یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

پارتی بە فەرمی بانگەشەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ کرد

پارتی بە دروشمی “ئارامی، ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگریی” بانگەشەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-09-2024، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی سەرۆک و سەدان ئەندام و لایەنگری پارتی؛ ئاهەنگی “لیستی 190ـی پارتی” لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد.

لەم ئاهەنگەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی کاندیدانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەناسێنێت و دروشمەکەی “ئارامی، ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگریی”ـە. 

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کردووە و تاوەکوو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان، بەدیهێنەر و سەرمەشقی دیموکراسییەت و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە لە هەرێمی کوردستان، لە 1992ـەوە پارتی بەشداری لە 12 هەڵبژاردنی گشتیی کردووە، لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانیش، حزبی ژمارە یەکی هەرێمی کوردستان و عێراق بووە.