محەممەد کەمال بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا داوای دواخستنی پرۆسەی سەرژمێری کرد بۆ دوای جێبەجێکردنی ماددەی 140 کرد و داواشی لە ئاوارەکانی شارەکە کرد کە لە هەولێر و سلێمانی نیشتەجێن، بگەڕێنەوە کەرکووک و بۆ ئەوەی لە قۆناغەکانی گەمارۆ و ژماردن خۆیان تۆمار بکەن.
گوتیشی: دەبوایە پەلە نەکرێت و دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە ئەوسا پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لەم پارێزگایە بکرایە، هەربۆیە داوا دەکەین ئەم پرۆسەیە دوا بخرێت و پەلە لە جێبەجێ کردنی نەکرێت، چونکە ماددەی 140 جێبەجێ نەکراوە.
ڕاشیگەیاند، هاووڵاتییانی ئاوارەی کەرکووک ئەگەر نەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هەموو مافەکانیان لە هاوکارییەکانی پێدانی خۆراک لە لایەن بریکارەوە لەگەڵ بەشە نەوت و هەموو هاوکارییەکانی دیکەیان دەبڕدرێت و لە هەموو ماف و هاوکارییەکان بێبەش دەکرێن، هەربحیە داوا دەکەین هەموو ئاوارەکانی کەرکووک لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک ئاماژەی دا، بە گوێرەی ڕێکار و ڕینماییەکانی سەرژمێری گشتیی لە خانوویەکدا دەرفەت هەیە سێ خێزان خۆیان تۆمار و ناونووس بکەن، گوتیشی: هاووڵاتییانی ئاوارە دەتوانن بگەڕێنەوە و لە ماڵە خزمەکانیان خۆیان تۆمار بکەن.
هەروا دەربارەی پرۆسەی تەعریب، ڕایگەیاند: گوندی زەرتک تاوەکوو ساڵی 1988 کە خاپوور کرا یەک ماڵە عەرەبی تێدا نەبوو، بەڵام ئێستا لە قۆناغی گەمارۆ و ژمارە لێدانی پرۆسەی سەرژمێری نزیکەی 28 ماڵە عەرەب و هەشت ماڵی کوردی تێدا تۆمارکراوە، لە کاتێکدا زیاتر لە 250 خێزانی ڕەسەنی خەڵکی ئەو گوندە لە ناوچەکانی کوردستان پەرشوبڵاو بوونە و خەڵکی عەرەب لە جێگەی ئەوان تۆمارکراون، ئەمەش مەترسییەکانی سەرژمێری گشتییە.
محەمەد کەمال بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک گوتیشی: داواکارین لە هاووڵاتییان بەر لە 5ی تشرینی یەکەم هاووڵاتییان بگەڕێنەوە کەرکووک و زێدی خۆیان و لە یەکێک لە ماڵی خزم و ناسیاوەکانیان خۆیان تۆمار بکەن، هەروا چەند ڕۆژێکیش بەر لە 20ی تشرینی دوومی ئەم ساڵە، لەو ماڵانە ئامادە ببنەوە بۆ ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ نەبێتە ڕێگر و لە سەرژمێرییەکە بەشداربن و تۆمار بکرێن.