یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی هۆڵەندا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 9/23، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جانێت ئەلبێردا، باڵیۆزی نوێی شانشینی هۆڵەندا لە عێراق کرد.

سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی، هەموو پشتیوانییەکی بۆ باڵیۆز دەربڕی، لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوو لایەنە. هەروەها سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی هۆڵەندای کرد، بەتایبەتی لە پشتگیریکردنی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە هەمەجۆرکردنی ئابووری و برەودان بە کەرتی کشتوکاڵ و کارکردن بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک.
باڵیۆزی هۆڵەندا ستایشی پێشکەوتن و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی کرد، بە تایبەت لە بواری بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و چاکسازیکردن لە کەرتی بانکی.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان، جەختکردنەوە بوو لە گرنگیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دۆخێکی ئارام و دادپەروەرانە و دوور لە پێشێلکاری و ساختەکاری. هەردوولا هاوڕا بوون لە سەر پێويستیی چاودێرێکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن چاودێرانی نێودەوڵەتییەوە.