کۆمەڵگەی گەشتیاری لەسەر بەنداوی گۆمەپسان دروست دەکرێت

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

بەنداوی گۆمەسپان سەرەڕای مەبەستە تایبەتەکەی بۆ گلدانەوەی ئاو ئێستاکە وەک شوێنێکی گەشتیاری دەردەکەوێت و خەڵکی لە ناوچە جیاوازەکانەوە بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ هاوڕێ و دۆستانیان ڕووی تێ دەکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا کە بەنداوەکە هێشتا کارەکانی بە یەکجاری تەواو نەبووە و بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواو بکرێت، بەڵام کارییگەرییەکی زۆری هەبووە لەسەر زیادکردنی ڕێژەی گەشتیاران لە ناوچەکەدا چونکە جگە لەو گەشتیارانەی کە بەتایبەت بۆ سەردانی بەنداوەکە دێن زۆرێکیان ڕێبوارن و لەسەر ڕێگەکە لا دەدەن بۆ بینینی دیمەنی جوانی ناوچەکە.
لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا گرنگییەکی زۆر بە کەرتی گەشتوگوزار دراوە و چەندین پڕۆژەی گەشتیاری دروستکراون.
ئێستاکەش گەشتوگوزاری هەولێر کار بۆ ئەوەدەکات بەنداوی گۆمەسپان بکاتە شوێنێکی گەشتیاری و بۆ ئەو مەبەستەش دەستی بە ئامادەکاری کردووە.
دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەولێر گوتی: “چەندین پرۆژەی وەک هۆتێل و چێشتخانە و پرۆژەی گەورەتر پێشکەش کراون، چاوەڕێین سنووری بەنداوی گۆمەسپان دیاری بکرێت، دوای ئەوە کۆمەڵگەی گەشتیاری لەسەر بنیاد دەنێین”. وتیشی ” بۆ قبووڵکردنی هەر پرۆژەیەکی گەشتیاری کە وەبەرهێنەر پێشکەشی دەکات، کۆمەڵێک مەرج و ڕێنمایی لەلایەن گەشتوگوزاری هەولێرەوە بۆ دادەنرێت، بۆ ئەوەی لە ئاستی خواستی خەڵکی بێت و هەلی کاری زۆر بڕەخسێنێت”.
جێی باسە بەنداوی گۆمەسپان یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییە گرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ گلدانەوەی ئاو و گەشتیاری و گۆرینی كەشوهەوای ناوچەکە. ئەم بەنداوە گەورەترین بەنداوی هەولێر و سێیەم گەورەترین بە نداوی هە رێمی کوردستانە لە پاش بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، بە دووری ٣٥ کم دەکەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێرەوە. تێچووی دروستکردنەکەی ٩٥ملیار دینارە و زۆرینەی کارەکانی تەواو بووە و بەرزی بەنداوەکە ٧٠مەترە و درێژیەکەی ٥١٢مەترە و نزیکەی ٤٠٠مەتر بەرزە لە ئاستی ڕووی هەولێر. زیاتر لە ٦ملێۆن ڕووبەرەکەیەتی و تونای گلدانەوەی ١١٥ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و لە توانایدایە زیاتر لە ١٦هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەراو بکات و بە تەواو بوونی ئەم بەنداوە کاریگەری زۆری دەبێت لە سەر پاراستنی سامانی ئاو و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و گۆڕینی کەشوهەوای ناوچەکە و جووڵاندنی کەرتی گەشتوگوزار و هاوکات سوودێکی باشیشی بۆ سامانی ماسی هەیە.

ھەواڵی زیاتر