سێ پڕۆژه‌ی گرنگی خزمه‌تگوزاری له‌ پارێزگای هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت

چواس خالید – هەولێر

به‌ گوژمه‌ی سێ ملیار و نیو ملیۆن دینار، ڕێگه‌ی نێوان مه‌مه‌جه‌لكه‌ – فریز – هیران نۆژه‌نده‌كرێته‌وه‌، كه‌ ڕێگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی و به‌ستنه‌وه‌ی هه‌رسێ پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانییه‌، هاوكات تێچووی زیادتر له‌ ملیارێك دیناری عێراقی، پڕۆژه‌ی دروستكردنی ئاوه‌ڕۆ له‌ شه‌قامی سی مه‌تری داره‌تووی كۆن و به‌گوژمه‌ی زیادتر له‌ دوو ملیار دیناری عێراقی، ده‌ستكراوه‌ به‌ ڕۆنانی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی له‌ گه‌ڕه‌كی ژین – باغه‌مره‌.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، به‌گوژمه‌ی زیادتر له‌ سێ ملیار دیناری عێراقی، ڕێگه‌ی مامه‌جه‌لكه‌ – فریز – هیران نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ ڕێگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی و ستراتیژییه‌ و هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.
پڕۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگه‌ی مامه‌جه‌لكه‌ – فریز – هیران، كه‌ ڕێگه‌یه‌كی قه‌ره‌باڵغه‌ و پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، ڕێگه‌كه‌ پڕ چاڵ و كۆن ببوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ گوژمه‌ی سێ ملیار و پێنج سه‌د ملیۆن دیناری عێراقی، ده‌ستیكردووه‌ به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگه‌كه‌.
ئه‌و ڕێگه‌یه‌ مه‌وداكه‌ی ٢٥ كیلۆمه‌تره‌، له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌دا، هه‌موو قیری كۆن و تێكچوو هه‌ڵده‌گیرێته‌وه‌ چارێكی دی به‌ كوالێتی به‌رز شه‌قامه‌كه‌ قیرتاو ده‌كرێته‌وه‌، به‌مه‌ش ڕێگه‌یه‌ی بێ مه‌ترسی هاتوچۆ ده‌خرێته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه‌، كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ و جه‌نجاڵی و ئاسانكاری هاتوچۆی ڕێبواران هه‌یه‌ و سودی زۆری بۆ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.
جیا له‌وه‌ و هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌گوژمه‌ی زیادتر له‌ ملیارێك دیناری عێراقی، پڕۆژه‌ی دروستكردنی ئاوه‌ڕۆ له‌ شه‌قامی سی مه‌تری داره‌تووی كۆن جێبه‌جێ ده‌كرێت.
به‌ مه‌به‌ستی زیادتر خزمه‌تكردنی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی لافاو، به‌گوژمه‌ی ملیارێك و چوار سه‌د و په‌نجا و پێنج ملیۆن دیناری عێراقی، به‌ شێوه‌ی به‌ڵێنده‌رایه‌تی و سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر، ده‌ستكرا به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی دروستكردنی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی له‌ شه‌قامی سی مه‌تری نێوان داره‌تووی كۆن له‌ سنووری ناحیه‌ی داره‌توو.
پڕۆژه‌ی پڕۆژه‌ی دروستكردنی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی له‌ شه‌قامی سی مه‌تری نێوان داره‌تووی كۆن، بڕیاره‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا كاره‌كانی ته‌واو ببێت و بۆ ئه‌مساڵی زستان كاریگه‌رییه‌ ئه‌رێنییه‌كانی له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی باراناو و مه‌ترسی دروستبوونی لافاو ده‌رده‌كه‌وێت.
هاوكات به‌گوژمه‌ی زیادتر له‌ دوو ملیار دیناری عێراقی، ده‌ستكراوه‌ به‌ ڕۆنانی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی له‌ گه‌ڕه‌كی ژین – باغه‌مره‌.
به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتیان له‌ مه‌ترسی دروستبوونی لافاو، به‌گوژمه‌ی دوو ملیار و چوار سه‌د و بیست و دوو ملیۆن و سێ سه‌د و چوارده‌ هه‌زار دیناری عێراقی، به‌ شێوه‌ی به‌ڵێنده‌رایه‌تی و سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر، ده‌ستكرا به‌ ڕۆنانی پڕۆژه‌ی دروستكردنی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی له‌ گه‌ڕه‌كی ژین – باغه‌مره‌ ئه‌فه‌ندی، به‌ درێژایی سێ كیلۆمه‌تر له‌ ناحیه‌ی داره‌توو.
پڕۆژه‌ی دروستكردنی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی گه‌ڕه‌كی ژین – باغه‌مره‌ ئه‌فه‌ندی، به‌ خێرایی كاری ته‌واوبوونی ده‌كرێت و بڕیاره‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا هه‌موو كاره‌كانی ته‌واو ببێت و بخرێته‌ سه‌ر خه‌رمانی كاره‌كانی دیكه‌ی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
له‌گه‌ڵ درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ڕۆنان و بنیاتنانی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌، پێشكه‌شكردن و جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتێكدایه‌، له‌ ساڵی ٢٠١٤ه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، به‌ بیانووی جۆراوجۆر، ماوه‌ی ١٠ ساڵه‌ به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردووه‌.