ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن:لە چوار ساڵدا ١٢٩٥ کیلۆمەتر ڕێگەوبانی تازە خراوەتەخزمەت هاووڵاتییان

بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، لەنێو ژێرخانی ئابوورییش ڕێگەوبان، پرد و تونێل، سەرەکیترین پێکھێنەرن لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دوایی سەرەڕای قەیران و فشارە داراییە جیاوازەکان، لە چوار ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی ھەرێم توانیویەتی کاری باش بکات و ھەنگاو بۆ بەھێزکردنی ژێرخانی ڕێگەوبان بنێت بەشێوەیەک کە تەنیا لەو بوارەدا چوار سەد و چل پڕۆژەی ڕێگەوبان جێبەجێ کراون. بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، دەڵێت: ١٢٩٥ کیلۆمەتر ڕێگەوبانی تازە خراوەتە خزمەت ھاووڵاتییان.

تونێلەکان ڕێگەیەکی دووریان بۆ ھاووڵاتییان نزیککردووەتەوە، تونێلی پیرمام بەبڕی سەد و شەست و نۆ ملیار دینار جێبەجێ کراوە و درێژی تونێلەکە دوو کیلۆمەتر و نیو دەبێت، کورتکردنەوەی ڕێگەکە بە درێژایی چوار کیلۆمەتر بۆ ماوەی پازدە خوولەک، سێزدە کیلۆمەتر کورتکردنەوەی ڕێگەی ناوەندی ھەولێرە بۆ شەقڵاوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو تونێلە کار ئاسانی زۆری بۆ ھاووڵاتییان کردووە، بەگوتەی بەرپرسانی ھاتوچۆ، ئەو تونێلە ھۆکار بووە بۆ ئەوەی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ بەڕێژەیەکی زۆر کەم ببنەوە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن تەنیا لە ساڵی ڕابردوو بەگوژمەی زیاتر لە شازدە ملیار دینار سەد و سی و یەک پڕۆژەی ڕێگەوبانی جێبەجێ کردووە، کە دەکاتە چوار سەد و شەست و پێنج کیلۆمەتر ڕێگەوبانی تەواو کردووە و خستووەتە خزمەت ھاووڵاتییانەوە.
١٤٠ پرۆژەی ڕێگەوبان لە ٤ ساڵدا
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوار ساڵی ڕابردوودا چوار سەد و چل پڕۆژەی ڕێگەوبانی جێبەجێ کردووە، پڕۆژەکانیش پێک دێن لە دروستکردنی ڕێگە و بەرزەپردی سووڕانەوەی ئۆتۆمبێل و ئاو و ئاوەڕۆ و ڕاکێشانی ڕێگە بۆ گوندەکان و چاککردنەوەی ڕێگەکان بە بودجەی تەرخانکراو کە زیاتر لە نۆ سەد و نۆ ملیار دینارە، ئێستاش پڕۆژەکانی ڕێگەوبان بەردەوام لە شار و شارۆچکەکان جێبەجێ دەکرێن. ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردن، لەژێر ڕێنمایی و فەرمایشتەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم کار دەکەین، حکوومەتی ھەرێم کار دەکات بۆ گەشەپێکردن و بەھێزکردنی تۆڕی ڕێگەوبانەکان بۆ ئاسانکاری ھاتووچۆکردنی ھاووڵاتییان و کاڵا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەبواری ڕێگەوبان بەرفراوانی کاری کردووە، وێرای کۆمەڵێک ئاستەنگ، لەوانە کەمی خەرجکردنی پارە و نەبوونی داھات و ئەو کێشانەی کە لەلایەن حکوومەتی ناوەندی لەڕووی داراییەوە بۆ حکوومەتی ھەرێم دروستی کردووە، بەڵام وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە توانیویەتی لە پێنج ساڵی ڕابردوودا چوار سەد و چل پڕۆژەی جۆراوجۆری ڕێگەوبان جێبەجێ بکات، بودجەی گشتی ئەو پڕۆژانەش نۆسەد و دوازدە ملیار و سەد و سی و دوو ملیۆن دینار بووە، ھەزار و دوو سەد و نەوەد و پێنج کیلۆمەتر ڕێگەوبانی تازە خراوەتە خزمەت ھاووڵاتییان، ئەو پڕۆژانەش لەسەر سێ بودجەی جیاواز جێبەجێ کراون، لەسەر بودجەی وەبەرھێنان ڕێگەوبانی گەورە لەوانە دووساید و تونێل و پردی گەورە دروست کراون، ئەوانەش شەست و پێنج پڕۆژەنە و بەگوژمەی ھەشت سەد و ھەشتا و سێ ملیار دینار بووە، لەسەر بودجەی ئاسایی سەد و ھەشتا و چوار پڕۆژەی مامناوەند و بچووک وەکو ڕێگەی گوندەکان و چاککردنەوەی ڕێگەوبانەکان لە خۆ دەگرێت حەڤدە ملیار و سەد و چل و نۆ ملیۆن دینار بودجەی گشتییان بووە.

ھەواڵی زیاتر