عێراقی فیدراڵ جیددی نییە لە چارە کردنی ئەو کێشە و هۆکارانەی ڕیفراندۆمیان خوڵقاند

ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر ڕووداوێکی مێژوویی لە هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، کە بریتی بوو لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان و سەرەڕای ئەوەی کە سەرووی نەوەد و دوو لەسەدای خەڵکی هەرێمی کوردستان دەنگیان پێی دا بەڵام دوژمنانی سوێندخواردووی کورد دەرەنجامەکەیان قبوڵ نەکرد و دۆخێکی نالەباریان بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاند. کێشەکە لەوەدایە دوای حەوت ساڵ لەم ڕووداوە عێراقی فیدراڵ جیددی نییە لە چارە کردنی ئەو کێشە و هۆکارانەی ڕیفراندۆمیان خوڵقاند و وانەی لە مێژوو وەرنەگرتووە.

هۆکاری سەرەکیی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کە سەرۆک بارزانی بڕیاردەرە سەرەکییەکەی بوو ئەوە بوو دوای دوازدە ساڵ لە نووسینی دەستووری هەمیشەیی عێراق و دەنگپێدانی گەلانی عێراق بە دەستوورەکە گرنگترین بڕگەی ئەو دەستوورە جێبەجێ نەکرا کە مادەی سەد و چلی دەستووری بوو و مادەکە بە بیانووی جیاواز قۆناغ بە قۆناغ دوا خرا.
هەرێمی کوردستان هەموو کات ئامانجی بووە کە کێشەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا بە پشتبەستن بە دەستوور و یاساکان چارەسەر بکات و لە سەردەمێکدا چووە نێو قەوارەی سیاسیی نوێی عێراق و ڕۆڵی هەبوو لە دامەزراندنی قەوارەکە کە خۆی هەرێمی کوردستان لە ڕاستیدا قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆی هەبوو و تەنانەت خاوەنی دراوێک بوو کە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق کاری پێ نەدەکرا، پێوەندیی نێودەوڵەتیی هەبوو و وڵاتانی جیهان لە ڕێی هەرێمی کوردستانەوە و بە پاڵپشتیی پێشمەرگە و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد رژێمی پێشوویان ڕووخاند وعێراقی نوێی فیدراڵییان بنیات نا. دواتر دەستوورێک نووسرا کە بەشێکی گونجاو لە مافەکانی کوردی تێدا بەرجەستە کرا و زۆرینەی عێراقییەکان دەنگیان پێی دا.
سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بە تایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە ڕەچاوی دۆخی تایبەتیی عێراقیان کرد کە بەدەست تیرۆر و ناسەقامگیری دەیناڵاند و هاوکار بوو بۆ ئەوەی عێراقی فیدراڵی بێتە سەر پێ، بەڵام لە بەرانبەردا حکوومەتە یەک لە دوای یەکە فیدراڵییەکان بە بیانووی جیاواز خۆیان لە جێبەجێکردنی مادەی سەد و چل دزیەوە و کار گەیشتە ئەوەی چاویان بەو پێشکەوتنە ئابووری و سیاسییانەش هەڵنەدەهات کە لە کوردستان تا ساڵی ٢٠١٣ گەیشتە لووتکە و هەر بۆیەش لە ٢٠١٤ گەمارۆی ئابوورییان خستە سەر هەرێمی کوردستان و بودجەیان بڕی و هەرێمیان تووشی دۆخێکی نالەبار کرد.
دۆخەکە بە سەرهەڵدانی داعش و داگیرکرانی بەشێکی زۆری ناوچە کوردستانییەکان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق هێندەی تر ئاڵۆز بوو. کوردستان بە پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەسەر شانی پێشمەرگە بەسەر هەموو ئەو مەترسییانەدا زاڵ بوو و تەواوی ناوچە کوردستانییەکان کەوتنە دەستی پێشمەرگە.
سەرکردایەتیی سیاسیی کورد کە لە بەغدا نائومێد ببوو خۆی ئەو هەنگاوەی نا کە دەبووایە لانی کەم دە ساڵ پێشتر یەکلایی کرابایەوە و بۆیەش ڕیفراندۆمەکە لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ بەڕێوەچوو و چارەنووسی ئەو ناوچانە بە دەنگی خەڵکی یەکلایی کرایەوە.
ئەوەی جێی تێڕامانە دەبووایە عێراق دوای ڕیفراندۆم بەخۆیدا بچێتەوە و بۆ ماف و بنەما دەستوورییەکە بگەڕێنێتەوە بەڵام نەک بۆی نەگەڕاوەتەوە، بە شێوەیەک لە شێوەکان ماددەکەی پەک خستووە و هەمان دۆخی پێشتری هێناوەتە کایەوە و دان بە تەواوی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووردا نانێت.
حکوومەتی فیدراڵی نەک ئەو کێشە مێژووییەی چارەسەر نەکردووە بگرە قەیران و تەنگژەی تری بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە و بە برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکان و پچڕاندنی هەناردەی نەوت، هەوڵی داوە خەڵکی هەرێمی کوردستان تەنیا بە نان خەریک بکات و لە پرسە سەرەکییەکە دووری بخاتەوە.

ھەواڵی زیاتر