وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرا

سبەینێ چوارشەممە وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ دەکات و ڕۆژی 15-10-2024 کۆتایی دێت.

سێشەممە، 24-09-2024، دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەمڕۆ کۆ بووەتەوە و لیستی کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کردووە کە ژمارەیان 1190 کەسە.

وەکوو ئەوەی دادوەر عومەر ئەحمەد باسی کرد، بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، سبەینێ چوارشەممە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ دەکات و تاوەکوو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەشی خستە ڕوو “کۆمیسیۆن هەنگاوی گەورەی بڕیوە لە جێبەجێکردنی خشتەی کارەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە 20-10-2024 بکرێت”.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:

1.  هەولێر: 32 کورسی

2.  سلێمانی: 36 کورسی

3.  دهۆک: 24 کورسی

4.  هەڵەبجە: سێ کورسی

(کۆی گشتی: 95 کورسی)

دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:

1.  هەولێر: دوو کورسی

2.  سلێمانی: دوو کورسی

3.  دهۆک: یەک کورسی

4.  هەڵەبجە: سفر کورسی

(کۆی گشتی: 5 کورسی)