ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان تێدەپەڕێت، ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ بەڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، گەلی کوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا و ٩٣٪ی دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دا، ئەگەرچی ڕووداوەکانی دواتر، سەربەخۆیی خەڵکی کوردستانی دواخست، بەڵام ئەو داخوازییە تا ئێستا لە دڵ و دەروونی ھەموو کوردێکی سەربەخۆخوازدا ماوەتەوە، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کە سەرۆک بارزانی ڕێبەرایەتیی کرد، بەڕای زۆرینەی سیاسەتمەداران ڕووداو و شۆڕشێکی گەورەی نەتەوەیی بوو لە مێژووی گەلی کوردستاندا تا ھەتایە کوردستانییەتی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی سەلماند.

بڕیارە مێژووییەکە
لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لە سەڵاحەدین نوێنەرە باڵاکانی پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی کوردستان، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم درا، بۆ ئەم مەبەستە ئەنجوومەنێکی باڵا پێکھێنرا، ئەو لایەنانەی بەشداربوون لە ئەنجوومەن بریتی بوون لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، حزبی زەحمەتکێشان، حزبی شیوعی، حزبی سۆسیالیست و پێکھاتەکان، ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧، وەکو ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دیاریکرا و سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە پێکھاتەکانیشەوە ڕەزامەندییان لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەربڕی، لە ١٥/٩/٢٠١٧، پەرلەمانی کوردستان بەزۆرینەی دەنگ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی پەسەند کرد. سەرۆک بارزانی، ئەو کات سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بوو، بەڵام ھەر خۆی بە پێشمەرگەی ڕێگای ڕزگاریی و سەربەخۆیی کوردستان دەزانی، ئەرکێکی قورسیشی بەڕێوە دەبرد، ڕۆژانە چەندین شاندی ناوخۆیی و دەرەوەی دەبینی و فشاری زۆریان دەخستە سەر تا لەو بڕیارە پاشگەزبێتەوە، لە ھەمان کاتیشدا سەرقافڵەی بانگەشەکارانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بوو، ئەو نەک ئەوکاتە، تەنانەت لە دوایین دیداریشی پێش کردنی ڕیفراندۆم لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری کە شەوی ٢٣/٩/٢٠١٨ بڵاوکرایەوە گوتی: ھەر سوورم لەسەر ئەوەی گەلەکەم مافی بڕیاردان و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی ھەیە، پێشێلکردنی دەستوور، تەوافوق، شەراکەت و نانبڕینی خەڵکی کوردستان بوو، کە ھانی گەلی کوردستانیدا، ڕیفراندۆم بکات، ئەگەر دەستوور جێبەجێ کرابایە ھەرگیز عێراق بەو ڕۆژە نەدەگەیشت.
ھۆکاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم
بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم مافێکی یاسایی گەلی کوردستان بوو، خەڵکی کوردستان ھەر لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە خەباتی کردووە بۆ چەسپاندنی مافەکانی و بۆ پێکەوەژیانێکی ئاشتییانە لەگەڵ گەلانی دیکەی عێراق سەرەڕای ئەوەی لە ئەنجامی خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان، چەندین بەڵێن و بەڵگەنامە لەلایەن دەستەڵاتدارانی عێراقەوە پێشکەشکراون، بەڵام لە ئەنجامدا ھەموویان پێشێلکراون و پشتگوێخراون و وەڵامی داواکارییەکان بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکان بە ئاگر و ئاسن دراونەتەوە، خەڵکی کوردستان تووشی نەھامەتی زۆر ھاتووە وەک جینۆسایدکردن لەژێر ناوی ئەنفال و ڕاگواستن و نیشتەجێکردنی زۆرەملێ، خاپوورکردنی گوند و ئاواییەکان و ژێرخانی ئابووری و بەکارھێنانی گازی ژەھراوی قەدەغەکراو لە دژی خەڵکی سیڤیل، بەلای خەڵکی کوردستانەوە، ئازادی لە نان گرنگتر بوو، بە دەنگێکی زوڵاڵ بە جیھانیان گوت، سەربەخۆییمان دەوێ، خەڵکی کوردستان بڕیاری خۆی دا و ئامادەی ھەموو جۆرە باجێک بوو، کە بەشێک لە وڵاتان دژایەتییان کرد و ھەندێکیشیان بێ ھەڵوێست بوون، بەڵام عێراق ھێرشی کردە سەر ھەرێمی کوردستان و گوشارەکانیش بە داخستنی فڕۆکەخانە و سنوورەکان و بڕینی قوتی خەڵک چڕ کرانەوە، دواجار لەبەر ھەستیاری دۆخەکە، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ڕیفراندۆمی سڕ کرد، بەڵام ئەوەی بۆ کورد گرنگە، ئەنجامی ڕیفراندۆمە، کە بوو بە تاپۆ بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
٩٣% خەڵکی کوردستان گوتیان بەڵێ بۆ سەربەخۆیی
لە ٢٥/٩/٢٠١٧، ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدرا، چوار ملیۆن و پێنج سەد و شەست و یەک ھەزار و دوو سەد و پەنجا و پێنج کەس لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان مافی دەنگدانیان ھەبوو، سێ ملیۆن و سێ سەد و پێنج ھەزار و نۆ سەد و بیست و پێنج کەس بەشداریان لە ڕاپرسیەکەدا کرد، دوو ملیۆن و ھەشت سەد و شەست و یەک ھەزار و چوار سەد و حەفتا و یەک کەس بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا کە دەکاتە ٩٣%ی خەڵکی کوردستان.
گرنگی ڕیفراندۆم بۆ کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان
گرنگی زیاتری ڕیفراندۆم لەوەدا دەرکەوت، کە نەوەک تەنیا لە ھەرێمی کوردستان، بەڵکو پرۆسەکە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانیشی گرتەوە، بڕیارەکە پشت بەستبوو بە بنەماکانی مافی چارەی خۆنووسین، کە مافێکی دانپێدراوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، بەو پێیەی گەلی کوردستان خاوەن ھەموو تایبەتمەندیەکانی خۆیەتی خاک، زمان، کولتوور، مێژوو، شوناس و گشت بنەماکانی پێناساندنی وەکو گەلێک، بۆیە بە ھەموو پێوەرەکان مافی ھەیە بڕیار بدات لەسەر چارەی خۆنووسین و داھاتووی خۆی. نەوزاد ڕەشید، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ڕۆژی ڕیفراندۆم، ڕۆژێکی مێژوویی بوو بەشێوەیەکی شارستانییانە خەڵکی کوردستان بە جیھانی گوت دەمانەوێت سەربەخۆ بین، بۆیە بە ھەر شێوەیەک بێت ئەمە مافی خۆمانە و دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت، بۆیە بڕیاری ڕیفراندۆم، بریارێکی ژیرانە بوو و دەرگای سەربەخۆیی کردەوە و بووە بابەتی ڕۆژەڤی جیھانی، پرسی کەرکووک و شنگال و خانەقینیشی یەکلا کردەوە، کەوا دوژمن ھەمیشە ویستوویەتی ئەم ناوچانە لە کورد بستێنێت، ئەم ھەنگاوە مێژووییە نەک تەنیا بۆ ھەرێمی کوردستان، بگرە بۆ تەواوی پارچەکانی دیکەش گرنگ بوو.
ڕیفراندۆم وەرچەرخان و ئیرادە
کوردستانییان، ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم خۆشترین ڕۆژی ئێمە بوو، چونکە باب و باپیرانی ئێمە خۆیان کردە قوربانی بۆ ئەوەی بە ئازادی بژین و بتوانین ڕۆژێک بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان بدەین، ئەو ڕۆژە ھات و بڕیاری خۆمان دا، بەڵام خیانەت نەیھێشت بە ھیواو ئاواتەکانی خۆمان بگەین و ببینە خاوەن دەوڵەتی خۆمان، بەڵام ئێستاش بێ ئۆمێد نەبووینە ڕۆژێک ھەر دێت لە سایەی سەرۆک بارزانی بە مافە ڕەواکانی خۆمان دەگەین و دەبینە خاوەن وڵاتی خۆمان، چونکە ئەگەر کوردستان سەربەخۆ بێت، بە مافەکانی خۆمان دەگەین و کەسیش ناتوانێت دەست بۆ کوردستان درێژ بکات.
سەرۆک بارزانی خاوەنی پەیامەکەیە
ئازاد ئیسماعیل، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: میللەتی کورد نەک لە ھەرێمی کوردستان، بەڵکو لە ھەموو پارچەکانی کوردستان بەدوای پەیامی نەتەوەیی و نیشتمانین، پارتی بە ھەڵگری ئەو پەیامە دەزانن، سەرۆک بارزانی خاوەنی ئەو پەیامەیە و لە ھەموو شوێنێک ئەو پەیامە متمانەی لای کورد دروستکردووە، بۆیە لە دوای ڕیفراندۆم پارتی بەھێزتر بووە، لەم ھەڵبژاردنەدا کە بڕیار وایە مانگی دە بکرێت پارتی زۆرینەی کورسییەکان دەبات، چونکە خەڵک پێیوایە پارتی و سەرۆک بارزانی بەدیھێنەری ئاوات و ئامانجەکانی ئەوانن، ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان و جیھان ئاشکرا بوو، خەونی بەدەستھێنانی سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانە.

ھەواڵی زیاتر