پێشکەوتنی کەرتی پیشەسازی لەهەرێمی کوردستان

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو چەند ساڵەی ڕابردوو و لەئێستاشدا گرینگییەکی زۆری بە کەرتی پیشەسازی داوە و ئەو کەرتە لەگەشەسەندنی بەردەوام دایە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کردستان زۆر بەگرینگییەوە سەیری کەرتی پیشەسازی و هەموو کەرتە جۆراوجۆرەکان دەکات. پیشەسازی جۆراوجۆر هەیە کە حکومەتی هەرێم گرینگی پێداوە بەپێی جیاوازی چالاکی پیشەسازی و دامەزراوەکانی، هەندێکیان دەستییە و هەندێک بە ئامێر دەکرێت. هەندێکیان خەڵکی بەڕێوەی دەبات یان شەریکە یاخود میری سەرپەرشتیاری دەکات. هەندێکیان پێویستی بە کرێکاری زۆر هەیە و هەندێکی تریشیان ژمارەیەکی کەمی پێویستە، هەشیانە پێویستی بە شارەزایی و کاراماییەکی زۆر هەیە و هەشیانە پێویستی بەوە نییە، لەگەڵ گەشەسەندنی ئەو کەرتە هەلی کاری زۆریش ڕەخساوە.

ڕەنج عەلی پسپۆڕی بواری پیشەسازی، دەربارەی ئەو کەرتە بە “ڕۆژنامەی هەولێر”ی ڕاگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگای کەرتی تایبەت و ناوخۆوە پیشەسازی لەسەر بنەڕەتی سروشتی بەرهەمداری کردووە بە سێ چەشنەوە، پیشەسازی دەرهێنان مانای گشت چالاکییەکانی بەرهەمدارییە کە بایەخ دەدات بە دەرهێنانی کەرەستەی خاو و کەرەستەی سووتەمەنی وەکو دەرهێنانی خەڵووز و گشت کەرەستە کانزاییەکان، هەروەها دەرهێنانی نەوتی خاو و دار، واتە بڕین ئەو چالاکیانەی پەیوەندی هەیە بە دەستهێنانی کەرەستەی خاو بە شێوەیەکی خۆڕسکی. پیشەسازی ئامادەکردن ئەو کردارەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرینگی زۆری پێداوە کە لەگەڵ کەرەستە خاوەکەدا دەکرێت وەکو قۆناغێکی ئامادەکردن پێش گۆڕینی بۆ کەلوپەل یان شتومەکی دروستکراو. لەوانەش ئەو کردارانەی شێوە و ڕواڵەتی ئەو ماددانە بگۆڕێت، بۆ نموونە پێستە خۆشکردن، هاڕینی دانەوێڵە، بڕین و پارچە پارچە کردنی دار، داگرتنەوە و پەستانەوەی خورما، یان خەستکردنەوەی خاوەکان، واتە زۆرکردنی ڕێژەی فلزەکان لە خاوەکاندا دوای پاک کردنەوەیان لە خڵتە وەک خەستکردنی مس. پیشەسازی گۆڕانکاری، ئەویش گرینگی خۆی پێدراوە، ئەو پیشەسازیانەیە کە شێوەی خاوەکان دەگۆڕێت کانزا یان بێت یان کشتوکاڵی یان ڕووەکی یاخود هی ئاژەڵ بێت. لە بارە ڕەسەنەکەیەوە بۆ بارێکی نوێ کە پێویستی مرۆڤ دابین بکات، وەک گۆڕینی خوری خاو بۆ چنراو، وە گۆڕینی ئاسن بۆ چەند ئامێر و مەکینەیەک. پیشەسازی گۆڕانکاری خۆی بریتییە لە چەند شێوەیەکی کرداری بەرهەمداری. کرداری بەرهەمداری هەیە تەنیا شێوەی خاوەکە دەگۆڕێت یاخود کەرەستە سەرەتاییەکە، وە گۆڕینی لۆکەی خاو بۆ چنراوێک لە لۆکە بێت، هەروەها بەرهەمداریش هەیە بەندە بە ئامێری کشتوکاڵ و تەلەفزیۆن و بەفرگر. دەشتوانین ئەو چالاکییە تایبەتییەی بخەینە سەر کە هەیە بۆ چاککردنی شتومەکی دروستکراو، هەندێک لە لێکۆڵەران سوورن لەسەر ئەوەی چەمکی پیشەسازی تەنیا پیشەسازی گۆڕانکاری ناگرێتەوە، ئەمەش کەمکردنەوەی بوارەکەیەتی. ئەم دابەش کردنەش لە هەموو دابەشکردنەکانی تر فراوانترە و هەموو چەشنەکانی چالاکی پیشەسازی دەگرێتەوە.
ڕەنج عەلی، باسی شێوە گشتیەکەی کەرتی پیشەسازی دەکات و دەڵێ: دابەشکردنی پیشەسازی لەسەر بنەڕەتی موڵکایەتی وەکو، کەرتی گشتی، کەرتی تایبەت، کەرتی تێکەڵ،
کەرتی بیانی، پیشەسازی لەسەر بنەڕەتی چۆنیەتی بەرهەمە پیشەسازییەکە وەکو، پیشەسازی بنەڕەتی، کە حکومەتی هەرێم گرینگی زۆری پێداوە وەکو پیشەسازی ئاسن و پۆڵا و پیشەسازی دروستکردنی ووزەی کارەبا، پاڵاوتنی نەوت، ترشی گۆگرد، چیمەنتۆ. پشەسازی بەکاربردن، ئەو پیشەسازییەی شمەکی بەکاربردن بەرهەم دێنێت بۆ بەکارهێنانی مرۆڤ. وەک پیشەسازی کەلوپەلی ناوماڵ و پێڵاو و جلوبەرگی ئامادەکراو. پیشەسازی لەسەر بنەڕەتی قەبارەی سەرمایە و جۆری بەرهەمهێنان وەکو، پیشەسازی قورس، پیشەسازی سوک، ئەم دابەش کردنە تەنیا پیشەسازی گۆڕانکاری دەگرێتەوە. پیشەسازی قورس بنەڕەتێکە کە پێشکەوتنی بوارەکانی تری ئابووری پشتی پێ دەبەستێت، وەک پیشەسازی ئاسن و پۆڵا و پیشەسازی دروستکردنی مەکینە. هەندێک لە لێکۆڵەران پەنجە بۆ ئەوە ڕادەکێشن کە پیشەسازی قورس ئەو پیشەسازییەیە کە ئامێر و مەکینەی مەزن بەرهەم دێنن و بڕێکی گەورە کەرەستەی سەرەتایی بەکاردەبات، وە پێویستیشی بە سەرمایەیەکی مەزن هەیە، وەک پیشەسازییە بنەڕەتییەکان وایە، بەڵام پیشەسازی سووک ئەوەیە کە پێویستی بە بڕێکی کەم هەیە لە کەرەستەی سەرەتایی و سەرمایەیەکی کەم لە چاو خۆیدا. ئەو شمەکەی بەرهەمی دێنێت کێشی سووکە و بۆ دابینکردنی پێویستی تاکە کەسێک بەکاردێت وەکو پیشەسازی جل و بەرگ و چنراو و جگەرە، بەمەش لە پیشەسازی بەکاربردن دەچێت.
ئەو شارەزایە باس لە دابەشکردنەکانی تری پیشەسازی دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرینگی پێداوە و دەڵێ: دابەشکردنێکی تری پیشەسازی لەسەر بنەڕەتی سەرچاوە و کەرەستەی سەرەتایی وەکو، ئەو پیشەسازیەی پشت دەبەستێت بە کەرەستەی کشتوکاڵی. ئەو پیشەسازیەی کە پشت دەبەستێت بە کەرەستەی سەرەتایی ئاژەڵ. ئەو پیشەسازیەی پشت دەبەستێت بە کەرەستەی ڕووەکی خۆڕسک. ئەو پیشەسازیەی پشت دەبەستێت بە کەرەستەی سەرەتایی کانزا. ئەو پیشەسازیەی پشت دەبەستێت بە کەرەستەی دروستکراو. پیشەسازیش لەسەر بنەڕەتی ئەو هۆیانەی کار دەکەنە جێگیربوونی، پیشەسازی ئاڕاستەکراو بەرەو کەرەستە سەرەتاییەکان وەک پیشەسازی شەکر و خستنە ناو قوتوو. پیشەسازی ئاڕاستە کراو بەرەو بازاڕ وەکو پیشەسازی مۆبیلیات و جل و بەرگی ئامادەکراو. پیشەسازی ئاڕاستەکراو بەرەو کارگەران وەکو پیشەسازی چنین و سەعات دروستکردن. پیشەسازی ئاڕاستەکراو بەرەو سووتەمەنی و سەرچاوەی وزە وەک پیشەسازی ئەلەمنیۆم. پیشەسازی ئاڕاستە کراو بەرەو ڕێگەی گواستنەوە و هاتووچۆ وەک پیشەسازی گشتی. پیشەسازیش لەسەر بنەڕەتی قەبارەی دامەزراوە پیشەسازییەکان یاخود لەسەر بنەڕەتی جۆری بەرهەمە پیشەسازییەکان دابەش دەکرێت، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵ بەساڵ لە کەرتی پیشەسازی هەنگاوی زۆر جددی و بەرەوپێشچوون دەنێت بۆ ئەوەی سوود بەهەموو خەڵکی کوردستان بگەیەنێت.

ھەواڵی زیاتر