكەم.
پارتی بڕوای بە ئاشتییە، بڕوای بە دیموكراتییە، بڕوای بە پێكەوەژیانە و بە كردەوە سەلماندوویەتی نەك بە قسە. ئێمە مەبەستمانە و ویستمانە خەڵكی كوردستان بەختەوەر بێت و لە ژیانێكی خۆشدا بێت، ئێمە ئاواتمان خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستانە.
داوا دەكەم لەم هەڵبژاردنە زۆر لەسەرخۆ بن، دوور لە توندوتیژی، دوور لە بەكارهێنانی زمانی زبر، راتاننەكێشن بۆ شەڕێكی لابەلا، سەنگی خۆتان و پارتەكەتان بپارێزن. زۆرجار وەڵامنەدانەوەی خەڵكێكی بێمەسئولیەت وەڵامدانەوەیە، وەڵامنەدانەوە خۆی وەڵامدانەوەیە. ئەگەر پێویستیشی بە وەڵام بكرێت، دەبێ مەدرووس بێ و دەبێ پرس بە لێژنەی باڵای هەڵبژاردن بكرێ. ئەگەر لە حاڵەتێكی موعەیەندا وەڵامێك پێویست بوو. ئەوەشتان لەبیر نەچێ، ئەوەی زمانی درێژە، دەستی كورتە.

ئەركی هەموو هەڤاڵێكی پارتییە نەك تەنها خۆی، بەڵكوو كەسوكاری و هەر كەسێكی كە تەئسیری لەسەری هەبێ، بۆ رۆژی 20ی مانگ هیممەت بكات، خۆی و دەوروبەری هەموویان بێن بۆ سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە لیستی 190 بدەن. لیستی پاراستنی كەرامەتی كوردستانە، لیستی پێشمەرگەیە، لیستی شەهیدانە.

كاندیدەكانمان هەموویان خۆشەویستی ئێمەن، كچ و كوڕی ئێمەن، خوشك و برای ئێمەن، هیچ جیاوازییەكمان نییە بۆ هیچ كاتمان، داوای سەركەوتن بۆ هەمووتان دەكەم، بەڵام یەك ڕجاتان لێ دەكەم، مونافەسەی یەكتری نەكەن، هەر كامتان دەربچێت بۆ ئێمە هیچ فەرق و جیاوازییەك نییە و بەڵێنی گەورە نەدەن كە پاشان نە ئێوە پێتان بكرێ و نە ئێمە پێمان بكرێ جێبەجێی بكەین، ئەو بەڵێنانە بە خەڵك بدرێ كە قابیلی جێبەجێكردن بێت. با دەنگتان بەرز نەبێ و با ئاستی قسەكانتان و رەفتارتان بەرز بێ.

ئێمە دەستی برایەتی بۆ هەموو لایەك درێژ دەكەین، ئەگەر لایەنێكیش پێیوابێت بە دژایەتیی پارتی زیاتر شتی دەست دەكەوێ، وابزانم ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ مێژوو و عیبرەتی بۆ خۆی لێ وەربگرێت باشترە لەوەی سوور بێ لەسەر ئەوەی بە دژایەتیی پارتی شتی دەست بكەوێ.
یان هەندێك دڵیان بەوە خۆش كردووە و جار بە جار گوێمان لێ دەبێ دەڵێن پارتی باڵباڵێنی لەناوە و پارتی چەند لایەنە، پارتی یەك حزبە و یەك بڕیارە، پارتی حزبی شەهیدانە، پارتی مەسئولیەتی بەرامبەر بە خوێنی شەهیدانە، پارتی وەكوو هەر حزبێك نییە كە بە كەیفی خۆی بێت. ئیلتزامانی پارتی زۆر قورسە، با كەس بەو خەیاڵەدا نەبێت، چونكە زۆر كەس خەونی بەوە دەدیت كە پارتی یان قیاداتی ناو پارتی جیاوازییان هەبێ یان كەلێن دروست بكەن، بەخوا خەونەكانیان بردە ناو قەبر و ئەوانەی ئێستاش هەر دەیبەنە ناو قەبر.

لەگەڵ بەغداش خۆشبەختانە ئێستا ئینفراجێك دروست بووە و لەگەڵ سەرۆك وەزیران بەڕێز سوودانی تەفاهومێكی تا ئاستێكی باش هەیە و حكوومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەك خەریكن لەگەڵ بەغدا چارەسەری ئەو گرفتانە بكەن و ئومێدەوارین بگەنە چارەسەر بۆ هەموو گیروگرفتەكان و ئەوە نەهجی ئێمەیە و پێمان خۆشە ئەو موشكیلانە هەموو چارەسەر بكرێن. لەگەڵ دەرودراوسێش سیاسەتی ئێمە هەر ئەوەیە كە بە حیوار و بە لێكتێگەیشتن و باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەك هەبێت.

بەداخەوە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر گوێمان لە هەندێك لە شۆڤێنییەكان بوو كە دەیانگوت نابێ چەك بە پێشمەرگە بدرێ و رەخنەیان گرتووە لەوەی كە چەند تۆپێك رادەستی پێشمەرگە كراوە. وەڵامی من بۆ ئەوانە ئەمەیە: پێشمەرگە دارێكە، بە خوێنی شەهیدان، بە فرمێسكی دایكی شەهیدان ئاو دراوە. ناوی پێشمەرگە و ئەركی پێشمەرگە لای ئێمە زۆر پیرۆزە. پێشمەرگە نە بە بڕیاری كەس دروست بووە و نە بە بڕیاری كەسیش تێك دەچێت. پێشمەرگە بە ئیرادە كوردستانی پاراستووە، ئەگینا هیچ وەختێك تەكافوئ (هاوسەنگی) نەبووە لە چەكی پێشمەرگە و چەكی ناحەزان و دوژمنانی پێشمەرگە، بەڵام ئیرادەی پێشمەرگە بەهێزتر بووە. هیچ وەختێك پێشمەرگە مەترسی نییە، چونكە پێشمەرگە هێزێكی گوێڕایەڵە و هێزێكی مونزەبیتە، بەڵام مەترسیی ئەو فیكرە شۆڤێنییەیە كە هێشتا ماوە، مەترسی لەسەر عێراق و لەسەر هەرێم و لەسەر ناوچەكە ئەو شۆڤینیەتەیە كە ئێستاش ماوە، ئەگینا پێشمەرگە مەترسی نییە لەسەر كەس، پێشمەرگە تەنها بەرگریی لە كوردستان دەكات و لە كەرامەتی میللەتی كورد، پێشمەرگە پەلاماری كەس نادات.

هەڤاڵینە

دوای 20ی ئۆكتۆبەر، هەموو دونیا چاوی لە هەرێمە، ئێمەش هەموومان چاوەڕوانین كە بزانین ئەو پەرلەمانەی داهاتوو چۆن دەبیت، ئومێدەوارم پەرلەمانی داهاتوو پەرلەمانێك بێت هەیبەت و قودسیەتی پەرلەمان بگێڕێتەوە بۆ پەرلەمان و هەست بە مەسئولیەتی مێژوویی خۆی بكات بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان، پەرلەمانێك بێت ببێتە قەلغانێك بۆ هەرێم، پەرلەمانێك بێت هەرچیی پلان و هەوڵی تێكدانی هەرێم دراوە لە هەر لایەك بێت، تێكی بداتەوە هەموو ئەم پلانانە نەهێڵێت. ئومێدەوارم و دەبێ هەوڵ بدرێت، دوای 20ی ئۆكتۆبەر، یەك هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك حكوومەت و یەك هێزی پێشمەرگە هەبێت و كۆتایی بە هەرچی كاری نایاساییە بهێندرێت.

هەڤاڵینە
ئەندامانی پارتی، هەڤاڵانی پارتی، لایەنگرانی پارتی، هەموو كوردێكی دڵسۆز، داواتان لێ دەكەم ئەو ڕێنماییانەی لە لێژنەی باڵای هەڵبژاردن دەرچوون، جێبەجێ بكرێت. هەروەها داوا لە هەموو ئەو هەڤاڵانە دەكەم كە تەكلیف كراون هەر یەكێك بە ئەركێكی موعەیەن، ڕۆژی 20ی مانگ و پێش 20ی مانگیش، ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن و تەعلیمات جێبەجێ بكەن. ئەگەر گلەیی هەیە، دوای بخەن بۆ دوای هەڵبژاردن، وەختی ئەوە نییە كە كەس گلەیی ئێستا بكات. ئینشائەڵا، من وەعدی ئەوەتان پێ دەدەم كە هەوڵ بدەین پێش هەموو كەسێك، چاكسازیی لە ناو خۆماندا بكەین ئنجا داوا لە خەڵكی تر بكەین چاكسازیی بكەن.

بە بڕوایەتیی تەواوەتییەوە و بە ئومێدێكی بەرزەوە، بڕۆن بەرەو هەڵبژاردن و دەنگ بدەن، بڕۆن بۆ سندووقی دەنگدان، لەبیرتان نەچێت خۆتان نەچەمێنن.

لە كۆتاییدا دەمەوێ سوپاسی لێژنەی باڵای هەڵبژاردن و هەموو بەشەكانی مەكتەبی سیاسی و مەكاتیبی ڕێكخستنی پارێزگاكان و هەموو لقەكان و هەموو ئەو هەڤاڵانە بكەم كە زەحمەتیان كێشاوە، ئومێدەوارم ئینشائەڵا بەرهەمی ئەو ماندیبوونە لە ڕۆژی 20ی ئۆكتۆبەر بێتە دەست، پارتی سەركەوێت بۆ ئەوەی كوردستان بەهێز بێت و كوردستان پارێزراو بێت. ئیتر هەر سەركەوتوو بن و هەر لە خۆشیدا بن ئینشائەڵا، زۆر سوپاس.